رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجەمی یارییەکانی پاڵەوانێتیی ویمبڵدنە لە شاری لەندەن، یارییەکی بەهێز و دوو ناوی گەورە لەسەر چیمەنی سێنتەر کۆرت بەیەکدەگەن.
نۆڤاک جۆکۆڤیچ، رووبەڕووی ستانیسلاس ڤاڤرینکای سویسری بووەوە، وەک پێشبینیکراوبوو، جۆکۆ زۆر باشتر دەرکەوت، دوو کۆمەڵەی سەرەتای بە خێرایی تەواوکرد و ئینجا سێیەمیشی بەدوایدا ریزکرد.
جۆکۆ بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی و گەیشتن بە 24 گراند سلام، هەروەها بردنەوەی هەشتەم نازناوی ویمبڵدن رکابەری دەکات و بەربژێری یەکەمی نازناوەکەیە.
ئەمە بردنەوەی 23ـی لەسەریەک بوو بۆ جۆکۆ لە قۆناخی سێیەمی پاڵەوانێتیەکەدا.
دووەم بەربژێری نازناوەکە، کارلۆس ئالکارازی ئیسپانی لە یارییەکی تاک لایەنەدا رووبەڕووی ئالێکساندەر مولەری فەرەنسی بووەوە و یارییەکەی بە ئەنجامی سێ کۆمەڵەی بێ بەرامبەر، شەش سێ، حەوت شەش و شەش چوار لێبردەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئاندی مورای بەریتانی و شانازیی سکۆتلەندییەکان جارێکی دیکە هەوادارانی بێهیوا کرد، دوای ئەوەی بە ستیفانۆس تسیتسیپاسی یۆنانی دۆڕا.
هەرچەندە سەرەتا مورای بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک پێشکەوت، کەچی تووشی ریمۆنتادا بوو، دوو کۆمەڵەی لەسەریەک دۆڕاند.
ئەنجامی کۆمەڵەکان، چوار شەش، شەش حەوت، شەش چوار، حەوت شەش و حەوت شەش بوون.
لە یارییەکی دیکەی قۆناخی سێیەمدا، کامیرۆن نوریی بەریتانیش بە دەردەدەکەی مورای چوو، دوای ئەوەی بە کریسۆفەر ئیبانکس دۆڕا بە ئەنجامی سێ بە یەک.
دوای ئەم یارییەش سینەری ئیتاڵی رووبەڕووی کۆنتین هالیسی فەرەنسی بووەوە و بە ئەنجامی سێ بە یەک لێی بردەوە.
پۆلینکراوی سێیەمی جیهان، دانیل مێدڤێدێڤی رووسی رووبەڕووی ئادریان مانارینۆی فەرەنسی بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی سێ کۆمەڵەی بێ بەرامبەر لێبردەوە و گەیشتە قۆناخی دواتر.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیش ڤیکتۆریا ئازارینکای بێلارووسی شکستی بە داریا کاساکینای پۆلینکراوی یانزەیەمی پاڵەوانێتییەکە هێنا و بە دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر لێی بردەوە.
پۆلینکراوی دووەمی جیهان، ئارینا سابالێنکای بێلارووسی دوای ئەوەی کۆمەڵەی یەکەمی دۆڕاند، بەڵام دوو کۆمەڵەی دیکەی لە گراچیڤا ڤارڤارای فەرەنسی بردەوە و گەیشتە قۆناخی سێیەم.
سابا لەو قۆناخە بەرامبەر بە ئانا پلیکۆڤا یاری دەکات.
لە کۆتاییشدا پۆلینکراوی یەکەمی جیهان، ئیگا شڤیۆنتیکی پۆڵەندا لە یارییەکی تاڕادەیەک ئاساندا شکستی بە پێترا مارتیچی کرواتی هێنا و بە ئەنجامی شەش دوو وە حەوت پێنبج یارییەکەی لێبردەوە.
یاریی داهاتوو شڤیۆنتیک لە بەرامبەر بێلیندا بێنیچیچ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ