رووداو هەولێر
هەریەک لە تیپەکانی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ کونسوڵخانەی ئوردن گەیشتنە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی دیپلۆماتیک و ئەمڕۆ کاژێر 19:00 لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
پاڵەوانێتیی دیپلۆماتیک یەکەمجارە بە دەستپێشخەریی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە وەشانی یەکەمدا 26 نوێنەرایەتی وڵاتان و کونسوڵخانە بەشداربوون و یارییەکان لەنێو یاریگەی کولیژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەدەچن.
لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕیندا ململانێیەکی بەهێز لەنێوان تیپەکان بیندرا، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ کونسوڵخانەی ئێران یاریکرد، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و توانی بەبردنەوەی یارییەکە بە ئەنجامی 8 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکە بباتەوە، بەمشێوەیە وەک یەکەم تیپ بلیتی یاریی کۆتایی کێبرکێکەی بڕی.
فرانسیسک ریڤیولتو، بەرپرسی نووسینگە و هەمانگاری ئاسایش لە یۆنامی لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "زۆر خۆشحاڵین و دەمەوێت سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین، تاوەکو ئێستا باش هاتووین و زۆریش خۆشحاڵبووم کە چوارگۆشەی زێڕینمان تێپەڕاند، گرنگ نییە کێ بردییەوە، گرنگ ئەوەیە یارییەكی باشمان ئەنجامدا".
یارییەکی دیکەی هەمان قۆناخ بە یەکگەیشتنی کونسوڵخانەی ئوردن و کونسوڵخانەی ئەمریکا بوو، ئەم یارییە پڕ لە جۆش و خرۆشی هاندەران بوو، رەوەندی هەر دوو وڵات لە هەولێر بەگڕوتینێکی زۆر ئامادەی یارییەکە بوون و هاندەرێکی گەورەی تیپەکانیان بوون، یاریزانانی کونسوڵخانەی ئوردن توانیان یارییەکە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام ببەنەوە و بلیتی دووەمی گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی دیپلۆماتیک ببڕن.
پامێلا هاک، جێگری سەرۆکی کونسوڵخانەی ئەمریکا، بۆ رووداو گوتی "بێگومان پێشبینیی ئەو ئەنجامەمان نەدەکرد، یارییەکی پڕ لە گیانی وەرزشی بوو، هەموو توانایەکی خۆمان خستەگەڕ، ئوردن 1-0 لێی بردینەوە، بە گیانێکی وەرزشیی بەرزەوە یارییان دەکرد، جارێکی دیکە لێیان دەبەینەوە، دەبێت ساڵی داهاتوو ئەوە دووبارە بکەینەوە، ئەگەر بڕیارە بە تیپێک بدۆڕێین، ئەوە دەبێت ئوردن بێت، چونکە کەس لەوان باشتر نییە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین".
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پاڵەوانێتییەی بەمەبەستی دروستکردنی کەشێکی دۆستایەتی لەنێوان دیپلۆماتکاران لە چوارچێوەی وەرزش دا رێکخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ