مێژووی سەرهەڵدانی پاڵەوانیەتیی جامی جیهان

08-06-2014
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
رووداو
رووداو
نیشانەکردن مۆندیال
A+ A-

بیرۆكەی سازدانی مۆندیال لە یەكەم كۆبوونەوەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) لە ساڵی 1904بۆ یەكەمجار خرایەڕوو، ئەوكات نوێنەری تەنیا 7 وڵات ئامادەبوون، ئەوانیش سویسرا، بەلجیكا، دانیمارك، فەڕەنسا، هۆڵەندا، ئیسپانیا و سوێد بوون.

فیفا بیرۆكەكەی وەرگرت، بەڵام بڕیاری سازدانی مۆندیال كاتێكی زۆری ویست بۆ ئەوەی رێككەوتنی لەسەربكرێت، رێگری و بەربەستیشی هەبوو، لەوانە لیژنەی ئۆڵمپیی نێودەوڵەتی دەترسا مۆندیال كاریگەریی بۆ سەر خولی یارییەكانی ئۆڵمپی هەبێت و تۆپی پێ ببێتە یاریی ژمارە 1ی جەماوەری لە دنیادا.

لە 1921 جارێكی دیكە بیرۆكەی سازدانی مۆندیال لەسەر دەستی پارێزەری فەڕەنسی ژۆل ریمێی سەریهەڵدایەوە، كە دواتر بووە سەرۆكی فیفا.

ئەو پیاوە فەڕەنسییە هەوڵی زۆری دا و كاری زۆری كرد بۆ ئەوەی پاڵەوانیەتیی مۆندیال ئەنجامبدرێت، حەوت ساڵیش دوای بوونی بە سەرۆكی فیفا، رەزامەندی درا مۆندیال ئەنجامبدرێت و لە كۆبوونەوەی 25ی ئایاری 1928 بڕیاردرا مۆندیال ئەنجامبدرێت و جامەكەش ناونرا جامی سەركەوتن، یان جامی ژۆڵ ریمیێ

ئۆرۆگوای كە تیپی تۆپی پێی پاڵەوانی دوو خولی وەرزشیی ئۆڵمپیاد بوو، داواكاری پێشكەشكرد بۆ میوانداریكردنی یەكەم مۆندیال، ئاسانكاری زۆریشی بۆ تیپە بەشداربووەكان دابینكرد و فیفاش خەرجیی تیپەكانی لە هاتووچۆدا لە ئەستۆگرت.

فیفا بڕیاریدا یەكەم مۆندیال لە ئۆروگوای ئەنجامبدرێت، كە هاوكات بوو لەگەڵ یادی سەدساڵەی سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا.

ئەمە دوو ساڵ پێش دەستپێكردنی مۆندیالی یەكەم بوو، كە مەرجی ئەوەش دانرا خەڵاتی شایستە بۆ تیپی سەركەوتوو دابین بكرێت.

ئێستاش دوای 84 ساڵ، مۆندیال بەردەوامە و هەموو چوار ساڵێك ئەنجام دەدرێت، تەنیا لە ساڵانی 1942 و 1946 ئەنجامنەدرا، ئەمەش بەهۆی بەرپابوونی جەنگی دووەمی جیهانەوە بوو.

مۆندیال بە پێی پێشكەوتنی زەمەن، ژمارەی تیپە بەشداربووەكانی زیادبووە، سەرەتا بە 7 تیپ و دواتر كراوە بە 13 و ئینجا ماوەیەك 16 تیپ، دواتریش كرایە 24 تیپ، بەڵام لە مۆندیالی 1998دا كرایە 32 تیپ و ئێستاش هەر بەو شێوازە بەڕێوەدەچێت.

مۆندیال دەیان وێستگەی گرینگ و سەدان رووداوی سەرنجڕاكێش و چركەساتی مێژوویی و هەروەها بە دەیان یادەوەری خۆش و ناخۆش، فرمێسك و پێكەنینی تێدایە. 

پەڕاو و تۆمارەكانی مۆندیال ناوی دەیان ئەستێرەی بە شكۆداری و نەمری تێدا تۆماركراوە.

مۆندیال بەردەوامە و رەنگە تا ژیان و تۆپی پێش بەردەوام بێت، مۆندیالیش بوونی هەبێت و دەیان وێستگەی دیكەش لە مۆندیالدا چاوەڕێی تۆمارەكانی مێژوو دەكەن، بۆ ئەوەی تۆمار بكرێن و بۆ نەوەكانی داهاتوو بنووسرێنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە