چێڵسی لە بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ نزیك دەبێتەوە

08-04-2017
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن چێڵسی
A+ A-

رووداو -سلێمانى 

یانەی چێڵسی تادێت لە بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ نزیک دەبێتەوە ئەمجارەش لە یانەی بۆرنمۆسی بردەوە.

چێڵسی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا یاریکرد و ئەنجامەکەشی بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سوودی خۆی کۆتاییپێهێنا.

لە خولەکی 17 ئادەم سمیس بە هەڵە گۆڵێکی لە تۆڕی بۆرنمۆس تۆمارکرد، دوای سێ خولەک هازارد گۆڵی دووەمیشی بۆ بلوز تۆمارکرد، پێش کۆتاییهاتنی ئەم گێمەش بە سێ خولەک جۆشوا کینگ گۆڵەکەی بۆرنمۆسی تۆمارکرد.

لە گێمی دووەمیشدا و لە خولەکی 68 مارکۆس ئالۆنسۆ گۆڵی سێیەم و کۆتایی یارییەکەی تۆمارکرد.

لە یارییەکی دیکەدا، یانەی تۆتێنهام بە بردنەوەیەکی گەورە لە یانەی واتفۆرد پێگەی خۆی لە پلەی دووەمی پرێمەرلیگدا قایمترکرد.

لە خولەکی 33 دێلی ئالی بە لێدانێکی جوان گۆڵی یەکەمی تۆتێنهامی تۆمارکرد، دوای شەش خولەک، ئێریک دایەر ئەنجامەکەی بۆ دوو گۆڵ زیادکرد، پێش کۆتاییهاتنی ئەم گێمەش سون هیونگ مین گۆڵی سێیەمیشی تۆمارکرد.

لە گێمی دووەمیشدا هیونگ مین جارێکی دیکە گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکە بەم ئەنجامە کۆتاییهات.

دوای ئەم بردنەوەیەش تۆتێنهام خاڵەکانی کردە 68 خاڵ و لە پلەی دووەمدا مایەوە، واتفۆردیش بە 37 خاڵ لە پلەی دەیەمە.

لەلایەن خۆیەوە یانەی لیڤەرپوول لە پلەی سێیەمدایه‌ دوای بردنەوەیەکی زەحمەت لە یانەی ستۆک سیتی.

ستۆک لە یاریگای خۆیدا پێشوازی لە لیڤەر کرد و یارییەکەی بە گۆڵێك بەرامبەر بە دوو گۆڵ پێدۆڕاند.

لە خولەکی 44 جۆناسان واڵتەرز یانەی خاوەن یاریگای کردە خاوەن گۆڵێک.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 70 فیلیپ کۆتینهۆ ئەنجامەکەی بە رێدز راستکردەوە، دوای دوو خولەکیش رۆبێرتۆ فێرمینهۆ گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ لیڤەرپوول تۆمارکرد و سێ خاڵی زەحمەتیان بەدەستهێنا.


یانەی مانچێستەر سیتیش درێژەیدایە رکابەرییەکان و لەم هەفتەیەشدا بردنەوەی بەسەر یانەی هال سیتیدا بەدەستهێنا.

لە ئیتیحاد سادیۆم هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سوودی سیتیزن کۆتاییهات.

لە خولەکی 31 ئەحمەد محەممەدی بە هەڵە گۆڵێکی لە تۆڕی هال تۆمارکرد، لە خولەکی 48شدا ئاگوێرۆ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، دواتر فابیان دێلف لە خولەکی 64دا گۆڵی سێیەمیشی تۆمارکرد، پێنج خولەکیش پێش کۆتاییهاتنی یارییەکەش رانۆکیا تاکە گۆڵەکەی یانەی خاوەن یاریگای تۆمارکرد.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە