رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کلیلی زێڕینی قەڵخانی جامی جیهانی یانەکانی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کرد، لە کاتی نمایشکردنی دیزاینی نوێی پاڵەوانێتییەکە کە هاوینی داهاتوو لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
ترامپ و سەرۆکی فیفا پەردەیان لەسەر دیزاینی جامی جیهانی یانەکان لادا، کە پێکهاتووە لە قەڵخانی پاڵەوانێتییەکە کە کلیلێکی زێڕینی شایستەی لەسەرە و ترەمپ لە سەرۆکی فیفا وەریگرت.
کلیلی زێڕین کە ناوی "کلیلی جامی جیهانی یانەکان"ـە، تاوەکو 13ـی تەمموز کە وادەی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەیە، لای سەرۆکی ئەمریکا دەمێنێتەوە، کاتێک ترەمپ خۆی رادەستی کاپتنی ئەو تیپە دەکات کە نازناوەکە بەدەستدەهێنێت.
ئینفانتینۆ ئاشکرایکرد کە خۆشحاڵە بەوەی بەشێکی یارییەکانی مۆندیالی فیفای 2026ـیش لە ئەمریکا بەڕێوەدەچن و بەو بۆنەیەوە تۆپی فەرمی بۆ یاریی یەکەمی ئەو مۆندیالە بە ناوی سەرۆک ترەمپ کرد کە ناوێکی شانازییە بەو تۆپە دەدرێت.
سەرۆکی فیفا روونیکردەوە کە لەمۆندیالی 2026 سوپرایزێکیان دەبێت و لە پشووی نێوان دوو گێمی یاریی کۆتاییدا نمایشێک دەکەن.
جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا، لەو بارەیەوە گوتی "نمایشێکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ سیتیزن گڵۆباڵ لەنێوان دوو گێمی یاریی کۆتایی مۆندیالی فیفا لە نیویۆرک لە ویلایەتی نیوجرسی پێشکەشی دەکەین. ئەمە دەبێتە ساتێکی مێژوویی بۆ جامی جیهانی فیفا و نمایشێکی شایستەی گەورەترین رووداوی وەرزشی جیهان دەبێت".
لە دوو ساڵی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا میوانداریی دوو رووداوی گەورەی تۆپی پێی جیهان دەکات، کە فیفا سەرپەرشتی دەکات. دۆناڵد ترەمپ تیمێکی کارکردنی بۆ ئامادەکاری بۆ مۆندیالی 2026 دروستکرد و رایگەیاند کە خۆشحاڵە وڵاتەکەی میوانداریی دوو مۆندیال بکات، لە کاتێکدا بەهۆی لێدوانە مشتومڕهێنەرەکانی لەسەر مەکسیک و کەنەدا گرژی لە کیشوەرەکەدا دروستکردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەو بۆنەیەوە گوتی "خۆشحاڵم لەگەڵ فیفا کاردەکەم بۆ رێکخستنی دوو مۆندیال. گرژییەکانی ئێستا لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا دەبێتە هۆی ئەوەی پاڵەوانێتییەکە ورووژێنەرتر بێت. گرژی شتێکی باشە. لە کاتی بەڕێوەچوونی هەردوو پاڵەوانێتییەکەدا هەوڵدەدەم وەک تەماشاکەر بەشداری هەردوو رووداوەکە بم".
ئەو تیمی کارە، کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی فیدراڵی و پلاندانانی پاڵەوانێتییەکە کاردەکات و پێشبینی دەکرێت ملیۆنان گەشتیار بۆ ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیک رابکێشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ