جەیمس رۆدریگێز دەیەوێت بچێتە ئۆڵدترافۆرد

08-01-2017
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جەیمس رۆدریگێز، کۆڵۆمبیا، ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو - هەولێر

جەیمس رۆدریگێز، یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەیەوێت پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتد بکات لە گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا.

رۆژنامەی میرۆری بەریتانی رایگەیاندووە، رۆدریگێز دەیەوێت سوود لەو پشتگۆێ خستنەی لەلایەن زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدرید وەربگرێت و پەیوەندی بە ریزەکانی رێد دیڤڵزەوە بکات.

رۆدریگێز چەند دەستەوارەیەکی لەلایەن یانە گەورەکانی ئەوروپاوە بۆ ئامادەکردووە، هەردوو یانەی چێڵسی و پاریس سانجێرمانیش دەیانەوێت ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیان، بەڵام ئاد وودوردی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مان یونایتد دەیەوێت پێش ئەو دوو یانەیە کۆتایی بە هەموو شتێک بێنێت.



هەرچەند پێشتر لویس ڤانخال، کاتێک بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر یونایتد بوو زۆر هەوڵیدا ئەو یاریزانە بباتە ئۆڵدترافۆرد،بەڵام هەوڵەکانی شکستیان هێنا، ئێستاش کۆڵۆمبییە 25 ساڵەکە ئامانجی خۆسێ مۆرینهۆیە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، مانچێستەر یونایتد دەیەوێت دەستبەرداری هەریەکە لە مۆرگان شنایدەرلین، مەروان فیلاینی و مێمفیس دیپانی ببێت و رۆدریگێز بگوازێتەوە ریزەکانی.

لە کۆتاییدا رۆژنامەکە ئەوەی راگەیاندووە، تۆپەکە ئێستا لە یاریگەی مۆرینهۆدایە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە هەیە و دەیەوێت سوود لە پەیوەندییەکانی وەربگرێت بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی یانەکەی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە