كاردۆ ئاسۆ:حه‌زده‌كه‌م یاری بۆ یانه‌ی دالكورد بكه‌م

07-11-2017
هەرێز جەمال
نیشانەکردن كاردۆ ئاسۆ
A+ A-

هه‌ڤپه‌یڤین: كارزان كانه‌بی

كاردۆ ئاسۆ، یاریزانى یانه‌ى نۆربی بوروسى سوێدى، كه‌ له‌ خولى پله‌ یه‌كى سوپه‌رتان یاری ده‌كات، تایبه‌ت به‌ (رووداوى وه‌رزشی) راگه‌یاند "هه‌موو هه‌وڵێكم بۆ ئه‌وه‌یه‌ بتوانم له‌ ریزه‌كانی یانه‌یه‌كى به‌ناوبانگى ئه‌وروپا یاری بكه‌م، حه‌زیشم ده‌كرد یانه‌ى دالكورد داوام لێبكات بچمه‌ ریزه‌كانی".

زۆر له‌ یاریزانانی كوردی تاراوگه‌ به‌ توانا و لێهاتوویی خۆیان بوونه‌ته‌ جێگاى متمانه‌ى یانه‌كانى ئه‌وروپا، كه‌ زۆرترین ده‌ركه‌وتنیان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى ئه‌وروپا، هه‌ندێك له‌و یاریزانانه‌ هه‌وڵی زیاتر ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ یانه‌كانى به‌ناوبانگى ئه‌وروپا. یه‌كێك له‌و یاریزانانه‌ش كاردۆ ئاسۆى یاریزانى یانه‌ى نۆربی بوروسى سوێدییه‌، كه‌ له‌ ساڵى 1995 له‌ وڵاتى سوێد له‌دایكبووه‌و به‌ ره‌گه‌ز خه‌ڵكى شارى سلێمانییه‌.

كاردۆ ئاسۆ، تایبه‌ت به‌ (رووداوى وه‌رزشی) گوتی "ئێستا من گرێبه‌ستم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ى نۆربی بوروسى پله‌ یه‌كى سوێدى و له‌ خولى سوپه‌رتان یارى ده‌كه‌م، ئه‌و خوله‌ خولێكى گرنگ و به‌هێزه‌ له‌سه‌ر ئاستى سوێد، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم باشترین ئاست پێشكه‌ش بكه‌م، یارمه‌تی یانه‌كه‌شم بده‌م بچێته‌ خولی نایابی سوێدی و خۆشم له‌ رێگاى ئه‌و یانه‌یه‌وه‌ بگه‌ینمه‌ ریزه‌كانی یانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى ئه‌وروپا".

ئه‌و یاریزانه‌ كورده‌، له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ (رووداوی وه‌رزشی) گوتى "زۆرم حه‌ز ده‌كرد بۆ یانه‌ى داڵكورد یارى بكه‌م، چونكه‌ یانه‌یه‌كى به‌هێز و كوردییه‌، به‌ڵام ئه‌وان داواى منیان نه‌كردووه‌". هه‌روه‌ها گوتیشى "ته‌مه‌نى من ته‌نیا 22 ساڵه‌، هێشتا هه‌لى زۆرم له‌به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ى خۆم بگه‌ینمه‌ یانه‌یه‌كى گه‌وره‌ی یه‌كێك له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا".

 له‌باره‌ى یاریكردنیشى بۆ یانه‌یه‌كى كوردستان، كاردۆ گوتى "ئاماده‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان و خزمه‌ت به‌ وه‌رزشى كوردستان بكه‌م، به‌ڵام ئێستا بۆ من تا رادده‌یه‌ك قورسه‌، چونكه‌ من خه‌ریكى یاریكردنم له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌م". هه‌روه‌ها كاردۆ گوتیشى "هه‌ر رۆژێك بۆ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان بانگهێشت بكرێم، به‌و په‌ڕى شانازییه‌وه‌ یارى بۆ هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌م ده‌كه‌م، من شانازیى ده‌كه‌م كه‌ كوردم و هه‌موو لایه‌كیش ده‌زانن كه‌ من هه‌موو كاتێ شانازیم به‌ كوردبوونى خۆم كردووه‌، پێشووتریش له‌ ریزى لاوانى یانه‌ى ئیلفسبۆرگ یاریم كردووه‌".

یاریزانی ناوبراو، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێرى وه‌رزشى كوردستان ده‌كات و هیواداره‌ وه‌رزش له‌ وڵاته‌كه‌یدا زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت. ئه‌و له‌باره‌ى هه‌ڵبژارده‌ى عێراقیشه‌وه‌ گوتى "ئه‌وان چاودێریى منیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بانگهێشتم بكه‌ن بۆ ریزه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌فه‌رمى نه‌بووه‌".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە