یونس شوكر:بیری كه‌ركووك ده‌كه‌م

07-11-2017
هەرێز جەمال
نیشانەکردن یونس شوكر
A+ A-

تایبه‌ت به‌ رووداوی وه‌رزشی

یونس شوكر، یاریزانى پێشووى یانه‌ی گازى باكوور و ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر، به‌ (رووداوى وه‌رزشی) راگه‌یاند ده‌یه‌وێ ئه‌مساڵ له‌ هه‌ردوو خولى كوردستان و عێراق خزمه‌تى یانه‌ى هه‌ولێر بكات و گوتی "زۆر بیری كه‌ركووك ده‌كه‌م".

یونس شوكر، ئه‌مساڵ به‌ درێسى یانه‌یه‌كى به‌ناوبانگى عێراق و كوردستان ده‌بینرێ، ئه‌ویش یانه‌ى هه‌ولێره‌، كه‌ 6 ساڵ پێش ئێستا به‌ درێسى هه‌مان یانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌. یونس وه‌رزى رابردوو له‌گه‌ڵ یانه‌ى گازى باكوورى شارى كه‌ركووك رۆڵێكى گرنگى بینیوه‌ له‌ گه‌یاندنى یانه‌كه‌ بۆ خولى نایابى عێراق و مانه‌وه‌ى یانه‌كه‌ له‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان، به‌ڵام ئه‌مساڵ بڕیاریداوه‌ یاری بۆ هه‌ولێر بكات. ئه‌و به‌ (رووداوی وه‌رزشی) گوت "زۆر بیری كه‌ركووك ده‌كه‌م، به‌ڵام ئێستا شته‌كان گۆڕاون، ئیدی كه‌ركووك بۆ كورد وه‌ك پێشان نه‌ماوه‌".

له‌باره‌ى مۆركردنى گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یانه‌ى هه‌ولێر، یونس شوكر به‌ (رووداوى وه‌رزشى) گوت "گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ یانه‌ى هه‌ولێر بۆ ماوه‌ى یه‌ك وه‌رزه‌و له‌ هه‌ردوو خولى نایابى كوردستان و عێراق یارى بۆ یانه‌ى هه‌ولێر ده‌كه‌م". یاریزانی ناوبراو هه‌روه‌ها گوتیشى "وه‌رزى رابردوو گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ یانه‌ى گازى باكوور هه‌بوو، ئێستاش مۆڵه‌تى یاریكردنم له‌ خولى كوردستان لاى ئه‌وانه‌، به‌ڵام من بڕیارى خۆم داوه‌، چونكه‌ ئێستا ماڵم له‌ شارى هه‌ولێره‌، بۆ من یاریكردن له‌ یانه‌ى هه‌ولێر زۆر باشتره‌".

یونس ئاشكرایكرد كه‌ له‌نێو چه‌ندین گرێبه‌ستدا كه‌ بۆی هاتوون، گرێبه‌ستی یانه‌ی هه‌ولێری هه‌ڵبژاردووه‌و گوتى "له‌ یانه‌ى كۆفه‌ له‌ باشوورى عێراق و چه‌ند یانه‌یه‌كى شارى به‌غدادیش گرێبه‌ستم بۆ هاتبوو، به‌ڵام من له‌نێو هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌دا یانه‌ى هه‌ولێرم هه‌ڵبژارد، چونكه‌ ئێستا یانه‌ى هه‌ولێر یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ به‌هێزه‌كانى كوردستان و عێراق، خاوه‌ن پێكهاتیه‌كى به‌هێزه‌و ده‌توانم بڵێم كۆمه‌ڵێك له‌ به‌هێزترین یاریزانانى عێراق له‌م یانه‌یه‌ن". ئه‌و گوتیشی "پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزمان هه‌یه‌، ته‌نیا ئه‌گه‌ر بكرێ یه‌ك یان دوو یاریزانى پیشه‌گه‌ر بهێنین باشتر ده‌بێت، ئه‌گه‌رنا هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌".

یونس شوكر، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ هه‌موو هیواو ئاواتێكیان ئه‌وه‌یه‌ بتوانن ناوى یانه‌ى هه‌ولێر به‌گه‌وره‌یی بهێڵنه‌وه‌ "ده‌مانه‌وێ یانه‌ى هه‌ولێر له‌ ریزبه‌ندى یانه‌كان له‌ هێڵه‌كانى پێشه‌وه‌ بێت، هه‌رچه‌نده‌ گرفتى داراییمان هه‌یه‌، به‌ڵام یانه‌ى هه‌ولێر یانه‌یه‌كى ئاسان نابێت و ده‌توانێت كێبركێ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م یانه‌ گه‌وره‌كانى عێراق بكات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە