مێسی و نیمار به‌ پێشنیازێكی سوارێز رازی ده‌بن

07-08-2015
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-

رۆژنامه‌ى ماركاى ئیسپانى نهێنییه‌كى سێكوچكه‌ى یانه‌ى بارسێلۆنا، كه‌ به‌ MSN ناسراوه‌ ئاشكراده‌كات و ده‌ڵێت هه‌رسێكیان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ وه‌رزی نوێدا رێكۆردێكی خۆیان بشكێنن و ناوی خۆیان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ مێژوودا تۆماربكه‌ن.

به‌ گوێره‌ى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌، هه‌رسێ هێرشبه‌رى بارسێلۆنا، لیۆنێل مێسی ئه‌رجه‌نتینی، نیمار دا سیلڤای به‌رازیلی و لویس سوارێزی ئۆرۆگوایی، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ى مێسی و نیمار بۆ مه‌شقه‌كانى بارسا، رێككه‌وتنێكیان كردووه‌و بڕیاریانداوه‌ له‌م وه‌رزه‌دا كارێك بكه‌ن كه‌ ناویان وه‌ك به‌هێزترین و باشترین سێكوچكه‌ى هێرشبردن له‌ مێژوودا تۆماربكرێت، ئه‌ویش به‌ شكاندنى ژماره‌ى پێوانه‌یی خۆیان له‌ تۆماركردنى زۆرترین گۆڵ له‌ وه‌رزێكدا، كه‌ له‌ وه‌رزی رابردوودا به‌ تۆماركردنى 122 گۆڵ له‌ سه‌رجه‌م خوله‌كاندا ریكۆردی سێكوچكه‌ى پێشووى ریال مه‌درید، كریستیانۆ رۆناڵدۆى پورتوگالى، گۆنزالۆ هیگواینی ئه‌رجه‌نتینی و كه‌ریم بنزیمه‌ى فه‌ره‌نسیان شكاند، كه‌ له‌ وه‌رزی 2011 ـ 2012دا توانیان 118 گۆڵ تۆماربكه‌ن.


به‌ پێی رۆژنامه‌ ئیسپانییه‌كه‌، MSN بڕیاریانداوه‌ ئه‌مساڵ 140 گۆڵ تۆماربكه‌ن و هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ ركابه‌ری نه‌هێڵنه‌وه‌و له‌و باره‌وه‌ ماركا نووسیویه‌تى "پێشنیازه‌كه‌ له‌لایه‌ن سوارێزه‌وه‌ كراوه‌و مێسی و نیماریش پێی رازی بوونه‌و هه‌رسێكیان به‌ڵێنیانداوه‌ ئه‌و ریكۆرده‌ بشكێنن". هه‌روه‌ها ماركا نووسیه‌تى "كاتێك سوارێز بینیویه‌تى مێسی زووتر له‌ كاتى خۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ مه‌شقه‌كانى بارسا، پێیگوتووه‌ بۆچی وا زوو گه‌ڕایته‌وه‌؟ مێسیش به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ پێیگوتووه‌ قه‌ت رێگه‌ت پێناده‌م ببیته‌ گۆڵكاری تیپه‌كه‌مان، سوارێزیش زۆر پێكه‌نیوه‌و ئه‌و پێشنیازه‌ى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م مێسی و نیمار، ئه‌وانیش پێیانباشبووه‌و به‌ڵێنیان به‌یه‌كدی داوه‌".

وه‌ك ماركا باسیده‌كات، به‌جێهێنانى ئه‌و به‌ڵێنه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و سێ ئه‌ستێره‌یه‌وه‌ كارێكی مه‌حاڵ نییه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆی نووسیویه‌تى "ئه‌گه‌ر سوارێز رێژه‌ى گۆڵكردنى وه‌ك مێسی و نیمار به‌رزبكاته‌وه‌، MSN ده‌توانێت ژماره‌ى گۆڵه‌كانى له‌ وه‌رزێكدا بگه‌ینێته‌ 140 گۆڵ، كه‌ بێگومان ئه‌وه‌ له‌ سوارێز چاوه‌ڕێ ده‌كرێت". 

به‌ قسه‌ى ماركا سوارێز له‌ وه‌رزی رابردوودا ته‌نیا 25 گۆڵی تۆماركرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا MSN توانى 122 گۆڵ تۆماربكات، به‌ڵام بێگومان له‌م وه‌رزه‌دا سوارێز رێژه‌ى گۆڵه‌كانى زیاتر ده‌كات، چونكه‌ وه‌رزی رابردوو به‌هۆی سزاى فیفاوه‌ نه‌یتوانی ژماره‌یه‌كى زۆر یاری بكات، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م وه‌رزیشی بوو له‌گه‌ڵ تیپێكی نوێ یاری بكات، كه‌ كاتێكی زۆری ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت خۆی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ بگونجێنێت، بێجگه‌ له‌وه‌ى جاری یه‌كه‌میشی بوو له‌گه‌ڵ مێسی و نیمار یاری بكات".

چاودێران ده‌ڵێن هۆكارێكی دیكه‌ى زۆر گرنگ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سێ پیاوه‌كه‌ى MSN بتوانن ئه‌و به‌ڵێنه‌یان بێننه‌دی، ئه‌ویش هاوكاریكردنى لویس ئێنریكی راهێنه‌ره‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌موو یارییه‌كاندا یاری به‌و سێ هێرشبه‌ره‌ بكات، ته‌نانه‌ت له‌ یارییه‌ ئاسانه‌كانیشدا، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ئامانجه‌كه‌یان بپێكن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وكات ماندووبوون و هیلاكی ده‌بێته‌ به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌میاندا.

له‌ وه‌رزی رابردوودا له‌ كۆی 175 گۆڵ، كه‌ یانه‌ى بارسێلۆنا له‌ سه‌رجه‌م خوله‌كاندا تۆماریكرد، 122 گۆڵ له‌لایه‌ن MSN ه‌وه‌ تۆماركران. (مێسی 58 گۆڵ، نیمار 39 گۆڵ و سوارێز 25 گۆڵ).

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە