رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەنیازی ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی لەناکاوە لە یاریی نێوان یانەکەی و ئارسیناڵی ئینگلیز، لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
سبەی سێشەممە، ریال مەدرید لە یاریگەی ئیمارایتس دەبێتە میوانی ئارسیناڵ، بەرلەوەی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لە یاریگەی خۆیدا، رووبەڕووی هەمان یانە ببێتەوە.
ریال مەدرید کێشەی لە باڵی چەپی بەرگرییەکەیدا هەیە بەهۆی بەشدارینەکردنی فێرلان مێندی بەهۆی پێکانەوە.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەنچێلۆتی بیر لەوە دەکاتەوە لە یارییەکەی ئارسیناڵدا، پەنا بۆ یاریی پێکردنی داڤید ئالابا لە بەرگریی باڵی چەپ ببات، چونکە متمانەی بەتواناکانی فران گارسیا نییە کە لە هەمان شوێن یارییدەکات.
ئەنچێلۆتی، لە دوایین خولەکەکانی یاریی یانەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا کە بە 1 - 2 گۆڵ دۆڕا، ئالابای لە شوێنی گارسیا یاریی پێکرد.
ئالابا لەو ماوەیەدا کە بەرامبەر ڤالێنسیا یارییکرد، توانی لە بونیادنانی هێرش لە هێڵی پێشەوەی یانەکە سەرکەوتوو بێت، ئەمە جیا لە ناردنی تۆپێکی درێژ بۆ هێرشبەرانی یانەکە کە نزیکبوو لەوەی گۆڵێکی لێ دروست ببێت.
یارییکردنی ئالابا لە بەرگریی چەپ کارێکی نامۆ نییە بۆ ئەو یاریزانە، چونکە پێشتر زۆرینەی کاروانی خۆی لە بایرن میونشن لەهەمان شوێندا یارییکردووە.
دەنگۆکانی یارییکردنی ئالابا لەو شوێنەدا، هاوکاتە لەگەڵ ئەو رەخنە زۆرانەی رووبەڕووی ئەو یاریزانە بوونەوە لە چەند یاریی رابردوودا، بەتایبەت کە بەهۆی هەڵەی ئەوەوە کاتێک لە دڵی بەرگریدا یارییکرد، چەند گۆڵێک لە ریال مەدرید کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ