رووداو دیجیتاڵ
هاندەران و پەیجەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید دەڵێن، ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرمبەر ڤالێنسیا ستەمی لێکردوون، بەڵام پەیجەکانی تایبەت بە شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی ئاستی ناوبژیوانان دەڵێن، بڕیارەکانی ناوبژیوانەکە زیاتر لە بەرژەوەندی ریال مەدریددا بوونە.
هەڵسەنگاندنی کارەساتبار بۆ ناوبژیوانی یاریی ریال مەدرید و ڤالێنسیا کراوە و دەرکەوت کە ئەو ناوبژیوانە هەڵەی زەق و قورسی نەکردووە، جگە لە هەژمارکردنی لێدانێکی سزا بۆ ریال مەدرید کە شایەنی نەبوو.
گولێرمۆ کوادرای ناوبژیوانی یارییەکەی ریال مەدرید و ڤالێنسیا، کە بەبردنەوەی ڤالێنسیا 2-1 کۆتاییهات شەپۆلێکی رەخنە و کاردانەوەی تووڕەیی لەدژی خۆی دروستکرد، بەهۆی چەند بڕیارێکی لە یارییەکەدا دا، کە یانەی شاهانە بەهۆکاری دۆڕاندنی خۆی زانی.
ریال مەدرید بەدرێژایی یارییەکە کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کردبوو، بەڵام چەندین هەلی ئاسانی بەفیڕۆدا و جۆرجی مامارداشڤیلی گۆڵپارێزی یانەی ڤالێنسیا رێگری لە چەندین دەرفەتی راستەقینەی ریال مەدرید کرد، لەنێویاندا لێدانێکی سزای ڤینیسیۆس لە گێمی یەکەمدا.
هەرچەندە لە سەرەتای یارییەکەدا لێدانێکی سزای بۆ کیلیان ئێمباپێ هەژمارکرد، بەڵام هەندێک لایەنی نزیک لە تیپی شاهانە، کوادرای ناوبژیوانیان بەهۆکاری دۆڕاندنەکەیان زانی و ئاماژەیان بەوەکرد کە بەدرێژایی یارییەکە ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد بەبێ ئەوەی بوەستێنرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ناوبژیوانانی ڤار.
بەقسەی ئەوان کوادرا لێدانێکی سزای بۆ ئێمباپێ هەژمار نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی گەڕاوەتەوە ڤار. هەروەها ناوبژیوانەکە هەڵەی کرد و کارتی سووری راستەوخۆی بە سادقی یاریزانی نایجیریی یانەی ڤالێنسیا نەداوە، دوای ئەوەی قاچی خستە سەر قاچی فێدریکۆ ڤالڤێردی.
بەڵام بەپێی ئەو هەژمارانەی تایبەتمەندن لە شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی ئاستی ناوبژیوانان، وەک ئەکاونتی ArchivoFar ناوبژیوانەکە بەسەرکەوتوویی یارییەکەی بەڕێوەبردووە و تەنیا هەڵەیەکی زەقی هەبووە. ئەویش ئەوەبوو کە لەخولەکی 12ـی یارییەکەدا بەهەڵە لێدانێکی سزای بۆ کیلیان ئێمباپێ هەژمارکردووە، چونکە رووداوێکی ئاسایی بووە و بەریەککەوتنەکەی ئێمباپێ و بەرگریکارەکەی ڤالێنسیا هیچ کاریگەرییەکی نەبووە بەسەر کیلیانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ