لیڤەرکوزن لە نێوان دابەزینی ئاست و بەهێزبوونی ئەوانیدیکەدا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن بایرلیڤەرکوزن چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرلیڤەرکوزن بە بەراورد لەگەڵ وەرزی رابردوو، لەبەر چەند هۆکارێکی جیاواز بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی دابەزیوە.
 
وەرزی رابردوو، بایرلیڤەرکوزن بە سەرکردایەتی چابی ئەلۆنسۆ، جیهانی سەرسامکرد، کاتێک نازناوی خولی ئەڵمانیای بەدەستهێنا و کۆتایی بە باڵادەستیی بایرن میونشن بهێنێت، ئەو نازناوەی هەرگیز لیڤەرکوزن بەدەستی نەهێنابوو، تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆ توانییان بەبێ هیچ دۆڕانێک بەدەستی بهێنن.
 
جگە لە نازناوی بۆندیسلیگا، ئەو یانەیە توانی جامی ئەڵمانیاش بباتەوە، لەهەمان وەرزدا توانی بگاتە یاری کۆتایی یۆرۆپا لیگ، بەڵام بە یانەی ئاتاڵانتا دۆڕا.
 
بە پێچەوانەی وەرزی رابردوو، لەم وەرزەدا یانەی بایرلیڤەرکوزن لە دووەم گەڕی خولدا، تووشی یەکەم دۆڕان بوو کاتێك لە یاریگەی خۆی، بای ئارینا، بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بە لایپزیگ دۆڕا، جگە لەوەش یانەکە لە کۆی شەش یاریدا تەنیا 11 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی پێنجەمی بۆندێسلیگا دێت.
 
لە گەڕی شەشەمی بۆندێسلیگا، بایرلیڤەرکوزن لە یاریگەی خۆی لەگەڵ هۆڵشتین کیڵ یەکسانبوو، ئەو یانەیەی وەرزی رابردوو سەرکەوت بۆ بۆندێسلیگا.
 
سەرەڕای گرنگیدانی یانە گەورەکانی ئەورووپا، یانەی بایەر لیڤەرکوزن توانی زۆربەی ئەستێرە گرنگەکانی خۆی بپارێزێت و لەدەستیان نەدات لە بازاڕی گواستنەوەکانی هاوینەی ئەمساڵدا، تەنانەت چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەکە رەتیکردەوە یانەکە جێبهێڵێت و بڕیاریدا بۆ وەرزێکی دیکە بمێنێتەوە.
 
جگە لەوەش، یانەی بایرلیڤەرکوزن هیچ پێکانێکی گرنگی نییە و پێکهاتەکەی بە تەواوی ئامادەیە بۆ ئەم وەرزە، بۆیە پێکان یان نەبوونی یاریزانی پێویست هۆکارێک نین بۆ ئەوەی بایرلیڤەرکوزن ئاستی داببەزێت.
 
لۆژیکیترین هۆکار بۆ دابەزینی ئاستی بایرلیڤەرکوزن ئەوەیە کە یانەکانی بۆندێسلیگا ئاستیان بەرەوپێشچووە و گۆڕاوە و رکابەرییەکە سەختتر و بەهێزتربووە، یانەی بایرن میونشن بە سەرکردایەتی ڤینسێنت کۆمپەنی، بە هەموو قورسایی خۆیەوە گەڕاوەتەوە رکابەرییەکانی بۆندێسلیگا و کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورەی گواستووەتەوە یانەکە.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی لایپزیگ بە سەرکردایەتی مارکۆ رۆزەی راهێنەری ئەڵمانی بەتوانا، بە ئاستێکی جیاوازەوە دەرکەوتووە و پێدەچێت ئەم وەرزە رکابەرێکی سەرەکی نازناوی بۆندیسلیگا بێت.
 
یانەی بایرلیڤەرکوزن لە چامپیۆنزلیگدا لە دوو یاریدا شەش خاڵی بەدەستهێناوە، هیچ گۆڵێکی لێ تۆمارنەکراوە و پێنج گۆڵی تۆمارکردووە، یانەکە لە ئەی سی میلانی بردووەتەوە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە