دێربی 620 ملیۆن پاوەند لە ئۆڵدترافۆرد کۆدەکاتەوە

06-09-2016
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن گواردیۆلا، مۆرینیۆ
A+ A-

رووداو – هەولێر

هاندەرانی خولی پرێمەرلیگی ئینگلیزی چاوەڕێی یاری دێربی مانچێستەر دەکەن، ئەو یارییەی 10 ئەم مانگە لە یاریگەی ئۆڵدترافۆردی تایبەت بە مانچێستەر یونایتد ئەنجامدەدرێت و جارێکی دیکە خۆسێ مۆرینیۆ و پێپ گواردیۆلا رووبەڕووی یەکدەکاتەوە.



هەردوو یانە ئێستا دوای تێپەڕپوونی سێ گەڕ بەسەر وەرزی نوێی خولەکەدا خاوەنی 9 خاڵن و رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە دەکەن، مانچێستەر یونایتد لە سێ یاری رابردوودا لە یانەی بۆرنمۆس بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، لە ساوسهامتۆن بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، لە یانەی هال سیتی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردووەتەوە، مانچێستەر سیتیش لە ساندێرلاند بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، لە ستۆک سیتی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک و لە یانەی وێستهام بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردووەتەوە.

چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی یارییەکە رکابەری هەردوو جەمسەرەکەی مانچێستەر مێدیای بەریتانیای بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و رۆژنامەی میرۆری بەریتانی بڵاویکردووەتەوە لەو یارییەدا ئەستێرەکانی هەردوو یانە نرخەکەیان دەگاتە 620 ملیۆن پاوەند.



پێکهاتەکەی مۆرینیۆ لەو یارییەدا نرخەکەی 344.8 ملیۆن یۆرۆیە کە لە دیڤید دیخیای ئیسپانی دەستپێدەکات کە نرخی گواستنەوەی لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە 17.8 ملیۆن پاوەندە، ئانتوان ڤالێنسیا لە ویگانەوە 16 ملیۆن پاوەندە، ئیریک بایلی لە ڤیاریال 30 ملیۆن پاوەند، دالی بلیند لە ئەیاکس ئەمستردام 13.8 ملیۆن پاوەند، لۆک شاو لە ساوسهامپتۆن 30 ملیۆن پاوەند، پۆڵ پۆگبا لە یوڤێنتۆس 89 ملیۆن پاوەند، مەروان فیلاینی لە ئیڤەرتۆن 27.5 ملیۆن پاوەند، خوان ماتا لە چێڵسی 37.5 ملیۆن یۆرۆ، وەین روونی لە ئیڤەرتۆن 25.6 ملیۆن یۆرۆ، ئانتونی مارشیال لە مۆناکۆ 57.6 ملیۆن یۆرۆ و زلاتان ئیبراهیمۆڤیچیش لە پاریس سانجێرمانەوە بێبەرامبەر پەیوەندیی بەیانەکەوە کردووە.



نرخی پێکهاتەکەی پێپ گواردیۆلای بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی بۆ ئەو یارییە دەگاتە 275.3 ملیۆن پاوەند دوای گواستنەوەی چەندین یاریزان لە گواستنەوەی هاوینەدا کە دوایینیان کلاودیۆ براڤۆ بوو لە بارسێلۆناوە بەرامبەر 17 ملیۆن پاوەند، باکاری سانیا لە ئارسیناڵەوە بێبەرامبەر دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، جۆن ستۆنز لە ئیڤەرتۆن 47 ملیۆن پاوەند، نیکۆلاس ئوتامێندی لە ڤالێنسیا 28.5 ملیۆن پاوەند، گایل کلیشی لە ئارسیناڵ 7 ملیۆن پاوەند، فێرناندینیۆ لە شاختیۆر دونتێسک 34 ملیۆن پاوەند، رەحیم ستێرلینگ لە لیڤەرپوول 49 ملیۆن پاوەند، داڤید سیلڤا لە ڤالێنسیا 24 ملیۆن پاوەند، کیڤن دی بروین لە فۆڵڤسبۆرگ 55 ملیۆن پاوەند، نۆلیتۆ لە سێلتاڤیگۆ 13.8 ملیۆن پاوەند و کلیچی ئیهیناچۆ یەکێک لە دەرچووانی ئەکادیمیای یانەی مانچێستەر سیتییە کە لە یارییەکەدا لە شوێنی سێرجیۆ ئاگوێرۆ یاریدەکات کە لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بەرامبەر 38 ملیۆن پاوەند پەیوەندیی بەریزەکانی ستیزنز کردووە و بەهۆی سزادانەوە بەشداری لەو یارییەدا ناکات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە