ئێمباپێ: کێشەی زۆرم هەیە، بەڵام راهێنەر یەکێک نییە لەوانە

06-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی فەرەنسی و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان رەتی دەکاتەوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ لویس ئێنریکێی راهێنەری یانەکەیدا هەبێت و دەڵێت "من کێشەی زۆرم هەیە، بەڵام راهێنەر یەکێک نییە لەوانە."
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، پاریس سانجێرمان بووە میوانی ریال سۆسێداد. ئێمباپێ توانی دوو گۆڵ تۆماربکات و رۆڵێكی سەرەکی هەبێت لە سەرخستنی یانە پاریسییەکە بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لە ماوەی رابردوودا بە سانجێرمانی راگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدە‌هێڵێت. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، ئێمباپێ لە هەریەکە لە یارییەکانی بەرامبەر مۆناکۆ و رێنس گۆڕانکاری پێکرا، ئەمەش دەنگۆی ئەوەی درووستکرد کە ئێنریکیی راهێنەری یانەکە کێشەی لەگەڵ کیلیاندا هەیە و پەیوەندی لەگەڵیدا باش نییە.
 
ئێمباپێ لە لێدوانێکیدا رەتی کردەوە کە کێشەی لەگەڵ ئێنریکیدا هەبێت و دەڵێت "پەیوەندیم لەگەڵ راهێنەردا باشە، هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نییە هەتا ئەگەر خەڵکیش بەشێوەیەکی دیکە بیری لێبکەنەوە. من کێشەی زۆرم هەیە، بەڵام راهێنەر یەکێک نییە لەوانە."
 
ئێنریکیش لای خۆیەوە ستایشی ئەستێرە فەرەنسییەکە دەکات و  دەڵێت "کیلیان لەگەڵ هەر راهێنەرێک بێت و لە هەر یانەیەکدا بێت، دەتوانێت 50 گۆڵ و 25 ئاسیست بکات. ئەو لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵمان نابێت، بۆیە دەبێت چارەسەری دیکە تاقی بکەینەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە