پلانی بارسا بۆ شوێنگرەوەی چاڤی ئاشکرادەبێت

06-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت، پلانی یانە ئیسپانییەکە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنگرەوەیەک بۆ ئەو راهێنەرە ئاشکرا دەبێت. 
 
بارسێلۆنا بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، یانەکە لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید شکستی هێنا، لە جامی شا کرایە دەرەوە و لە لالیگاش لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت، دوای ئەو ئەنجامە خراپانە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەست لە کار دەکێشێتەوە و یانەکە بەجێدەهێڵێت.
 
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، پلانی بارسێلۆنا ئەوەیە راهێنەرێکی 'گەورە' بگوازێتەوە و ئەرکی ر‌ا‌‌هێنەری یانەکەی پێبسپێرێت، ئەگەر هاتوو لەو پلانەی شکستی هێنا، رافا مارکێزی راهێنەری تیپی دووەمی یانەکە بۆ تیپی یەکەم سەردەخرێت و ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی پێدەدرێت. 
 
بەپێی هەواڵەکان، بارسێلۆنا دەیەوێت راهێنەری داهاتووی لە بەرزترین ئاستدا خاوەنی ئەزموونێکی زۆربێت، بۆیە بژاردەکانی وەک تیاگۆ مۆتای راهێنەری یانەی بۆڵۆنیا و میشێل سانچێزی راهێنەری جیرۆنا لە لیستی بەربژێرەکان دەر‌هێنراون، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی وەرزشی یانەکە سەرسامن بەو دوو راهێنەرە.
 
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، خەونی خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسا گرێبەستکردنە لەگەڵ یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، کە ئەو راهێنەرەش بەهەمان شێوەی چاڤی رایگەیاندووە لە کۆتای ئەم وەرزەدا یانەکەی بەجێدەهێڵێت، بەڵام پێدەچێت قەیرانە داراییەکانی بارسا رێگە بە  لاپۆرتا نەدات ئەو خەونەی بەدیبهێنێت، چونکە وەک سپۆرت ئاماژەی پێکردووە، یانە ئیسپانییەکە پێویستی بەوەیە چەند یاریزانێکی بفرۆشێت بۆ ئەوەی پارەی گرێبەستی کڵۆپ کۆبکاتەوە، بەڵام ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرەتا پێویستە راهێنەرەکە رەزامەندی پێشانبدات کە پەیوەندی بە بارساوە بکات. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە دێکۆی بەڕێوبەری وەرزشی یانە ئیسپانییەکە لەبارەی شوێنگرەوەی چاڤی دەڵێت "ئەو کەسەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەمان وەردەگرێت دەبێت کەسێک بێت کە پلانی یانەکە جێبەجێ بکات، شێوازی یارییکردنی بارسا پەیڕەو بکات و یارییەکی باش بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە