رووداو دیجیتاڵ
دیدێ درۆگبا، ئەفسانەی هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار و یانەی چێڵسی ئینگلیزی، بەتووندی بەرگری لە کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کرد، بەهۆی ئەو رەخنانەوە لێیدەگیرێن.
درۆگبا دەڵێ، تۆپی پێ ئەو یارییەیە زۆرترین نکوڵی لێکردنی تێدایە و خەڵک هەرزوو رابردوو لەبیر دەکەن، پێویست ناکات بەرامبەر ئێمباپێ ئەوەندە بێئەمەک بن.
کیلیان، کە هاوینی رابردوو لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە روویکردە ریال مەدریدی ئیسپانی، لە دۆخێکی خراپدایە و گوشاری زۆری لەسەرە، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ریال مەدرید و نەدرەوشانەوەی ئەو یاریزانە لە یارییەکانی یانەکەی.
ئاستی ناجێگیری ئێمباپێ، وایکردووە ئەستێرەکانی پێشووی فەرەنسا رەخنەی تووندی لێبگرن، لە نێویاندا ئیمانوێل پیتی، پاڵەوانی مۆندیالی 1998 کە ئاماژەی بەوەداوە هێرشبەرەکەی ریال مەدرید سیحری لێکراوە.
دیدێ درۆگبا، ئەستێرەی پێشووی چێڵسی، ئۆڵەمپیک لیۆن و گاڵاتەسەرای، لە نوێترین چاوپێکەوتنی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، هەست بەبێئومێدییەکی زۆر دەکەم، کاتێک دەبینم ئەو هەموو هەستە خراپە بەرامبەر ئێمباپێ لە ئارادان.
باشترین یاریزانی مێژووی کۆتدیڤوار، زیاتر دەڵێ، "بێئومێدم ئەو هەموو تووڕەیی و تووندییە بەرامبەر ئێمباپێ دەبینم، ئەو هێشتا یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسایە، نکوڵی لەوە دەکرێت کە بۆ فەرەنسا، سانجێرمان و ریال مەدریدی کردووە".
درۆگبا سوورە لەسەرئەوەی کە ئێمباپێ، "نزیکەی بەتەنیا بووە هۆکاری ئەوەی فەرەنسا نازناوی مۆندیالی 2018 بباتەوە، پاشئەوە بەچوار ساڵ، زۆر نزیکبوو لەوەی دووەم مۆندیال لەسەر خاکی قەتەر بباتەوە".
ئەو ئەفسانەیە زیاتر دەڵێ، "تۆپی پێ زۆر بێئەمەکە، هەمووان دەزانین کە ئێمباپێ بەدۆخێکی قورسدا تێدەپەڕێت، گونجان لەگەڵ ریال مەدرید لە کاتێکی کەمدا کارێکی ئاسان نییە. من گونجانی قورسم لە مەدرید لا باشترە لەوەی لەناکاو خۆم ببینمەوە و هەموو شتێک ئاسان بێت".
ئێمباپێ، لە کۆی 13 یاریی لە لالیگا لەگەڵ ریال مەدرید، هەشت گۆڵی تۆمارکردووە. لەدەستدانی دوو لێدانی سزا بەرامبەر یانەکانی لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ و ئاتلێتیک بیلباو لە لالیگا، گوشاری زۆری لەسەر ئەو یاریزانە دروستکردووە.
درۆگبا دەڵێ، "ئێمباپێ ئاستێکی گەورە پێشاندەدات لەگەڵ ریال مەدرید، ئەگەرچی ئەو هێشتا لە مانگەکانی سەرەتای یارییکردنیەتی لە یانە نوێیەکەی و لە یانەیەک یارییدەکات، تژییە لە یاریزانی نایاب و ئەستێرەی گەورە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ