ئا: رووداوی وه‌رزشی
وه‌ك هه‌موو جارێ یاری كلاسیكۆی ئه‌مجاره‌ی لالیگا له‌نێوان هه‌ردوو یانه‌ى بارسێلۆنا و ریال مه‌درید، كه له‌سه‌ر یاریگه‌ى كامپ ن‌و به 1 ـ 2 بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ى شاهانه كۆتاییهات، پڕ بوو له رووداو و نهێنی و ژماره و به‌سه‌رهاتى پێشبینیكرا و پێشبینی نه‌كراو. (رووداوی وه‌رزشی) به‌شێكیان ده‌خاته‌ڕوو.
* سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له ژووری جلگۆڕینی ریال مه‌درید ئاشكرایكرد كه زه‌ینه‌دین زێدانى راهێنه‌ر داوای له یاریزانه‌كانى كردبوو به به‌كارهێنانى توندوتیژی یاریزانانى بارسێلۆنا بترسێنن، به‌ڵام پێشیگوتبوون "توندوتیژییه‌كه له سنووری تۆپی پێ ده‌رنه‌چێت".
* له جه‌زائیر زۆر له هه‌وادارانی هه‌ردوو یانه‌كه هاوسه‌ره‌كانیان ناردووه‌ته ماڵی كه‌سوكاره‌كانیان، له ترسی ئه‌وه‌ی له كاتى به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كه‌دا ژنه‌كانیان زۆر قسه بكه‌ن، فشاریان له‌سه‌ر زیاد بكه‌ن و له ئه‌نجامدا تووڕه ببن و لێیان بده‌ن یاخود هه‌ر ته‌ڵاق بدرێن، كه پێشتریش زۆرجار ئه‌و رووداوانه روویانداوه.
* گره‌وكاری له‌سه‌ر ئه‌م كلاسیكۆیه چه‌ندین شێوازی سه‌یر و جیاوازی به‌خۆیه‌وه بینى، چونكه ئه‌مجاره‌یان ته‌نانه‌ت گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرا، كه كام یاریزان و له كام خوله‌كدا گۆڵ تۆمارده‌كات، كام یاریزان له كام خوله‌كدا ده‌گۆڕدرێت و ته‌نانه‌ت كام یاریزان تووشی پێكان ده‌بێت.
* به‌ر له یارییه‌كه، زێدانى راهێنه‌ر بۆ جۆشدانی گیانى له‌خۆبورده‌یی له یاریزانه‌كانیدا گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی یاری فیفا 16ى پێشانى یاریزانه‌كانی دا، كه تێیدا ریال مه‌درید به گۆڵێكی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له بارسێلۆنا ده‌باته‌وه.
* رێژه‌ى كۆنترۆلكردنى تۆپ له‌لایه‌ن بارسا 66% بوو، سه‌باره‌ت به ریال مه‌دریدیش ته‌نیا 34% بوو. له‌دوایین 10 ساڵدا تێكڕایی رێژه‌ی كۆنترۆلكردنى تۆپ له‌لایه‌ن یاریزانانى ریال مه‌درید له یارییه‌كانى كلاسیكۆدا 35% بووه.
* سێكوچكه‌ى BBCى ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له كلاسیكۆدا نزیككرده‌وه له ژماره‌ی گۆڵه‌كانى MSN، كه له‌م كلاسیكۆیه‌دا رۆناڵدۆ و بنزیمه به تۆماركردنى 2 گۆڵ ژماره‌ی گۆڵه‌كانی BBCیان كرده 25 گۆڵ (رۆناڵدۆ 16، بنزیمه 8 و گاریس به‌یڵ 1). له كاتێكدا MSN توانیویانه 27 گۆڵ تۆماربكه‌ن (مێسی 21، نه‌یمار 3 و سوارێز 3).
* هه‌روه‌ها MSN خاوه‌نى 16 ئه‌سیسته له كلاسیكۆدا (مێسی 13، نه‌یمار 2 و سوارێز 1). هه‌رچی BBCیه، خاوه‌نى 7 ئه‌سیسته له كلاسیكۆدا (رۆناڵدۆ 1، بنزیمه 5 و گاریس به‌یڵ 1).
* رۆژنامه‌ی ماركای مه‌دریدی دانى به‌وه‌دانا كه رامۆس له كاتى به‌ردانه‌وه‌ى مێسی شایه‌نی كارتى سوور بوو. جیرارد پیكێش دانى به‌وه‌دانا كه ریال مه‌درید شایه‌نی بردنه‌وه بوو.
* یاریزانانى بارسا له‌م كلاسیكۆیه‌دا 685 پاسیان به‌یه‌كدی دا و رێژه‌ى وردی پاسه‌كانیان 90% بوو. یاریزانانى ریال مه‌دریدیش خاوه‌نى 314 پاس بوون، به رێژه‌ى وردیی 80%.
* كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی ریال مه‌درید له دوایین 9 یاری كلاسیكۆدا 10 گۆڵی كردووه‌و جیاوازى گۆڵه‌كانى له كلاسیكۆدا له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی خاوه‌نى ژماره‌ی پێوانه‌یی له گۆڵكردن له كلاسیكۆ بووه ته‌نیا 5 گۆڵ. كریس 16 گۆڵی هه‌یه‌و لیۆش 21 گۆڵ.
* له دوایین 5 كلاسیكۆدا رۆناڵدۆ له 4 یاریدا گۆڵی كردووه، كه‌چی پێنجه‌م یاری كلاسیكۆیه به‌سه‌ریه‌كه‌وه مێسی نه‌یتوانیوه تۆڕی ریال مه‌درید بهه‌ژێنێت.
* رامۆس كه له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید 21 كارتی سووری وه‌رگرتووه، ته‌نیا له كلاسیكۆدا 4 كارتی سووری وه‌رگرتووه. ئێستا ئه‌و خاوه‌نى 18 كارتی زه‌ردیشه له كلاسیكۆ. ئه‌وه‌نده‌ى نه‌ماوه ریكۆردی فێرناندۆ هیێرۆی كاپتنی پێشووی ریال مه‌درید بشكێنێت كه له یارییه‌كانى كلاسیكۆدا خاوه‌نى 19 كارتى زه‌رده.
* له‌دوای بێرند شۆسته‌ر، زێدان بووه یه‌كه‌م راهێنه‌ر كه یه‌كه‌م كلاسیكۆی خۆی له بارسێلۆنا بباته‌وه. هه‌روه‌ها له وه‌ته‌ی 1965ه‌وه بێجگه له زێدان هیچ راهێنه‌رێك نه‌یتوانیوه له بارسا بباته‌وه، كاتێك بارسا پێشتر گۆڵی لێكردبێت.
* ژماره‌ی ئه‌و كلاسیكۆیانه‌ى ئه‌ندرێس ئینێستاى كاپتنی بارسێلۆنا به‌شداری تیایاندا كردووه، گه‌یشته 33 یاری، كه ژماره‌ی پێوانه‌یی لای چاڤی هێرناندێزه‌و بریتییه له 42 كلاسیكۆ.
* له‌م یارییه‌دا بارسا دروشمی پاڵه‌وانى جیهانى له‌سه‌ر درێسه‌كه‌ی لادا، بۆ ئه‌وه‌ى له‌جیاتى ئه‌و به زمانى كه‌تالۆنی بنووسن "سوپاس كرۆیڤ".
* بووه جاری چواره‌م كه بارسا نه‌توانێت له ریال مه‌درید بباته‌وه، ئه‌و كاته‌ى له ریزبه‌نددا به 10 خاڵ له‌پێش ریال مه‌درید بێت.
* دوای 23 یاری له‌نێو كامپ نودا، ریال مه‌درید یه‌كه‌م دۆڕانی تووشی بارسا كرد، كه بارسا له‌دوایین 22 یاری خۆی له‌سه‌ر یاریگه‌كه‌ى 20 بردنه‌وه‌و 2 یه‌كسانبوونى هه‌بوو.
* دوایین 5 كارتی سوور له یارییه‌كانى كلاسیكۆدا هه‌موویان بۆ یاریزانانى ریال مه‌درید بووه.
* رۆناڵدۆ بووه سێیه‌م یاریزان كه زۆرترین گۆڵی كلاسیكۆ له ده‌ره‌وه‌ى یاریگه‌ى خۆی تۆمار بكات، كه 10 گۆڵه له‌دوای هه‌ریه‌ك له خینتۆ، كه 11 گۆڵ و مێسی 12 گۆڵی تۆماركردووه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ