خوێندنەوەیەکی ورد بۆ یارییەکانی ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگ

05-03-2025
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-



رووداو - دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە لە قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، چوار یاری  دیکە بەڕێوەدەچێت، تیپەکان بەو هیوایەی هەنگاوێکی گرنگ بنێن بەرەو قۆناخی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، لەم راپۆرتەماندا خوێندنەوەیەکی ورد لەسەر هەر یارییەک دەخەینەڕوو.


فاینۆرد - ئینتەرمیلان

فاینۆرد لە یاریگای فاینۆردی تایبەت بە یانەکە لە هۆڵەندا، میوانداریی یانەی ئنتەرمیلانی ئیتاڵی دەکات، بەهیوای ئەوەی لەگەڵ راهێنەرە نوێکەی رۆبن ڤان نیستڵڕۆی خۆی بگەیێنێتە قۆناخی چارەگی کۆتایی.

یانەی فاینۆرد شانبەشانی یانەی ئایندهۆڤن نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان دەکەن لە چامپیۆنزلیگ، بەڵام فاینۆرد نایەوێت سیناریۆی ئایندهۆڤنی لەسەر دووبارە ببێتەوە کاتێک بەئەنجامی 7-1 بە یانەی ئارسیناڵ دۆڕا لەنێو یاریگای خۆیدا. فاینۆرد لە قۆناخی پلەی ئۆف لە یانەی ئەی سی میلانی بردەوە بۆیە ئینتەرمیلان گرنگییەکی زۆر بەو تیپە دەدات، کە لە خولی هۆڵەندی لە پلەی چوارەمی ریزبەندی دێت.

لەبەرامبەردا تاکە نوێنەری ئیتاڵیا یانەی ئینتەرمیلانی خاوەن پلەی یەکەم لە خولی ئیتاڵی، چاوی لەوەیە کە بگات بە قۆناخی داهاتووی خولەکە بەسەرکردایەتی کاپتنی یانەکە لاوتارۆ مارتینێز کە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ گۆڵکاری تیپەکەیە. ئینتەرمیلان لەم یارییەدا لە هەریەک لە تواناکانی یاریزانان فێدریکۆ دیمارکۆ، ماتیۆ دارمیان، کارلۆس ئۆگۆستۆ، نوکۆلا زالێوسکی و ڤالێنتین کاربۆنی.

بایرن میونشن - بایەرلیڤەرکوزن

لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دوو یانەی ئەڵمانی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، یانەی بایرن میونشنی پلەی یەکەمی خولی ئەڵمانی و خاوەن پێنج نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا میوانداریی بایەرلیڤەرکوزنی خاوەن پلەی دووەمی بۆندێسلیگا دەکات لەسەر یاریگای ئالیانز ئارێنای تایبەت بە یانەکە.

یانەکەی چابی ئەلۆنسۆ بە تاکتیکە سەرنجڕاکێش و ناوازەکەی ناسراوە، چەندەها ئەستێرەی درەوشاوەی بەرهەمهێناوە لەوانە پاتریک شیک کە گۆڵکاری تیپەکەیە لەمساڵدا و یاریزانان فلۆریان ڤێرتز و ڤیکتۆر بۆنیفەیس. 

دوا بەریەککەوتنی ئەم دوو تیپە دوو هەفتە لەمەوبەر بوو کە بە یەکسانبوون بەئەنجامی 0-0 کۆتاییهات، یانەی بایرن میونشن بەجیاوازی 8 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی گرتووە.

بێنفیکا - بارسێلۆنا

لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی میوانداریی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەبێتەوە، لە دوا شەش یاریدا سێ جار بارسێلۆنا براوە بووە، دووجار یارییەکان بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە و جارێکیش بێنفیکا براوە بووە. یانە پۆرتوگالییەکە لە تواناکانی ئانخێل دی ماریا بێبەش دەبێت بەهۆی پێکانەوە، کە ئەمەش گورزێکی کوشندەیە بەر یانەکە دەکەوێت، لە بەرامبەردا یانەی کوڕانی هانزی فلیک بەوپەڕی گڕوتینەوە ئامادەی یارییەکەن. شرۆڤەکارە وەرزشییەکان پێیانوایە کە یانە کەتەلۆنییەکە رێگایەکی ئاسنی لەپێشە بۆ گەیشتن بە چارەگی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

پاریس سانجێرمان - لیڤەرپوول

لە لووتکەی یارییەکانی ئەمڕۆدا کاژێر 23:00 یەکەمەکانی هەردوو خولی فەرەنسا و ئینگلتەرا بەیەکدەگەن، یارییەکە لە یاریگای پارک دی فرانسی تایبەت بە یانەی پاریس بەڕێوەدەچێت.

یانە پاریسییەکە دوای ئەوەی لەدوا یارییدا لە خولی فەرەنسی توانی سەرکەوتن بەسەر لیلدا بەدەستبێنێت بەئەنجامی 4-1  بەجیاوازی 13 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە.

عوسمان دێمبلی وەک ئەستێرەی سەرەکی یانە پاریسییەکە دەرکەوتووە و توانیویەتی لەم وەرزەدا 33 گۆڵ لە هەموو خول و پاڵەوانێتییەکاندا تۆماربکات و یانە پاریسییەکە 22  یارییە تووشی شکست نەبووە.

لیڤەرپوولش بەسەرکردایەتی محەممەد سەڵاح کە یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکانی بردنی نازناوی باڵۆن دۆری لەمساڵ، بەدۆخێکی جێگیردا تێدەپەڕێت و بەکۆکردنەیوەی 67 خاڵ جێگای خۆی لە پێشەنگ جێگیر کردووە، یاریزانە میسرییەکە ئامارەکانی شۆکهێنەرن، لەم وەرزەدا 30 گۆڵ و 22 ئاسێستی کردووە.

لیڤەرپوول لەم وەرزەدا 28 یاری ئەنجامداوە 20 یاری براوە بووە و یەک یاری دۆڕاوە و حەوت یاریش یەکسان بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە