رووداو دیجیتاڵ
رۆدریگۆ گۆس، هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی باسی لەو دەنگۆیانەکردووە کە بەردەوام باس لە ئەگەری رۆیشتنی ئەو لە یانەی ریال مەدرید دەکەن.
رۆدریگۆ ناوی بەچەندین یانەی جیاوازەوە دەبەسترێتەوە، لەنێویاندا مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی کە زۆرترین دەنگۆ لەبارەی هەوڵەکانی ئەو یانەیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە لە ئارادایە.
رۆدریگۆ لە لێدوانی بۆ میدیاکانی ئیسپانیا دەڵێ، "بایەخ بەوەنادەم کە لە دەرەوە باسدەکرێت لەبارەی چارەنووسی منەوە، من هەوڵدەدەم کاری خۆم بکەم، بۆمن گرنگترین شت ئەوەیە کە لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا روودەدات، لەگەڵ راهێنەردا بایەخی خۆم دەزانم، دەزانم کە دەتوانم هاوکاریی تیپەکەم بکەم بۆ باشتربوون".
دۆدریگۆ لە دوایین یاریی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆمارکرد.
ئەو لەبارەی گۆڵەکەوە ئاشکرایکردووە، دڵخۆشە بەهاوکارییکردنی تیپەکەی و دەڵێ "بەلامەوە گرنگە کە هەستدەکەم بۆ تیپەکەم گرنگم".
هەروەها دەڵێ، "هەندێکجار ئێمباپێ و ڤینیسیۆس رووبەری کەمتریان بۆ دەڕەخسێت و هەندێکجاریش من، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئێمە سوود لە رووبەرە گەورەکان وەربگرین".
ئەو ئەستێرە بەرازیلییە، لە دوای گۆڵەکە جارێکی دیکە لە ئاهەنگگێڕاندا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لێرەیە، لەبارەی ئەوەوە دەڵێ، "نا، نا، من لەگەڵ خێزانەکەم قسەمدەکرد و پێمگوتن ئەمڕۆ گۆڵ دەکەم، وەکئەوەی کە هەموو جارێک لە چامپیۆنزلیگ روودەدات، بەهەمان شێوە ئاهەنگدەگێڕم".
لەبارەی درەوشانەوەی لە چامپیۆنزلیگ، ئەو دەڵێ، "شتێکە ناتوانم روونی بکەمەوە بۆچی، نازانم چی روودەدات، رۆدریگۆ ئەو کەسەیە کە لە چامپیۆنزلیگ دەیبینن، هەموو شتێک بۆ من باشە لەم پاڵەوانێتییەدا و هیوادارم بتوانم لەسەر هەمان ریتم بەردەوام بم".
رۆدریگۆ لە وەرزی ئەمساڵ لەگەڵ ریال مەدرید لە 38 یاریدا بەشدارییکردووە، 13 گۆڵی کردووە و 8 ئەسیستی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ