رووداو دیجیتاڵ
ئاستی ئەمجەد عەتوان، لە ماوەی چەند گەڕی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا کاردانەوەی بەشێکی هاندەرانی یانەی زاخۆ بەدوای خۆیدا هێنا و هاندەران داوای بەدواداچوون بۆ هۆکاری دابەزینی ئاستی یاریزانەکە دەکەن.
ئەمجەد عەتوان، دوای ئەو ئاستەی لە جامی کەنداودا بەدرێسی هەڵبژاردەی عێراقەوە پێشکێشیکرد، هاندەرانی زاخۆ چاوەڕێی ئاستێکی بەرزبوون لەو یاریزانە، بەڵام یاریزانەکە لە چەند یاریی رابردوودا ئەو ئاستەی پێشکێش نەکردووە و ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەشێکیان دەڵێن "ئەو یاریزانە لە هەڵبژاردەی عێراق بە ئاستێکی بەرزەوە یاری دەکات و لە زاخۆ بەو شێوەیە نییە."، بەشێکی دیکەشیان بەرگری لە یاریزانەکە دەکەن و دەڵێن "ئەمجەد عەتوان ئەستێرەی یەکەمی یانەکەیە."
تۆڕی میدیایی رووداو، لەو بارەیەوە پەیوەندیی بە عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆوە کرد و لەو بارەیەوە سەرۆکی یانەکە دەڵێت "ئێمەش تێبینیمان لەسەر ئاستی ئەمجەد عەتوان، لە چەند یاریی رابردوودا هەیە و بەدڵنیاییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و چەند رۆژێک لەمەوبەریش خۆم قسەم لەگەڵ یاریزانەکە کردووە و پرسیاری ئەوەم لێکردووە، کە هیچ کێشەیەکی هەیە یان نا."
سەرۆکی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت "دڵنیایی دەدەینە هاندەرانی یانەکە، هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بەباشترین ئاست و ئەنجامەوە دەربکەوین و هەموو یاریزانەکانیش پێویستە ئەوەی لە توانایاندایە بخەنەگەڕ و کەمتەرخەمی لە هیچ یاریزانێک قبوڵکراو نییە، چونکە ئەوان لە یانەکەدا ئەرک و مافیان هەیە."
عەمار فەرهاد، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هەندێک گۆڕانکاری لە تیپەکەدا بکەین، ئاست و ئەنجامەکانمان باشن و دەمانەوێت لەسەر ئەو ئاستبەرزییە بەردەوامبین و هەموو ئامانجی ئێمە دڵخۆشکردنی هاندەرانی یانەکەیە."
یانەی زاخۆ لەم وەرزەدا بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت و لە دوای 12 گەڕی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ و تەنیا 2 یاریی دۆڕاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ