رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، دووپاتیکردەوە کە یانەکەی پێیانگوتووە نەچێتە ئاهەنگی دابەشکردنی باڵۆن دۆر. دەشڵێت "دێربیی ئەو یارییەیە کە ئێمە چاوەڕێی دەکەین. ئێمە بەدرێژایی وەرز چاوەڕێی ئەنجامدانی یارییەکی لەم شێوەیە دەکەین".
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانە هاوشارەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کردووە، کە ئەمە پوختەی قسەکانیەتی:
دێربیی ئەو یارییەیە کە ئێمە چاوەڕێی دەکەین. ئێمە بەدرێژایی وەرز چاوەڕێی ئەنجامدانی یارییەکی لەم شێوەیە دەکەین، بەتایبەتی ئەگەر دێربیی لە چامپیۆنزلیگدا بێت. من هەرگیز لە یارییەکی لەم شێوەیەدا یاریم نەکردووە. من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی یارییەکە دەکەم، یارییەکی نایاب دەبێت بۆ هاندەرانمان و یاریی گەڕانەوەش بۆ هاندەرانیان زۆر نایاب دەبێت.
بۆچی بایکۆتی ئاهەنگی باڵۆن دۆرم کرد؟ هەمیشە یانەکە بڕیار دەدات، یانەکە ئاگاداری کردمەوە و داوای لێکردم لە مەدرید بمێنمەوە، بۆیە زۆر ئارام بووم، با بزانین لە رێوڕەسمی باڵۆن دۆری داهاتوودا چی روودەدات.
خولی سعودی؟ من ئارامم، چونکە گرێبەستەکەم تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت و هیوادارم بە زووترین کات گرێبەستەکەم نوێ بکەمەوە، چونکە لێرە دڵخۆشم، خەونەکەم دەژیم و شانبەشانی باشترین یاریزانانی جیهان یاری دەکەم. لەژێر سەرپەرشتی باشترین راهێنەر، باشترین سەرۆک و باشترین هاندەران یاری دەکەم، هەمووان زۆر خۆشیان دەوێم و ناتوانم لە شوێنێکی باشتر لە ئێرە بم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ