کۆمپانیایەکی دۆستی لاپۆرتا، گاڵتە بەچاڤی دەکات

04-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بارسێلۆنا یاریگەی کامپ نو چاڤی هێرناندێز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرەیەک لە شاری بارسێلۆنا کە تایبەتە بەخستەڕووی دوایین داهێنانە زانستییەکان، بەهۆی سووکایەتیکردن بەچاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، مشتومڕی دروستکردووە.
 
کۆنگرەی Sports Tomorrow لە شاری بارسێلۆنا لە میانی کۆنگرەی جیهانیی مۆبایلی 'ئێم دەبلیو سی' لەژێر دروشمی 'پاراستنی رەسەنایەتی و شێوازی داهاتوو' چەند رۆژێکە بەردەوامە. لە کۆنگرەکەدا کۆمپانیایەکی نزیک لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستای یانەی بارسێلۆنا، گاڵتەی بەچاڤی هێرناندێزی یاریزان و راهێنەری پێشووی یانەکە کردووە و ئەوەش مشتومڕی لەنێو لایەنگرانی یانەکەدا دروستکردووە.
 
لە کۆنگرەکەدا، بەشێک تایبەتکراوە بەتیشک خستنە سەر 125 ساڵ لە کولتوور و میراتی یانەی بارسێلۆنا، بۆ دەرخستنی رەسەنایەتیی یانەکە و کارکردن لەپێناو داهێنان لە بواری وەرزشدا.
 
بەشێکی ئەو کۆنگرەیە، پانێڵێک بوو لەبارەی خستنەڕووی بیرۆکەکان لەبارەی چۆنیەتی کارکردنی کۆمپانیا و یانەکان، بۆ دیارییکردنی داهاتوویان بەپشتبەستن بەبنەمایەکی پتەو و زیاتر چوونە نێو دونیای داهێنان. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بابەتە نمایشکراوەکان، ئەو وێنەیەبوو کە لە پشتی کریستیان تیلی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆرفکواشەوە خرایە سەر شاشەی هۆڵەکە.
 
کۆمپانیای تۆرفکواش بەرپرسە لە دانانی چیمەنی نوێی یاریگەی کامپ نۆ پاش نۆژەنکردنەوەی و بەکۆمپانیایەکی هاوئاهەنگ و هاوسۆزی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە دادەنرێت.
 
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، لەکاتی قسەکانی کریستیان تیلدا، وێنەیەکی گەورە خراوەتە سەر شاشەی هۆڵەکە کە لەچەندین شوێندا چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی یانەکە وەک کەسێکی جێگەی گاڵتەپێکردن پێشاندەدات.
 
وێنەکە لە شوێنێکدا چاڤی وەک چیمەنبڕی یاریگەکە پێشاندەدات، چونکە پێشتر زۆر رەخنەی لە چیمەنی یاریگەی تیپەکەی دەگرت. هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا چیمەن خراوەتە سەر سەری و ئەوەش زۆرترین مشتومڕی دروستکردووە، چونکە بەسووکایەتی بەو راهێنەرە دادەنرێت.
 
میدیاکانی ئیسپانیا دەڵێن، ئەگەرچی وێنەکان بۆ ئەوەن کە دۆخێکی گاڵتەئامێز بدەنە بۆنەکە، بەڵام بەپێچەوانەوە کەوتووەتەوە، چونکە هەمووان بەلایانەوە سەیرە، یانەکە بۆنەیەک رێک بخات و رێگە بدات سووکایەتی بەسیمبوول و ئەفسانەیەکی یانەکە بکرێت.
 
چاڤی کە ماوەی دوو وەرز مەشقدانی بارسێلۆنای لە ئەستۆبوو، لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا پاش مشتومڕی زۆر لەگەڵ لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە، ئەرکەکەی بەجێهێشت.
 
ئەوەی بەشێک لە هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردووە، وەک میدیاکانی کەتەلۆنیا دەڵێن، ئەوەیە کە پێیانوایە لاپۆرتا بەئەنقەست کارێکی لەو شێوەیەی لە دژی چاڤی کردبێت، چونکە پەیوەندی نێوانیان لە دوای رۆیشتنی ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی یانەکە، بەتەواوی تێکچووە.
 
بەپێی دوایین هەواڵ لەبارەی چاڤییەوە، ئەو راهێنەرە نزیکە لە وەرگرتنی ئەرکی مەشقدانی یانەیەکی پرێمەرلیگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە