کرووس هێرشدەکاتە سەر ئەو یاریزانانەی دەچنە خولی سعودی

03-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆنی کرووس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدرید لە رەخنەگرتن لە خولی سعودیە بەردەوامە و هێرشدەکاتە سەر ئەو یاریزانانەی دەچنە ئەو خولە.
 
کرووس لەلێدوانێکی نوێدا دەڵێت "یارییکردن لە سعودیە بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ شتێکی گونجاوە، لەکاتێکدا لە کۆتاییهاتنی کاروانی یارییکردنی نزیکدەبێتەوە، بەڵام زۆر زەحمەتە لەوە تێبگەی یاریزانێک کە لە ناوەڕاستی کاروانی یارییکردنیدایە و توانای ئەوەی هەیە لە یانە گەورەکانی ئەورووپا یاری بکات."
 
تۆنی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "هەمووان دەڵێن تۆپی پێی تەماحکاری لەوێ ئەنجامدەدرێت، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە بابەتەکە پەیوەندی بە پارەوە هەیە و ئەم بڕیارەش بەهۆی پارەوە لە دژی تۆپی پێیە و لێرەشەوە شتەکان قورس دەبن بۆ تۆپی پێی، لەکاتێکدا ئێمە هەموومان خۆشمان دەوێت."
 
تۆنی کرووس ئەمە یەکەمجار نییە هێرشدەکاتە سەر خولی سعودیە و پێشتر گوتبووی ئەستێرە لاوەکان 'تەنیا بۆ پارە' پەیوەندی بە خولی سعودییەوە دەکەن و راشیگەیاندبوو کە 'نەبوونی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە، رێگەم پێنادات پەیوەندییان پێوە بکەم.
 
کرووس لە جامی سوپەری ئیسپانیای وەرزی رابردوو چووە سعودیە، لەوێ هاندەرانی سعودیە لە دژی ئەو هێرشانەی کردە سەر خولی تۆپی پێی وڵاتەکەیان فیکەی لەدژی ئەستێرە ئەڵمانییەکە لێدا و دوای ئەوە کرووس گوتی "ئەوانەی فیکەیان لێدا بەشێ زۆریان درێسی ریال مەدریدیان پۆشیبوو، بەڵام وادیارە ناچاربوون بەو شێوەیە دەروونی خۆیان بەتاڵ بکەنەوە."
 
خولی سعودیە لە ماوەی سێ رابردوودا یەکێک بووە لەو خولە گەورانەی لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین پارەی لە گواستنەوەی یاریزانان خەرجکردووە، دیارترین یاریزان پەیوەندیی بەو خولەوە کردبێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بنزیما، نەیمار، رۆبێرتۆ فیرمینۆ، ریاز مەحرز، ئێنگۆلۆ کانتێ و دەیان یاریزانی دیکەش لە تەمەنە جیاوازەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە