هێرشبەرێکی کریستاڵ پاڵاس بە 25 تەقەڵ سەری دوورایەوە

03-03-2025
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن کریستاڵ پاڵاس
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

پزیشکان ناچاربوون بە 25 تەقەڵ، سەری جیان فیلیپی ماتێتای هێرشبەری کریستاڵ پاڵاس بدورنەوە، پاشئەوەی ئەو یاریزانە لە یاریی یانەکەی بەرامبەر میلوال لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، گورزێکی گەورەی بەرکەوت.

کریستاڵ پاڵاس، لە گەڕی پێنجەمی جامەکەدا، لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی میلوالی کرد و هەر لەسەرەتای یارییەکەدا، فیلیپی ماتێتا رووبەڕووی گورزێکی گەورەی گۆڵپارێزی یانەی میوان بووەوە و بەهۆیەوە ماوەیەک لەسەرزەوی مایەوە بۆ چارەسەریی وەرگرتن، بەرلەوەی ناوبژیوان، لیام رۆبێرتزی گۆڵپارێزی میلوال بەکارتی سوور بکاتە دەرەوە.

لێدانەکەی گۆڵپارێزی میلوال بۆ سەری هێرشبەرەکەی کریستاڵ پاڵاس بوو، پزیشکانی یانەکە لە نێو یاریگەدا چارەسەری سەرەتاییان بۆ ئەو هێرشبەرە کرد و راستەوخۆ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

ناوبژیوانی یارییەکە ناچاربوو پەنا بۆ ڤار ببات، لەپێناو دڵنیابوونەوە لەوەی کە گۆڵپارێزی میلوال شایستەی کارتی سوورە.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، ماتێتا بە 25 تەقەڵ سەری دووراوەتەوە، بەرلەوەی رەوانەی ماڵەوە بکرێت.

ئەگەرچی رووداوەکە مەترسیدار و جێگەی نیگەرانیی هاندەرانی کریستاڵ پاڵاس بوو، بەڵام ماتێتا چەند کاژێرێک پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لە سۆشیال میدیای خۆی پەیامێکی بۆ هاندەران نارد و گوتی، سوپاسی هەمووان دەکەم بۆ ناردنی هەواڵ پرسینەکانتان، من باشم، هیوادارم زووتر و بەهێزتر لە پێشوو بگەڕێمەوە.

وێڕای بێبەشبوونی لە تواناکانی ئەو هێرشبەرە، کریستاڵ پاڵاس 3 - 1 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی داهاتووی جامەکە.

لە قۆناخی نیوەی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، کریستاڵ پاڵاس لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر فولهام یارییدەکات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە