راهێنەرێکی پیاو ناچارکرا سەرپۆش لەسەربکات

02-12-2017
سه‌نگه‌ر ستار
نیشانەکردن بووە گاڵتەجاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
A+ A-
رووداو – هەولێر

لە روداوێکی سەیرو سەمەردا دەستەڵاتدارانی ئێران راهێنەری هەڵبژاردەی کەبادی کچانی تایلەندی ناچار کرد لەچک لەسەربکات و وەک باڵاپۆش بچێتە نێو یاریگە.

 لە پاڵەوانێتی کەبادی ئاسیاد، کە رکابەرییەکانی لە شاری جرجانی ئێران بەڕێوەدەچێت، لە یاریی نێوان کچانی ئێران و کچانی تایلەند، بەرپرسانی پاڵەوانێتییەکە سامبراش فۆنشۆی راهێنەری کچانی کەبادی تایلەندیان ناچارکرد لەچک لەسەربکات بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە نێو یاریگە و سەرپەرشتی تیپەکەی بکات.

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی سامبراش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە باڵاپۆشی، کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و گاڵتەی زۆریان بە سامبراش کرد، لەبەرامبەردا رەزا مەقسودۆلۆ سەرۆکی یەکێتی کەبادی ئێران بە راگەیاندنی وڵاتەکەی راگەیاند، بەپێی یاساکانی ئێران پیاو نابێت لە یارییەکانی ئافرەتان ئامادەبێت، بۆیە لەچەکی لەسەرکرا. 
لەسەر روداوەکە سامبراش بە رادیۆی فێردای ئەمریکی راگەیاند، بەرپرسانی پاڵەوانێتییەکە ئەویان ناچارکردووە لەچەک بپۆشێت و دوو جار سەرپۆشی رەنگاورەنگیان لەسەرکردووەو کارەکەی بەگاڵتەجار وەسفکرد.
دواتر رەزا مەقسودۆلۆ سەرۆکی یەکێتی کەبادی ئێران لە دووەم لێدوانیدا قسەکانی پێشووی رەتکردووەو رایگەیاند، سامبراش تەنیا بۆ وێنەگرتن ئەو لەچەکانەی لەسەرکردووەو کەس زۆری لێنەکردووە.

کەبادی یارییەکی بەنگلادیشی - هندییە و ئێستا لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا گرنگی زۆری پێدەدرێت و بووەتە پاڵەوانێتییەکی فەرمی لە کیشوەری ئاسیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە