زۆر له به‌رازیلییه‌كان ره‌خنه له نیمار دا سیلڤا ده‌گرن و پێیانوایه ئه‌وه‌نده‌ی بۆ بارسێلۆنا خۆی ماندوو ده‌كات ئه‌وه‌نده بایه‌خ به هه‌ڵبژارده‌ى به‌رازیل نادات. سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له نیماریش ده‌ڵێت "باش یارینه‌كردنى نیمار له دوایین دوو یاری هه‌ڵبژارده‌ى به‌رازیل به‌هۆی ئازاری ددانه‌وه بووه".
له كاتێكدا كه نیمار ئێستا به‌و ئاسته به‌رزه‌ى له‌گه‌ڵ یانه‌ى بارسێلۆنا پێشكه‌شی ده‌كات بووه‌ته جێگه‌ى سه‌ره‌نجی هه‌موو جیهان، تا ئه‌و رادده‌یه‌ی هه‌ندێك به ركابه‌رێكی سه‌ره‌كی لیۆنێل مێسی ئه‌رجه‌نتینی و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالى ده‌یزانن، كه‌چی به‌رازیلییه‌كان ره‌خنه‌ی لێده‌گرن به‌هۆی ئه‌وه‌ى له دوایین دوو یاری هه‌ڵبژارده‌ی سامبا له پاڵاوتنه‌كانى ئه‌مریكای باشوور بۆ مۆندیالى 2018ى رووسیا، به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌كانى ئه‌رجه‌نتین و پیرۆ ئاستێكی خراپی پێشكه‌شكرد.
رخنهكان گه‌یشتنه ئاستێك كه زۆر له به‌رازیلییه‌كان پێیانوایه نیمار به ئه‌نقه‌ست كه‌مته‌رخه‌می ده‌كات و ده‌ڵێن "ئه‌وه‌نده‌ى خه‌می بارسێلۆنای هه‌یه، ئه‌وه‌نده بیر له هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌ى ناكاته‌وه"، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و سیناریۆیه‌یه كه ماوه‌یه‌كى زۆر لیۆنێل مێسی هاوڕێی نیماریش به‌ده‌ست ئهرجهنتینییهكانهوه بینی. چونكه ئهرجهنتینییهكانیش هه‌مان تۆمه‌تیان ده‌دایه پاڵ مێسی.
به‌رازیلییه‌كان له زۆر رۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕ و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا ئه‌و ره‌خنانه‌یان ئاراسته‌ى نیمار كردووه. رۆژنامه‌یه‌ك نووسیویه‌تى "نیمار ته‌نیا بیر له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌كاته‌وه، ئه‌و ده‌زانێت كه زیاتر له‌گه‌ڵ بارسا یاریده‌كات و ده‌توانێت له‌وێ زیاتر ده‌ركه‌وێت، بۆیه گرنگی كه‌متر به هه‌ڵبژارده‌ى سامبا ده‌دات". ماڵپه‌ڕێكیش نووسیویه‌تى "زۆر سه‌یره، بۆچی بۆ بارسا به‌و ئاسته به‌رزه یاری ده‌كات، كه‌چی بۆ به‌رازیل وه‌ك یاریزانێكی ئاسایی ده‌رده‌كه‌وێت، خۆ هه‌ر هه‌مان یاریزانه؟!".
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا هانده‌رانى هه‌ڵبژارده‌ى به‌رازیل به چه‌ندین كۆمێنت ره‌خنه‌یان له نیمار گرتووه، كه له‌وانه‌یه سهرهنجڕاكێشترینیان ئه‌وه‌بێت، كه یه‌كێك نووسیویه‌تى "نیمار مردووه، ئه‌و چه‌ند له‌گه‌ڵ بارسا باشترده‌بێت له‌گه‌ڵ سامبا خراپتر ده‌بێت".
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م ره‌خنانه‌دا، هێشتا هه‌ندێك هه‌ن به‌رگری له نیمار ده‌كه‌ن و پاساو بۆ ئه‌و ئاسته خراپه‌ی ده‌هێننه‌وه، كه له دوایین دوو یاری هه‌ڵبژارده‌ى به‌رازیل له پاڵاوتنه‌كانى مۆندیالدا پێشكه‌شی كرد. چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی به‌رازیل له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له نیمار بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه هۆكاری ئه‌و ئاست خراپییه‌ى نیمار ئازاری ددان بووه‌و نووسیویانه "پێویسته به‌رازیلییه‌كان ئه‌و راستییه بزانن، كه ئه‌وكات نیمار تووشی ئازارێكی زۆری ددانه‌كانى ببوو، دووجار سه‌ردانى پزیشكی ددانى كردبوو، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییه‌كى زۆری له‌سه‌ر ئاستی یاریكردنى هه‌بوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ