ئال پاچینۆ هاندەری چیلییە یان ئارجێنتینا؟

02-07-2015
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن کۆپا ئەمێریکا
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئال پاچینیۆ ئەکتەری بەناوبانگ لایەنگیری خۆی بۆ یەکێک لەو دوو هەڵبژاردەیە دەربڕی کە رۆژی 4ی مانگ لە یاری کۆتایی پاڵەوانیەتیی کۆپا ئەمێریکادا بەیەکدەگەن.

ئال پاچینۆ کە بە بینینی رۆڵی پاڵەوان لە چەندین فیلمدا ناوبانگی دەرکردووە و ئەکتەرێکی خۆشەویستی لای بینەرانیەتی و لەسەر ئاستی سینەمای جیهانیدا ناوبانگێکی زۆری هەیە، نامەیەکی بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا ناردووە و رایگەیاندووە هاندەریانە لە یاری کۆتایی پاڵەوانیەتیی کۆپا ئەمێریکادا.

خاوەنی فیلمی باوکی رۆحی یان گەد فازەر دەڵێ هەست بەدڵخۆشییەکی زۆر دەکەم کاتێک مێسی دەبینم لە باشترین ئاستیدایە و لەگەڵ هاوڕێکانیدا یاریدەکات.

ئەو بینەری یاری پێشکۆتایی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئارجێنتینا پاراگوای بوو کە هاوڕێکانی مێسی بە 6 - 1 سەرکەوتنیان تێدا بەدەستهێنا.

ئالفرێدۆ جەیمس پاچینۆی تەمەن 75 ساڵ لە مانهاتنی ئەمریکا لەدایکبووە و بەڕەگەز ئیتاڵیە، بەڵام کچە هاوڕێکەی کە ناوی ئایرس لۆسێلایە لەدایکبووی بۆینس ئایرسی ئارجێنتینایە و سەرچاوەکان دەڵێن ئەو خاتوونە وایکردووە ئال پاچینۆ ببێتە هاندەری ئارجێنتینا لە یارییەکەدا.

ئال پاچینۆ لە نامەیەکی پشتگیری تۆمارکراوی ڤیدیۆیدا بۆ یاریزانانی ئارجێنتینا دەڵێ من ویستی زۆرم هەیە بۆ قسەکردن لەگەڵتاندا، دڵخۆشم بەوەی پێتان بڵێم ئێوە خاوەنی ژمارەیەک یاریزانی لێهاتوون، رێزم بۆ ماندووبوونتان هەیە لە یاریگەدا، ئێوە هەڵبژاردەیەکی نایابن و دڵخۆشم کە دەتانبینم، کاتێک ئێوە بەباشی یاریدەکەن، ،من هەست بەشانازی و دڵخۆشی دەکەم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە