راتکلیف دەیەوێت گۆڕانکاری ریشەیی لە مان یونایتددا بکات و تەنیا سێ یاریزان گەرەنتی مانەوەیان هەیە

02-05-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سێر جیم راتکلیف، سەرپەرشتیاری وەرزشی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەیەوێت گۆڕانکاری ریشەیی لە یانەکەیدا بکات و بەشێکی زۆری یاریزانانی پێکهاتەکەی بفرۆشێت. 
 
راتکلیف بەبڕی 1.3 ملیار پاوەند بووە خاوەنی 27.7٪ـی پشکەکانی مانچێستەر یونایتد و یەکەم کاریشی بۆ یانەکە نۆژەنکردنەوەی یاریگەی ئۆڵدترافۆرد دەبێت. لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، راتکلیف رایگەیاندووە کە دەیەوێت رێد دێڤڵس بگەڕێنێتەوە لووتکەی تۆپی پێی جیهان و سەردەمی چنینەوەی نازناوەکان. 
 
بەپێی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەڕیتانی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان راتکلیف و راوێژکارەکانی ئەنجامدراوە و تێیدا باسیان لە هۆکارەکانی خراپی ئاستی مانچێستەر یونایتد و چارەسەری کێشەکانی یانەکە کردووە، یەکێک لەو چارەسەرانەی کە پێشنیازکراوە فرۆشتنی بەشێکی زۆری یاریزانانی پێكهاتەکە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ریشەییە لە یانەکە. 
 
بەپێی هەواڵەکان، تەنیا سێ یاریزانی لاوی یانەکە کە بریتین لە کۆبی ماینۆ، ئالیخاندرۆ گارناچۆ و راسمەس هۆیلاند گەرەنتی مانەوەیان لە یانەکەدا هەیە، جگە لەوان هەموو یاریزانانی دیکەی پێکهاتەکە ئەگەری فرۆشتن و بەڕێکردنیان هەیە. 
 
یانەی مانچێستەر یونایتد بەدۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، لە پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت و بە ئەنجامدانی یارییەک زیاترەوە شەش خاڵ لە دوای تۆتێنهامی پلەی پێنجەم دێت. تاکە هیوای یانەکە بۆ ئەوەی بەدەستی بەتاڵ کۆتایی بە وەرزەکە نەهێنێت بردنەوەیە لە مانچێستەر سیتی لە یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپ، کە ساڵی رابردوو لە هەمان قۆناخ بەرامبەر هەمان یانە تووشی شکست هات و نازناوەکەی لەدەستدا. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە