یاسایەکی لالیگا رێگری لە لونین دەکات خەڵاتی زامۆرا بباتەوە

02-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێک لە یاساکانی لالیگا رێگری لە ئاندرێ لونین، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید دەکات لەوەی خەڵاتی زامۆرا بۆ باشترین گۆڵپارێزی وەرز بباتەوە. 
 
دوای ئەوەی هاوینی رابردوو، تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی سەرەکی ریال مەدرید تووشی پێکانێکی سەخت هات، ریال مەدرید کێپا ئاریزابالاگای بە خواستن لە یانەی چێڵسییەوە گواستەوە ریزەکانی، بەڵام دواتر ئەویش تووشی پێكان دەبێت و چەند یارییەک دادەبڕێت، ئەمەش وایلە یانە مەدریدییەکە کرد روو لە ئاندرێ لونین بکات و بیکاتە گۆڵپارێزی یانەکە. لونین  بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت، تەنانەت دوای ئەوەی کە کێپاش لە پێکانەکەی گەڕایەوە، شوێنەکەی بۆچۆڵ نەکرد و وەک گۆڵپارێزی سەرەکی ریال مەدرید مایەوە.
 
لونین لەم وەرزەی لالیگادا، بەشداری لە 18 یاریدا کردووە، لە نۆ یاریدا گۆڵەکەی بەخاوێنی پاراستووە و تەنیا 11 گۆڵی لێکراوە، بەمشێوەیە رێژەی ئەو گۆڵانەی لە یارییەکدا لە گۆڵپارێزەکە دەکرێن بریتییە لە 0.61، کە لەم رووەوە لە پێش هەموو گۆڵپارێزەکانی دیکەیە و خاوەنی باشترین رێژەیە. سەرەڕای ئامارە سەرنجڕاکێشەکانی، گۆڵپارێزە ئۆکرانییەکە ناتوانێت خەڵاتی زامۆرا بباتەوە، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە مەرجەکانی بەربژێربوون بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە ئەوەیە دەبێت گۆڵپارێزەکە بەلایەنی کەمەوە بەشداری لە 28 یاریدا بکات و لەو یارییانەدا بەشداری 60 خولەک یان زیاتر بکات، بەڵام لونین تاوەکو ئێستا بەشداری لە 18 یاریدا کردووە و ئەگەر بەشداری هەموو یارییەکانی داهاتووی ئەم وەرەی خولەکەش بکات، ژمارەی یارییەکانی دەبێتە 26 یاری و بەمشێوەیە ناتوانێت خەڵاتەکە بباتەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە دوای ئەوەی ئیکەر کاسییاس لە وەرزی 2007-2008 خەڵاتی زامۆرای بردەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ هیچ گۆڵپارێزێکی دیکەی یانەی شاهانە نەیتوانی خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت هەتاوەکو لە وەرزی 2019-2020، تیبۆ کۆرتوا خەڵاتەکەی بردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە