بایكۆتكردن گه‌یشته‌ نێو یانه‌كانی كوردستان

02-03-2016
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن یانه‌ى سۆلاڤ
A+ A-

كارزان كانه‌بى
رووداوی وه‌رزشی ـ كه‌ركووك

سه‌رپه‌رشتیارى تیپى تۆپى پێى یانه‌ى وه‌رزشیى سۆلاڤ، به‌ (رووداوى وه‌رزشی) راگه‌یاند ئامانجیان له‌م وه‌رزه‌ى خولى نایابى یانه‌كانى كوردستاندا ته‌نیا مانه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌داو گوتى "هۆكارى خراپى ئه‌نجامى تیپه‌كه‌مان كه‌مى ئه‌زموونى یاریزانانمانه‌، به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌ش یاریزانان هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتكردن ده‌كه‌ن".

یانه‌ى سۆلاڤ، ئه‌م وه‌رزه‌ به‌هیواى ئه‌وه‌ بوو میوانێكى ناوازه‌ى خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان بێت و به‌ ریتمى سه‌ركه‌وتن له‌ خولى پله‌ یه‌كه‌كان بۆ نایابى كوردستان ئاستى شایسته‌ پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام پێشبینه‌كان وا ده‌رنه‌چوون، كه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ 8 یاریدا نه‌یتوانیوه‌ یه‌ك بردنه‌وه‌ش به‌ده‌ستبێنێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا سوودی له‌ 2 راهێنه‌ریش وه‌رگرتووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارگێڕانى یانه‌كه‌ ئومێدیان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مساڵ ته‌نیا بلیتى مانه‌وه‌ له‌ خولى كوردستان مسۆگه‌ر بكه‌ن.

سه‌ردار ئه‌حمه‌د، سه‌رپه‌رشتیارى تیپى تۆپى پێى یانه‌ى وه‌رزشیى سۆلاڤ، سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی تیپه‌كه‌ی، به‌ (رووداوى وه‌رزشی) گوت "ئێمه‌ ئه‌مساڵ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ مه‌جید سه‌لامان كرده‌ راهێنه‌رى تیپه‌كه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و نه‌یتوانى له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ ئه‌نجامى باش به‌ده‌ستبێنێت و جگه‌ له‌وه‌ش 6 یاریزانى له‌ تیپه‌كه‌ دوورخسته‌وه‌، دواتر راهێنه‌رێكی نوێمان هێناو ئه‌و 6 یاریزانه‌ی هێنایه‌وه‌. هۆكارێكى دیكه‌ش كه‌مى ئه‌زموونى یاریزانانى یانه‌ى سۆلاڤ بوو له‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان".

له‌ باره‌ى هیواى تیپه‌كه‌یان، كه‌ ئێستا له‌ دوایین پله‌كانى ریزبه‌ندى یانه‌كان دێت، سه‌ردار گوتی "ئێمه‌ له‌م وه‌رزه‌دا هیچمان پێناكرێت، ته‌نیا مانه‌وه‌ نه‌بێت له‌ خوله‌كه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یانه‌ى وه‌رزشیی سۆلاڤ، گرفته‌ زۆره‌كانى یانه‌كه‌یانى نه‌شارده‌وه‌و گوتى "ئێمه‌ش وه‌ك هه‌موو یانه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، گرفتى داراییمان هه‌یه‌، تاوه‌كو ئێستا مووچه‌ى یاریزانانمان پێ دابین نه‌كراوه‌، یاریزانه‌كانیش هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتكردنى مه‌شقه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌كانیان بۆ دابین بكه‌ین. ئه‌وانه‌ هه‌مووى گرفتن، ئێمه‌ش قه‌رزارین و تاوه‌كو ئێستا پاره‌ى چه‌ندین شوێنمان لایه‌و پێمان نه‌دراوه‌ته‌وه‌".

 ئه‌و هه‌روه‌ها گوتیشی "نه‌ له‌ به‌غداد و نه‌ له‌ هه‌رێمیش هیچ كه‌سێك هاوكاریمان ناكات، بۆ دابینكردنى مووچه‌ى یاریزانانیشمان پشتمان به‌ كه‌سایه‌تییه‌ دڵسۆزه‌كانى شارى كه‌ركووك و یانه‌كه‌مان به‌ستووه‌، كه‌ هاوكارن و هه‌ندێكیشیان قه‌رزیان به‌ تیپه‌كه‌مان داوه‌، كه‌ به‌ڕاستى به‌ یارمه‌تی ئه‌وان توانیومانه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وام بین".

یانه‌ى سوڵاڤ، یارییه‌كانى له‌ گرووپی دووه‌م ئه‌نجام ده‌دات و تاوه‌كو ئێستا ته‌نیا 2 خاڵی له‌ دوو یه‌كسان بوون و 6 دۆڕان كۆكردووه‌ته‌وه‌و پله‌ی دوایینی ریزبه‌ندی یانه‌كانى گرووپه‌كه‌ی گرتووه‌.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە