گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە شاری هەولێر فێرگەیەکی وەرزشی بەشێکی تایبەت بە تێنسی سەرزەوی دەکاتەوە و کچان و ژنانیش رووی تێدەکەن. 
 
لە یەکەم رۆژی مەشق و راهێانەکانیدا زیاتر لە 30 کەس خۆیان ناونووس کردبوو بۆ بەشداری کردن لە یاریی تێنسی سەرزەوی کە لە تەمەن و رەگەزی جیاواز بوون. لە تەمەنی  سەرووی 18 ساڵی لە کۆی هەشت کەس فێرخواز حەوتیان ئافرەت بوون. 
 
مەشق و راهێنانەکان هەفتانە 3 جار دەکرێن و بۆ هەر رۆژێک 3 کاژێرە؛ لە یەکێک لە گۆرەپانەکانی تایبەت بە تێنسی سەرزوی  ئەنجامدەدرێت. 
 
ناسڕ عەبدولرەزاق، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ  یاریی تێنسی سەرزەوی و راهێنەری فێرگەکە بە تۆری میدیایی رووداوی گووت: "بە خۆشحالیەوە  ئەمڕۆ دەبینم هەولێر گرنگی بە تێنسی سەرزەوەی دەدات و تایبەت ئافرەتان کە لە کۆی هەشت کەس حەوتیان ئافرەتن. ئامانجی سەرەکیی ئەم فێرگەیە، ئەوەیە نەوەیەکی نوێ دروست بکەین بۆ یاری تێنسی سەرزەوی کە یارییەکی جیهانیە و لە هەموو روویەکەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بۆ یەکەمجارە بەم رێژەیە لە تەمەنە جیاوازەکان لە یەک رۆژدا ناو تۆمار بکەین و روو لە مەشقکردن بکەن." 
 
ئەم راهێنەرە باس لەوەش دەکات: "هەرچەندە  لە هەولێر گۆرپانی یاری تێنس کەمە، بەڵام گۆرەپانی پارکەکانیش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر ببینێت و سەرنجیان راکێشێت و زیاتر ئارەزوو و خولیای بۆ ئەم یاریە هەبێت."
 
لە بارەی چۆنییەتی راهێنانەکان، ناسڕ عەبدولرزاق دەڵێت، "چوار راهێنەری پیشەگەرمان هەیە؛ دوو ئافرەت و دوو پیاو کە لە هەڵبژاردەی عێراق یاریان کردووە، سەرجەمیان کوردن. دەکرێ بۆ ساڵی ئایندە یاریزانی باش ئامادە بکەین بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا هەولێر ببێتە یەکەم شاری بێ راکابەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کوڕان و کچان."
 
تیبە محەممەد تەمەن 33 ساڵ کە خۆی مامۆستای زانکۆیە و وانەی ئینگلیزی دەڵێتەوە، بە تۆری مدیایی رووداوی گووت: "من دەمێکە حەزم لە فێربوونی ئەم یارییە بوو شوێنێکیش نەبوو بۆ فێرکردن و یاریکردنی، بەڵام  ئێستا لە هەولێر گرنگی بە گۆرەپانی ئەم یاریە دەدرێت بۆیە یەکسەر خۆم و خوشکەکەم هاتووین ئەو خەونەی  هەمانبوو بیکەیەنە راستی."
 
ئەم مامۆستایە دەشلێت، "پێشتر لە نێو کۆمەڵگەی ئێمە  ئافرەت نامۆ بوو ئەگەر هەر وەزشێکی کردبا، بەڵام ئەمرۆ ئافرەتان دەبینم لە هەموو وەزشێکەوە رۆڵیان هەیە. من و خووشکەکەم بۆ ئارەزووی خۆمان و خۆشەویستیی بۆ یاریەکەمان خۆمان فێردەکەین."
 
یاری تێنس یارییەکی جیهانییە و نوێ نییە، بەڵام لە بەشێکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراست، تایبەت عێراق ئەم وەزشە گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە. ساڵی 2022 بۆ یەکەمجار خوولی پیشەگەرانی یاری تێنسی سەرزەوی لە عێراق بەرێوەچوو کە 12یانە بەشداربوون یانەی جەیش پلەی یەکەم و یانەی هەولێر پلەی سێیەمیی بەدەستهێنا. 
 
تێنس وەرزشێکی بەناوبانگە کە دوو یان چوار یاریزان لە یاریکردنی بەشداردەبن و راکێت بەکاردەهێنن بۆ لێدانی تۆپێکی بچووک بۆ پێش و دواوە لەسەر تۆڕێک لەسەر یاریگایەکی چوارگۆشە.  ئامانجی یارییەکە لێدانی تۆپەکە بەجۆرێکە کە یاریزانی بەرامبەر نەتوانێت بیگەڕێنێتەوە، بەمەش خاڵێک تۆمار دەکات.
 
تێنس دەتوانرێت وەک یاری تاک یان دووانە ئەنجامبدرێت، هەر یاریزانێک بە نۆرە خزمەت بە تۆپەکە دەکات. خاڵەکان بە پشتبەستن بە بێتوانایی یاریزانی بەرامبەر لە گەڕاندنەوەی تۆپەکە لە سنووری یاریگاکەدا دەدرێت و یارییەکان بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەکرێن بەسەر کۆمەڵەکاندا (بەزۆری 3-5 لە هەر یارییەکدا) کە براوە ئەو یاریزانە یان تیپەیە کە زۆربەی کۆمەڵەکان دەباتەوە.
 
تێنس وەرزشێکی جەستەییە و پێویستی بە خێرایی و چالاکی و بەرگەگرتن هەیە. لە هەموو ئاستەکاندا یاری دەکرێت، لە کات بەسەربردنەوە تا یاریی پیشەگەرانە.  بەشێک لە یاریزانە پیشەگەرەکانی تێنسی سەرزەوی بریتین لە سێرینا ویلیامز و رافایل نادال و نۆڤاک جۆکۆڤیچ و رۆجەر فێدرێر.