گەڕانەوەی رۆدری هیوا بۆ مانچێستەر سیتی دەگەڕێنێتەوە

01-03-2025
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن رۆدری مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی، خاوەن باڵۆن دۆری ساڵی رابردوو، گەڕایەوە راهێنانەکان و بەردەوامی دەدات بە چاکبوونەوەکەی. 
 
رۆژی هەینی ڤیدیۆیەک لە پێگەی سەرەکی یانەی مانچێستەر سیتی بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێت کە رۆدری دەستی بە مەشقە تاکەکەسییەکان کردووەتەوە.
 
رۆدری لە لێدوانێکدا دەڵێت "من پێکان بە بەشێک لە ژیانی پیشەگەری وەرزشیم دەبینم، لەو کاتانە گرنگی زیاتر بەو راهێنانە پێویستانە دەدەم کە بۆم دیاری کراوە و کات بۆ خانەوادەکەم تەرخان دەکەم".
 
رۆدری چەند مانگێکە لە یاریگاکان دابڕاوە بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی، لەژێر چاودێری پزیشکیدا چارەسەری وەردەگرێت و ئێستا بەرەو چاکبوونەوە دەچێت.
 
رۆدری لە درێژەی بەرنامەی چارەسەرییەکەیدا گەڕاوەتەوە مەشقەکان، بەڵام ئێستا تەنیا مەشقی تاکەکەسی دەکات و نزیکە لەوەی بگەڕێتەوە مەشقە بەکۆمەڵەکان.
 
میدیاکان پێیان وابوو کە ئەم وەرزە کۆتاییهاتووە بۆ ئەستێرە ئیسپانییەکە کاتێک پێپ گواردیۆلا لە لێدوانێکدا گوتی "ئەم وەرزە کۆتایی هاتووە بۆ رۆدری"، بەڵام پێشبینی دەکرێت رۆدری زووتر لە ماوەی پێشبینیکراودا بگەڕێتەوە بۆ یاریگاکان و بەشداری چەند یارییەکی گەڕەکانی کۆتایی خولەکە بکات.
 
یانەی مانچێستەر سیتی، بە دۆخێکی خراپدا تێدەپپەڕیت، لە پرێمەرلیگدا لە پلەی چوارەم دێت بە کۆکردنەوی 47 خاڵ. هەروەها لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەسەر دەستی ریال مەدرید ماڵئاوایی کرد لە قۆناخی پاشکۆ.
 
ئەستێرە ئیسپانییەکە لە 2019 پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە کرد، خاوەنی چوار نازناوەی پرێمەرلیگە و دوو نازناوەی جامی یەکێتیی ئینگلتەرای بەدەستهێناوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە