بێگانە

31-10-2018 1 کۆمێنتەکان
رەسووڵ سوڵتانی
نیشانەکردن بێگانە
A+ A-


ئەوە لە بنەوە بەچی پێدەكەنێ؟ باشە ئەتاریكردن ئی ئەوەیە ئاوا نەرم نەرم زەردەخەنەت بێتێ؟ دەی چاوی دەرێ، ئەی خۆ هێندە وریاش نییە بڵێم... جا وەڵاهی چووزانم. داخوا ئەمنیش لە كاتی "چات"ـكردندا ئاوا زەردەخەنەم دێتێ؟ بڵێی ئەویش بمبینێ؟ نا كوڕە خۆ ئەو گێلە هەر ئاگای لە دنیا نییە. چووزانێ؟ هەر دەزانێ بیر لەوە بكاتەوە ئەمڕۆ چەندەی خەرج بووە و سبەی دەبێ چەند پارە خەرج بكا. تۆ سەیری كە، ئێستا ئەوە خەریكە، تۆزێكی دی تا ئاوڕی لێ دەدەیەوە وەك بەراز پرخەی دێ. هەی داوەشێی. دەی تخوا ئەوەش مێرد بوو من كردم؟ ئەوەتا مێردی خەڵك تا نیوەی شەوێ بەخەبەرن... چی؟ ئەی لەو سەگبابە، تۆ سەیركە چیی بۆ ناردووم؟ ئەیەڕۆ چەندە بێشەرمە... بێشەرم هەر وا دەبێ. بێشەرم نەبوو. ئەوەڵێ زۆر زۆر بە ئەدەب بوو. بە بەڕێز و خاتوون و خانم دەیدواندم. هەتیوە زۆڵە. كە دەیویست ماڵاوایی بكا، دەیگوت: چاوەكانت ماچ دەكەم... نا من هیچم نەدەگوت. هەر دەمنووسی: بای... ئەو هەموو جارێ دەیگوت چاوەكانت ماچ دەكەم... تا ئەو جارەی نووسیی: چاوە گەشەكانت ماچ دەكەم و... منیش نووسیم: ئەو "و" و خاڵانە چین؟ گوتی خۆت پڕیانكەوە. هیچم نەگوت. ویستم بڵێم سنوورێك دابنێ. دڵم نەیهێشت.... لەبری ئەوەی وا بڵێم شوێنە بەتاڵەكەم پڕ كردەوە. ئاخر شوێنی بەتاڵ دەبێ پڕ بكرێتەوە. ئەوەتا من نێو دڵم ئەوەندە چۆڵە دەبێ بەو هەتیوەی پڕبكەمەوە. شێت و شووڕ، جاری وایە قسەی وەها دەكا تك تك ئاوم لێ دەتكێ. خۆ ناكرێ بۆ كەسیشی باس بكەم. حەزم لێبوو بیكەمە چیرۆكێك و بڵاوی بكەمەوە، دوایی گوتم بەخوا دەیخوێنێتەوە و لەلاپەڕەی ئینستا و فەیسبووكەكەی دایدەنێ و خەڵك دەزانن چ باسە... دەی با بزانن....بزانن؟ حەیاچوونە كچەتیو. خەڵكی ئێرەت پێ چییە؟ ژیان لەخۆت مەشێوێنە. نایشێوێنم. ئێستاش زۆر خۆش نییە. لەوە شێواوترەكەی دەبێتە چی؟ نابێتە هیچ. با لەكۆڵم بێتەوە. تۆ سەیری ئەو پرخەپرخەی! دەڵێی لە دروێنە هاتۆتەوە. دروێنە؟ جا من چووزانم دروێنە چییە؟ ئیدی كاتێك یەكێك زۆر ماندوو دەبێ شتێكی ئاوای بۆ دەڵێن... خۆ ناڵێم دەڵێی لە تایپكردن هاتۆتەوە. ئەرێوەڵا من جاری وایە ئەو شانوپیلەم وەختە بێتە دەرێ. دكتۆر تەهای جیرانمان دەیگوت ئی مۆبایلە. دەیگوت ئەوەندە سەر بەو مۆبایلەدا دەكەن هەموو مۆرەی ملتان دەسوێ و تووشی ئارترۆز دەبن. دەی با ببم تازە بەتەمای چیم... بەتەما... جا بۆ نا... ژیان چییە، هەلێكە و هاتووە بۆ لەكیس خۆمی بدەم. خۆ من شیرنە كەرە نیم بەو گولەوە نووساوە وەك بڵێی لە ئاسمانەوە بۆی بەربۆتەوە. ئەو رۆژە دەیگوت جا خوشكێ من بە دڵی خۆم مێردم پێ كردووە چۆن دەبێ خیانەتی لێ بكەم؟ گوتم خیانەت چییە؟ كچێ هەی كەرە، ئەوە قسەی پیاوانە، خیانەتی چی؟ گوتی تۆ بڕۆ چ دەكەی بكە دایكەكەم من شتی وا ناكەم. خۆ تۆ بە نابەدڵی مێردت بە كەیوان نەكردووە، بۆ خیانەتی لێ دەكەی؟ 

زانیم ناتوانم ئەو كەرە تێگەیەنم. كەیوان، كەیوان، كەیوانی چی؟ هەر گەیشتەوە ماڵێ ئاوێك بەخۆیدا دەكا و دەڵێ دەچم بۆ لای برادەرەكانم نێرگەلەیەك دەكێشم و دێمەوە. كە دێتەوەش ئەوە سەری بەسەر ئەو مۆبایلەیدا دەكا و ئەتاریم بۆ دەكا. خۆ ئاگای لە من نییە. سێ مانگیش دەبێ دەستی وێم نەكەوتووە. سەرەتاكان تۆزێك باشتر بوو. خۆزگە ئەو رۆژەی ناسیم تۆزێك زیاتر لێی ورد ببوومایەتەوە. ئاخر وردبوونەوەی چی؟ وەڵاهی لە داخی ئەو شێرزادە هیچوپووچە وام كرد. باشە من چیم كەم بوو ها؟ بۆ وای كرد؟ گوتیان خوشكەكانی رازی نەبوون. خوشكەكانی گوتوویانە بۆخۆمان ژنت بۆ دێنین. دەبێ ئەوەی دەبێتە ژنی تۆ لەگەڵ ئێمە بێتەوە. گوتبوویان ئەو كچە بێنی، ئیدی تاهەتایە بەماڵتدا نایەین. ئەو خوێڕییەش خۆ لەگەڵ منی باس نەكرد، باسی كردبا هەر نەبێ دەچووم لەگەڵ خوشكەكانی قسەم دەكرد. دەمگوت ئێوە چۆنتان دەوێ من وا دەبم، بەڵام لێم تێكمەدەن... چووزانم رەنگە واشم نەكردبایە... ئەو رۆژەی كە نەهاتبووە پۆل، لەخۆوە دڵم زۆر توند بوو. ماهیر بە مامۆستای گوت: ئەمڕۆ شێرزاد ژن مارە دەكا و نایەتەوە. چۆن نەمردم؟ بۆ گیانم دەرنەچوو؟ چۆن بەسەرخۆمدا زاڵبووم و یەكبەخۆم هاوارم نەكرد و نەگریام و لە پۆل نەچوومە دەرێ؟ سەیر بوو... سڕ بووم. هەستم كرد میچی پۆلەكە هاتە خوارێ و هەناسەی لێ بڕیم... ئاگام لەخۆم نەما... نەمزانی مامۆستا چیی گوت و چۆن دەرس تەواو بوو. كاس بووم. دەی چیم كردبایە؟ چ دەكرێ؟ هیچ... تۆڵە باشترین رێگەیە... وام بیر كردەوە. لە تۆڵەی ئەو گوتم مێرد بە كەیوان دەكەم، چونكە زۆری رق لە كەیوان بوو. بۆم گرینگ نەبوو كەیوان چۆنە. ئیتر ئاوا لە وردەكارییەكانی دیكەی بگەڕێ، لە كاتێكی دیكەدا باسیان دەكەم. مەسەلەی حەز و خۆشەویستی نەبوو. زۆریشم دیتبوون ئەوانەی بەخۆشەویستی مێردیان كردووە و پاش یەك دوو ساڵ كەوتوونەتە گووخواردن... ببوورە ئەو قسەیەش دەكەم. گوتم خۆ كاكم و براژنم بە خۆشەویستی ژیانیان پێكنەهێناوە، هەموو دنیاش ئیرەییان پێ دەبا. ژیانیان پڕە لە رێز و ئارامی. ناڵێم شەڕیان نابێ، دەیانبێ، بەڵام خۆ ئەو وردەشەڕانە ئاسایین. خۆزگە ئێمەش شەڕمان بوایە. شەڕیشم لەگەڵ ناكا. چیی بەسەریدا دەشیڕێنم هیچ ناڵێ. پێدەكەنێ و دەڵێ خۆت كەر مەكە چایەك دێم كە. دەی چیی پێ بڵێم؟ ئەو ئارامە زۆڵە دەڵێ: حەزم لەو نامانەتە كە لە تەنیشت مێردەكەتەوە بۆمیان دەنێری. گوتم: قەت لەلای ئەوەوە نامەم بۆ نەناردووی. گوتی: ناڵێم درۆ دەكەی، بەڵام خۆ بەو سەرمایە نەچوویتە حەوشە. دڵنیام لە بن یەك بەتانییشن ئێستا. ئەی خۆزگە من لەجێی ئەو بوایەم... گوتم جا تۆ لە جێی ئەو بوایەی چیت دەكرد؟ بۆ گێڕانەوە نابێ، هێندە بێشەرمە قسەی وا دەكا مێردەكەی خۆت شتی وات پێ ناڵێ. سەرەتاكان زۆر قسەی فەلسەفی و كتێبانەی دەكرد. كە وشەیەكم دەنووسی، بە سەد باردا لێكیدەداوە. جارێكیان گوتی: بۆ وا بەپارێزەوە قسان دەكەی؟ گوتم ئاخر تۆ بێگانەی، خۆ ناكرێ سفرەی دڵمت بۆ بكەمەوە. نووسیبووی: هههههههههههههه شێتە، بێگانە ئەو ژن و مێردانەن كە لە بن بەتانییەكدا دەخەون بەبێ ئەوەی هەستیان بۆ یەكتر بجووڵێ... بێگانە ئەو ژن و مێردانەن كە لە كاتی جووتبوونیاندا هەر كامە و هۆشیان بەلای كەسێكی دیكەوەیە. من كە هەمیشە دڵم لای تۆیە و تۆ كە هەمیشە دڵت لامە، چۆن لێك بێگانەین؟

گوتم: جا تۆ چووزانی دڵم لای تۆیە؟

گوتی: زۆر باشە، تكایە بەیانیان كە هەستای هەوڵ بدە بیر لە من نەكەیەوە. هەر رۆژێك هەستت كرد منت لەبیر كردووە، تكایە كورتە نامەیەكم بۆ بنێرە...

هەر قسەیەكی دەیكرد، شوێنێكی لەسەر دادەنام. خۆ جاران كە لەخەو هەڵدەستام بیرم لە زۆر شت دەكردەوە و جاروبارەش قسەیەكی شەوێی ئەوم بیر دەكەوتەوە، ئێستا لەوەتەی ئەم قسەیەی كردووە، هەر لە خەو هەڵدەستم بیرم لای ئەوە. ئەو هەتیوە سیحربازە سیحرباز... سیحرباز نەبێ، بۆ هەر وەڵامی سڵاوەكەیم داوە، تەزوویەك لە گیانم گەڕا؟ راستە، جاروبار لە ئینستاگرامەكەی سەیری وێنەكانیم دەكرد، بەڵام قەت پێموانەبوو... تا ئەو رۆژەی كە پێموابێ دووەم جار بوو قسەم لەگەڵ كرد گوتی: دڵەكان شەپۆل و فرێكانس بۆ یەكتر دەنێرن، جا ئەو دڵانەی لەسەر یەك شەپۆلن زوو یەكتر دەدۆزنەوە.

گوتم: چۆن یەكتر دەدۆزنەوە؟

گوتی: هەر شەپۆلەكەیان بەر یەك بكەوێ، تەزوویەك بە گیانیاندا دێ. ئیدی لەو كاتەوە هەموو ساتێك چاوەڕوانی نامە و شەپۆلێكی یەكتر دەبن. 

بەو قسەیە متووی كردم. هەر جارێكی دەستم دەدایە مۆبایلەكەم بەخۆم نەبوو یەكسەر سەیری سندووقی نامەكانم دەكرد. وردە وردە لێم بوو بە خوو، بوو بە دڵەڕاوكێ. تەواو پێوە بووم. پێوەبوونی چی، زۆریش خۆشە. خۆ ئەو گێلەی خۆم ئاگای لە دنیایە نییە. هەر خەریكی ئەتارییە. با بیكا تا ملی دەشكێ. هەر چای بۆ تێدەكەم. خۆ شتی دیكەی ناوێ. هەر دەڵێ چا. چا... خوا دەكا هەموو داواكەی هەر ئەوەندە دەبێ. رۆژێ بەرمیلێك چای دەدەمێ. ئەوە هەستا. ئەها هێشتا چاوی هەڵنەهێناوە دەستەكوتەیەتی بۆ مۆبایلەكەی. تۆ بڵێی ئەویش... تۆ بە ڕاستی بڵێی ئەو هەر ئەتاری بكا؟ ئەرێ باشە خۆ جاران رەمزی لەسەر مۆبایلەكەی دانەنابوو؟ تۆ بڵێی چیی لەبن سەریدا بێ؟ ها؟ یانی ئەو گێلەش شتی وا دەزانێ؟ بڕوا ناكەم. شیرین دەیگوت: ئەو مێردەی تۆ هەر سەریش هەڵناهێنێ. ئەرێ باشە شیرین بۆ ئەوەندە مەدحی ئەو گێلەی من دەكا؟ دەبێ هێندێ چاوم بەسەرییەوە بێ. وەڵاهی پێستی سەری هەڵدەقەنم. با لەخۆوە گومانی لێ نەكەم بەستەزمانە. كێ هێندەی من گێلە خۆی بۆ ساردوسڕێكی ئاوا شل بكا؟ تۆ بڵێی ساردوسڕییەكەی هۆی دیكەی نەبێ؟ جا كێ ناڵێ وەك ئەو سەیەی لەگەڵ من ئاوا گەرموگوڕە و هەر گاڵتە بە ژنەكەی خۆی دەكا، كەیوانیش وا نەبێ؟ نازانم... ماوەیەكە زۆریش بە دەوری خۆیدا دێ. تۆ بڵێی بەڕاستی بچێ بۆ نێرگەلەكێشان؟ ئەرێ ئەو رۆژە هەستم كرد بۆنی عەترێكی ژنانەی لێ دێ، بۆنەكە ئاشنا بوو. پێموایە جارێك شیرین ئەو بۆنەی لەخۆی دابوو. ئەی، من بۆ لەخۆڕا گومان لەو ماڵوێرانە دەکەم؟ چووزانم، من ئەمم پێ گێل بوو، كەچی هەست دەكەم خۆم زۆر گێلم. خۆ هیچ ئاگام... ئەی... ئەوە رۆژ بووەوە و هێشتا نەنوستووم.... با ماڵاوییەك بۆ ئەو سەیە بنووسم...

بای دڵەكەم... باوەشێك...

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 
  • 31-10-2018
    ئازاد
    ھەی ئافەرین و دەست خۆش ، زۆر زۆر جوانە .