بەسەرهاتە تەماوییەكانی مەسەلەی ویژدان

29-03-2016
کامەران سوبحان
نیشانەکردن کامەران سوبحان
A+ A-
(1)

دوای نووسین و بڵاوكردنەوەی چیرۆكی هەوڵ و گەڕانەكانم لە كتێبخانەی دەستنووسی بەریتانی، لەسەر هەردوو  چیرۆكی (لەخەوما و مەسەلەی ویژدان) چەندین كەس نامە و ئیمەیڵیان بۆ ناردم و پرسیاری كۆتایی ئەو نووسینە و داوای زانیاریی زیاتریان كرد. یەكێك لەو خوێنەرانە لە ئیمەیڵێكدا رەخنەیەكی سەرنجڕاكێشی لێگرتووم و دەڵێت: "بەڕێز كامەران، تۆ لەو نووسینەتدا رەخنەی ئەوە دەگریت كە كۆتایی (لەخەوما و مەسەلەی ویژدان) بە نیوەچڵی جێماوە، بەڵام خۆیشت كۆتایی وتار و گەڕانەكەت بە هەمان شێوە بۆ ئێمەی خوێنەر بە جێهێشتووە!". 

رەخنەی ئەو خوێنەرە، لە جێی خۆیدایە و لە بیركردنەوە لەسەر پرسی دەستنووس و ساغكردنەوەی ئەو چیرۆكانە وەستاندمی. بۆیە لەم وتارەدا درێژەی نادەمێ و تێكەڵاوكردنی چیرۆكە خەیاڵی و راستییەكانی بیركردنەوەی خۆم، بۆ خوێنەران دەنووسمەوە:

دەڵێن رۆژێك لە دیوەخانەكەی (ماڵی پاشا) لە سەنتەری شاری هەڵەبجە، ئەحمەد موختار جاف، بەشێك لە بەگزادە و خوێندەوارانی شارەزوور و هەورامان و هەڵەبجە كۆدەكاتەوە و چیرۆكی (مەسەلەی ویژدان)یان بۆ دەخوێنێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەر، ماڵی پاشا، ماڵی وەسمان پاشای جاف و هاوسەرەكەی، عادیلە خانمی جافە كە دەكاتە باوك و دایكی ئەحمەد موختار و تایەر بەگ. ئەم ماڵە گەورەیە،  بە ماڵی پاشا ناسراوە. ماڵی پاشا، بە نەخشەسازی و جوانكاریی كۆنی كوردەواری لە كۆتایی سەدەی نۆزدەدا دروستكراوە. تا كۆتایی نەوەدەكانیش، ئەم ماڵە وەك ئاسەوارێكی جوان و سەرنجڕاكێش مابووەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی كەمتەرخەمییەوە خاپوور بوو).

ئەحمەد موختار دوای خوێندنەوەی چیرۆكەكە، بۆچوونی میوانەكانی لەسەر چیرۆكەكەی وەردەگرێت (پاش كەمێك بێدەنگیی نێو دیوەخان) یەكێك لە بەگزادەكانی ئەو دانیشتنە روو دەكاتە ئەحمەد موختار جاف و دەڵێت: (ئەحمەوە فەنی، ئەم حیكایەتە هەر شیعرەكانتە، لاكین بە ئەلفازی گێڕانەوە!) یەكێكی دی بە خەندەوە ڕوودەكاتە ئەحمەد موختار و سەرسامیی خۆی بەو ئەلفازی نووسینە دەدەبڕێت و دەبێژێ: "لە تێفكرینم لەو زۆرابە فەنییەی نێو حیكایەتەكەت، لە هەڵسوكەوتی كەلامییەوە جەنابتان تەشەر لە نەخوێندەواری و جەهالەتی كوردان ئەدەیت و مەئمورییەت بێ كەماڵ ئەكەیت"، بەڵام سەردار بەگی ئەوڕەحمان بەگی حەمەسەعید بەگ كە یەكێكە لە شەیدا و دۆستانی نووسین و ئەدەبیات و هەمیشە ئەحمەد موختار جاف بۆچوونی لەسەر شیعرەكانی بەهەند وەرگرتووە، روودەكاتە ئەحمەد بەگ و پێی دەڵێت: (قوربان من فرە تێفكریم لە رەفتار و گوفتاری زۆرابە فەنی پاڵەوانی نێو حیكایەتەكەتان، ئەم زۆرابە فەنییە و ئەم حیكایەتە، ژیان و مەجلیسی موشەرەفتان دەخاتە بەر وێزەی مەئمورین و ڕیجالی دەوڵەت! جەنابتان بەو شێوە لۆمەكاری و پڕ لە تەشەرەوە لاقرتێ بە مەئمورییەتی مەملەكەت ئەكەن و بەبێ سەوادیان مەكتووب دەكەن! تەعلیقی من لە ئەلفازی عالیتان ئەوەیە كە بۆ لەم حیكایەتەدا، ڕێگە بە زۆرابە فەنی دەدەن، بەو بێ عورزی و بێ ئەدەبییە لەگەڵ جەناب ڕەئیس قەزا ئەلفاز بدات. چونكە حدود بەزاندنی زۆرابە فەنی بە ئیسمی تڕە خوێندەوارییەكەی، دەگاتە پلەی عالی، لەعانێكدا كە دەبێژێ: (خودا قودرەت قابیلی تۆیە، یەكێ لەبەر خەت ناشیرینی محاكەمە دەكرێت و یەكێكی تر لەبەر خەت ناشیرینی مەسعوود بووە و بەختیارە!) 

ئەم قسانەی سەردار بەگ، دانیشتنەكە دەشێوێنێ و مەجلیسی دیوەخان بە دڵی ئەحمەد موختار نابێت و بۆ رۆژی دواتر، ئەحمەدە فەنی لاپەڕەكانی ئەو چیرۆكە دەداتە خزمەتكارەكەی و دەڵێت هەڵیبگرە و دواتر بینووسنەوە و دانەیەكی لێ بنێرن بۆ عەلی كەمال باپیر ئاغا!  



  
(2)

دوای ئەم بەسەرهاتە تەماوییەی (مەسەلەی ویژدان)، ئیدی لەو سەردەمەدا كەس ناوی ئەحمەد موختار جافی وەك چیرۆكنووس نەهێنا، تەنیا وتەی دەماو دەمی جافە خوێندەوارەكانی ئەو سەردەمە نەبێ كە باس لە چیرۆكی (مەسەلەی ویژدان یان چۆن بووم بە خانەدان) و ئەو بەسەرهاتەی ماڵی پاشا دەكەن. بەڵام پاش تیرۆركردنەكەی لە ساڵی 1935، چیرۆكی (مەسەلەی ویژدان) لە كتێبخانەكەی (ماڵی پاشا) لەگەڵ چەند نامە و چەند شیعرێكی بڵاونەكراوەی ئەحمەد موختار، كەوتەوە سەر زاران. كەسانی ناو ئێل بەگی جاف دەڵێن دوای بەسەرهاتی ئەو شەوە و خوێندنەوەی چیرۆكەكەی، ئەحمەد موختار جاف دەستنووسێكی ناردووە بۆ عەلی كەمال باپیر ئاغا و ئەویش لە كەشكۆڵێكدا نووسیویەتییەوە. ئیدی دەستاودەست دەكات و یەكێك لە دەستنووسەكانی (مەسەلەی ویژدان) لەگەڵ هەندێ دێڕە شیعری دیكەی كوردی دەكەوێتە لای (عەبدولكەریم بەگی فوئاد بەگ) تا ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردوو، ئەم دەستنووسە بەبێ دەنگی پارێزراوە. 

بەڵام دوای ئەوەی د.ئیحسانی كوڕی، لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران دكتۆرا وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە كوردستان، هەوڵی چاپكردنی ئەم چیرۆكە دەدات. پاشتر بەهۆی دۆستایەتی لەگەڵ (ئەحمەد هەردی و مەدهۆش) دەستنووسێكی دیكەی ئەم چیرۆكە لە عەلی كەمال باپیر ئاغاوە دەگاتە دەستی د.ئیحسان فوئاد و پاش ماوەیەك چیرۆكی (مەسەلەی ویژدان، یان چۆن بووم بە خانەدان) ساغ دەكاتەوە و چاپی دەكات. بەڵام بە سەرەتا و كۆتایی تاڕادەیەك گوماناوی. ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە، ئەم چیرۆكە ئەوەی زانراوە سێ جار نووسراوەتەوە، دانەیەكیان لە كتێبخانەی ماڵی پاشا بووە و دووەمیان لای عەلی كەمال باپیر ئاغا، سێیەمیشیان لای (عەبدولكەریم  فوئاد) و دڵنیام چەندین دەستنووسی دیكەشی هەیە كە نەگەیشتووەتە لای ئێمە. ئەوەی ئێستا چاپكراوەو لەبەردەستی ئێمەدایە كامیانە؟ ئایا لە هەرسێ دەستنووسەكەدا كۆتاییەكەی بە یەك جۆرە؟ ئایا سەرەتای هەرسێكیان جێی گومانە؟ چونكە د.ئیحسان فوئاد دەڵێت سەرەتای  لاپەڕەكانی چیرۆكەكە لە بارێكی زۆر پەڕپووتدا بوو، لاپەڕەكان هەمووی بەیەكەوە نووسابوون و هەوڵی جیاكردنەوەیان دەبووە هۆی هەڵوەرین و فەوتانیان. ئەمە جگە لەوەی گومانم لە كۆتایی چیرۆكەكە هەیە، چونكە لە كۆتاییەكەی نەنووسراوە (تمت) !

زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوانیان هەردوو چیرۆكی (لەخەوما و مەسەلەی ویژدان)دا هەن، دیارترینیان ئەوەیە كە هەردوو چیرۆكەكە لە نێوان (ساڵانی 1925 بۆ 1927)دا نووسراون. ناوەڕۆكی هەردوو چیرۆكەكە، بە دوو زمانی جیاواز رەخنە لە بەرپرسیارێتی تاكی كورد دەگرن. یەكەمیان (لەخەوما) راستەوخۆ پاڵەوانی چیرۆكەكە خەو دەبینێت و لە خەودا، دەسەڵاتداری كورد، لەو سەردەمەدا تا دوا پلە گەندەڵ و ستەمكار و نادادپەروەرە! دووەمیان (مەسەلەی ویژدان) دوور لە خەیاڵ و خەو، رەخنە لە خودویستیی مرۆڤی كورد و كۆمەڵگەی كوردی دەگرێت كە ئەوەی بایەخی پێ نادات خوێندەواری و زانستە. ئەوەی پلە و پایەی كەسایەتی دیاری دەكات، پلە و پۆست و دەوڵەمەندییە. ئەم بیرۆكەیە لە شیعرەكانیشیدا رەنگی داوەتەوە كە بەردەوام هانی لاوانی كورد دەدات بۆ خوێندنەوە. خاڵێكی دیكەی هاوبەشی نێوان (لەخەوما و مەسەلەی ویژدان) كۆتایی هەردوو چیرۆكەكەیە كە هەردووكیان بە ناتەواوی ماونەتەوە. 

(3)
دوای چەند مانگێك لە گەڕانەوەم لە بەریتانیاوە بۆ كوردستان، بەیانییەك ئیمەیڵەكەم كردەوە. جۆن تەیلەر ئیمەیڵێكی دوور و درێژی بە عەرەبی بۆ ناردبووم، لە تەنیشت ناوەكەمەوە، ناوی سەنگەریشی نووسیوە و هەمان ئیمەیڵی بۆ ئەویش ناردووە: (سڵاو بەڕێزان كامەران و سەنگەر... هیوادارم باش بن.. پێشتر سەنگەر ئاگاداری كردم كە هیچ دۆكیۆمێنتێكتان لەسەر ئەو چیرۆك و بابەتانەی بەدوایاندا دەگەڕان، دەستنەكەوتووە. ئەمە نیگەرانی كردم. لە ڕاستیدا لەم ماوەیەدا چەند جارێكی دیكە چوومە كتێبخانەی دەستنووسی بەریتانی. لە بەشی پاراستنی دەستنووس و دۆكیۆمێنتە ونەكاندا، كۆمەڵێكی زۆر دەستنووسی كوردیی هەیە، نازانم ئەوەتان بینیوە یان نا؟ ئەوەی من بینیم زیاتر باس لە لایەنی كۆمەڵایەتی و سیاسی و سەبازی و جوگرافی و دیمۆگرافیی ئەو بەشەیە كە پێی دەڵێن باشوور. ئەوە بزانن مەرج نییە هەموو ئەو دەستنووس و دۆكیۆمێنتانەی بەریتانیا هەیەتی لەم كتێبخانەیەدا بخرێنەڕوو. هەندێكیان رەنگە بۆ هەتا هەتایە بە نهێنی و لە تاریكیدا هەڵبگیرێن! دەبێت ئێوە ئەوەش بزانن كە هەزاران  بەڵگەنامەی گرنگی كورد لەو سەردەمەدا براونەتە هیندستان، هەروەك چۆن پێشتر بەشێك لە بەڵگەنامە و دەستنووسی كورد، عوسمانییەكان بردیانە كتێبخانەی دەستنووسی توركیا.  بۆیە ئێوە گەر دەتانەوێت مێژووی سیاسی و ئەدەبیات و فەرهەنگی خۆتان بدۆزنەوە، دەبێت ماندوو نەبن و چاوتان لە توركیا و هیندستان و بەریتانیا بێت. 

لەگەڵ رێزدا، بە هیوای دیدارتانم..
دڵسۆزتان: جۆن تەیلەر
دیسەمبەری 2011)



(4)
پاش تێپەڕینی چەند ساڵێك بەسەر ئەم بەسەرهاتەدا، چیرۆكی ساخكردنەوە و گەڕان و خولیاكانم بۆ هەندێ دەستنووس و بابەتی ئەدەبی، بووە خەونێكی سەیر. ئەویش نووسینی بابەتێك بوو تێكەڵاو لە خەیاڵ و راستی، دەبێت ئەوەش بڵێم لەم نووسینەدا بە تەنیا خەیاڵ و بیركردنەوەكانی خۆم بەشدار نەبوو، بەڵكو دەیان كەس پێكەوە گفتوگۆمان كرد و بەرهەمی ئەو گفتوگۆیە ئەم نووسینەی لێ بەرهەم هات. لە گفتوگۆكەشدا بەدەر لە خۆم هەریەك لە (ئەحمەد موختار جاف، جەمیل سائیب، جۆن تەیلەر، سەنگەر كەمال، سەردار بەگی ئەوڕەحمان بەگ، د.ئیحسان فوئاد) و چەند كەسێكی دیكە بەشدار بوون. كاتێك لەخەو هەستام، ئەوەی لە بیرم مابوو بۆ خوێنەرەكانم نووسییەوە. ئەوەی لەم گفتوگۆیەدا بەلای منەوە سەیر بوو، هەر یەكە و بەشێوازێك بەسەرهاتەكانی ئەم دوو چیرۆكەی (مەسەلەی ویژدان و لە خەوما)ی دەگێڕایەوە. لەوەش سەیرتر (جەمیل سائیب و ئەحمەد موختار جاف) لەو گفتوگۆیەدا هێندە بێ دەنگ بوون، لەوە نەدەچوو ئەوان ئەو دوو چیرۆكەیان نووسیبێت. ئەوەی لەم دانیشتن و گفتوگۆیەدا زۆرتر قسەی كرد، من و سەنگەر و جۆن تەیلەر بووین. سەرئەنجام ئەم نووسینە، بەرهەمی ئەو گفتوگۆیەیە لە نێوان خەو و خەیاڵ و راستیدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە