رووداو – هەولێر
"حافیز و مارا" نوێترین بەرهەمی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری كوردە كە چیرۆكی شێوەكارێكی سویسری بە شێوازێكی دۆكیومێنتاری و بایۆگرافی دەگێڕێتەوە.
مانۆ خەلیل بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند، لەو دۆكیۆمێنتارییەدا كە رۆژی 26ی ئەم مانگە لە سینەما كۆنسێرت لە سۆلۆسۆرن لە سویسرا نمایش كرا، لەڕێگەی شێوەكارێكی سویسری، چیرۆكی خێزانێكی سویسری - لوبنانی دەگێڕێتەوە.
چیرۆكی فیلمەكە باس لە كەسێك بەناوی ئۆدۆڵف بیچرچینكەر دەكات كە خەڵكی سویسرایە و روو لە فەلەستین دەكات، دواتریش لوبنان، لەوێ كچێك بەناوی سەلما حەداد دەناسێ و دەبنە هاوژین. بیچرچینكەر لە بەیروت دەمرێ، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، سەلما لەگەڵ منداڵەكانی دەچێتە سویسرا، ئەویش لەوێ دەمرێ.
حافیز كوڕی ئەو دوو هاوژینەیە و ئێستا تەمەنی 85 ساڵە، ئەو لە تەمەنی 10 ساڵیدا لوبنانی جێهێشتووە و لە تەمەنی 75 ساڵیدا سەردانی ئەو وڵاتە دەكاتەوە، بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لێبكات و تاوەكو ئێستا بە عەرەبییەكی باش قسە دەكات.
ماوەی فیلمەكە 88 خولەكە و لە گانا، لوبنان و سویسرا وێنەگیراوە و بە زمانەكانی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەڕەنسییە.
مانۆ خەلیل، لە زانكۆی دیمەشق لە بواری مێژوو و ماف خوێندوویەتی. ساڵی 1986 رووی كردووەتە چیكۆسلۆڤاكیا و لەبواری دەرهێنانی فیلمی سینەمایی خوێندوویەتی.
مانۆ خەلیل كە لە ساڵی 1996 ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە، تا ئێستا كاری دەرهێنانی بۆ نزیكەی 20 فیلم كردووە، لەوانەش: پەرەسێلكە، ئەنفال، داڤێد تولهیلدان، زیندانەكەم، ماڵەكەم، باخچەكانی بەهەشت و تامی هەنگوین و...
"تامی هەنگوین" كە دوایین فیلمی بەرهەمهاتووی ئەو دەرهێنەرەیە، چیرۆكەكەی باس لە هەنگەوانێكی كورد لە باكووری كوردستان دەكات، لە ناوەڕاستی نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا گەورەترین بەرهەمهێنەری هەنگ بووە لە جیهان، بەڵام بەهۆی شەڕەوە هەموو شتێك لەدەست دەدات، دواجار لە چیاكانی ئەڵب لە سویسرا درێژە بە پیشەكەی دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ