ڕۆمانی (پاییز دوا وەرزی ساڵە)ی نەسیم مەرعەشی و چەند سەرنجێک

24-04-2019
حەمە مەنتك
نیشانەکردن ئەدەب و کولتوور
A+ A-

بە بڕوای من ئەدەبیاتی گێڕانەوە لە ئێران زۆر قەرزداری (هۆشەنگ گوڵشیری)یە. دەمەوێ بڵێم ئەو دێت لە ڕێی ڕۆمان و چیرۆکەکانییەوە شێوازێکی نوێی گێڕانەوە لە ڕۆمان و چیرۆکدا دادەهێنێ. ڕەنگە ئەم هەوڵە بە تەنێ نەکرابێت، بەڵام ئەو بناغەداڕێژەریەتی. ئەم ڕۆماننووسە ڕستەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە، من کۆی هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی ڕۆمان و چیرۆک لەوەدا کورت دەکەمەوە، ئەو دەڵێت: "کاتێک ڕۆمانێکی باش دەخوێنمەوە، هەستەکەم تەنێ ڕستەیەك، یان ڕووداوێك نییە کە بۆ خۆیم دەبات، بەڵکوو هەموو ڕۆمانەکەیە سەرنجم دەبات". [گلشیری: ١٣٨٨: ص٢٦٩] . کەواتە ئەگەر ڕۆمانەکە لە یەک ڕستە، یەک وەگێڕ، یەک توخم و ڕەگەز کورت بکرێتەوە، ئەوا لەڕووی هونەرییەوە ناتەواو دەبێت. ئەم کاریگەرییە دواتر دەبێتە شێوازێک بۆ نووسینی ڕۆمان. ڕۆماننووسانی دیکە چاوی لێ دەکەن. بەتایبەت کارکردن لەناو زمانی گێڕانەوەدا کە زمان چڕدەکرێتەوە و بە ڕستەی کورت شتەکان دەردەبڕدرێن.

(پاییز دوا وەرزی ساڵە)ی نەسیم مەرعەشی، لە وەرگێڕانی (سەنگەر نازم و هیمداد حسەین)، ڕۆمانێکە لەبارەی سێ کچەوە. هەرسێکیان لە کۆلێژەوە بەیەکەوەن و هەر یەکە و گرفتاری شتێکە. گرفتی هەریەکەیان گرفتی مرۆڤی سەردەمە، مرۆڤگەلێک بە چەندین دەردەوە دەناڵێنن. ڕۆمانەکە زمانێکی ڕەوان و بێ گرێی هەیە، ئەمەیش لە دەقە فارسییەکەدا وای کردووە زمانەکەی ڕیتمدار بێت. لە کاتی خوێندنەوەدا خوێنەر هەست بە ڕیتم و مۆسیقایەک لە زمانەکەیدا دەکات، خوێندنەوە خێراتر دەکات، چونکە کەمترین وەسفی تێدا بەکارهاتووە. بەڵام لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا هەمان ئەو ڕیتم و مۆسیقایە نەپارێزراوە و هەستی پێ ناکرێ.

ڕۆمانەکە لە دوو بەشدا: هاوین و پاییز، ڕووداوەکانی دەگێڕدرێنەوە، هەر بەشەی لە سێ پار پێکهاتووە. هەر پارەی کچێک ڕووداوەکانی ژیانی خۆی پێوەندی بە ئەوانی دیکەوە دەگێڕێتەوە. سەرەتا (لەیلا)، دواتر (شەبانە) و پاشان (ڕۆجا). هەرسێکیان دەکرێ بڵێین هەمان ژیانیان هەیە، بەڵام وا خەیاڵ دەکەن ژیانیان جودایە. (لەیلا) هاوسەرەکەی جێیهێشتووە و بۆ خوێندن چووە بۆ دەرەوەی وڵات. (شەبانە) کوڕێک لە کۆمپانیا دەیەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ بکا، بەڵام لەبەر برا کەمئەندامەکەی ناتوانێ و (ڕۆجا)ش دەیەوێ بچێت لە فەرەنسا دکتۆرا بخوێنێ و ڤیزای پێ نادرێت. یەکێک لە جوانییەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە خوێنەر دەتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە، واتە مرۆڤ ناتوانێ لە دەرەوەی ڕۆمانەکە بوەستێ، هەمان هەستی شەبانەی دەبێت، کاتێک خەمی ئەوەیەتی ئەگەر مێرد بکات، کێ چاوی لە براکەی دەبێت. لەگەڵ هەموو ئەمانە گەلێک لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵی ئێرانی پیشان دەدات. (لەیلا) جووڵێنەری هەردوو هاوڕێکەیەتی، ئەمەیش واتای ئەوە نییە (لەیلا) ڕێ لەوان بگرێت، بەڵکوو ئەوان خۆیان ڕووداو و گرفتەکانی خۆیان دەگێڕنەوە. واتە ئەوان سێ ڕووی یەک ژنن.

(لەیلا) کەسێکی عاشقە، لەگەڵ (میساق)ی خۆشەویستی هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام عەشقەکەیان بە جودابوونەوە کۆتایی هاتووە. (میساق) زۆر داوای لێ دەکات لەگەڵی بچێت بۆ تاراوگە و لەوێ بخوێنن، بەڵام (لەیلا) عەوداڵی یەک وشەیە، (ناڕۆم)، ئەو دەیویست مێردەکەی ئەو وشەیە بڵێت و بڵێ لەبەر تۆ ناڕۆم. (شەبانە)یش لە دڵەڕواکێیەکی بەردەوامدا دەژی، ئەو نازانێ لە ژیان چی دەوێت؟

ئەوەی جێی سەرنجە (میساق) لە تێڕوانینی (شەبانە) و (ڕۆجا) وە باشتر پیشان دەدرێت، بەتایبەت (شەبانە) زۆر کاریگەرە لە (میساق) و زۆر حەز دەکات (ئەرسەلان)یش هەمان شێوەی ئەو ڕۆمانسی بێت و عاشقانە بژیەت. یەکێك لە لاوازییەکان لەڕووی تەکنیکییەوە لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە گرفتی هەر سێ کچەکە بە یەک شێوە و ڕیتم خراوەتەڕوو، لە کاتێکدا هەریەکەیان فەزایەکی تایبەت بە خۆیان هەیە، ڕاستە لە کۆتایییدا هەرسێکیان یەک فەزای کۆمەڵایەتی کۆیاندەکاتەوە و گرفتەکانیان لە یەکدییەوە نێزیکن. هاوکات گۆشەنیگای گێڕانەوەی هەرسێکیان کەسی یەکەمی تاکە، بۆیەش زمانی گێڕانەوەیان یەک زمانە، ئەمەش وا دەکات خستنەڕووی گرفت و ژیانیان یەک ڕیتم وەربگرێت. 

لە ڕووی کارەکتەرسازییەوە، بەتایبەت هەرسێ کچەکە، زۆر بەهێزە، بەڵام بنیادی کارەکتەرسازیی کوڕەکان بۆ نموونە (ئەرسەلان)، (میساق) خوێنەر هەست دەکات دروستکراون، مەبەستمە بڵێم لەڕووی بنیادی کارەکتەرسازییەوە لاوازن، بۆ نموونە (میساق) هێندە بوغرایە، بە دەگمەن مرۆڤێکی وەها دەدۆزینەوە. بەڵام (لەیلا) زۆر جوان کاری لەبارەوە کراوە، کارەکتەرێکە زۆر هونەریانە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات، چونکە دڵنیام هەموو خوێنەرێک لە ڕەگەزی مێ دەتوانێ خۆی لەناو کەسایەتی هەریەک لە کارەکتەرە کچەکاندا ببینێتەوە. ئەوەی زۆر گرینگە هەر بەشەی لە سێ گۆشەنیگای جوداوە دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەی هەر گۆشەیەک بە یەکێک لە کچەکان دەبەخشێت و بە کەسی یەکەمی تاک ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، بۆیەش ئەوان بە ئارەزووی خۆیان هەر قسەیەک بیانەوێ دەیکەن، هەر وێنە و دیمەنێک هەبێت نیشانمان دەدەن، ناڕەزاییان هەبێت دەریدەبڕن، ئەمەیش بۆ ئەو ئازادیەی بۆ گێڕانەوە هەیانە دەگەڕێتەوە. بەڵام لە کۆتاییدا وەکوو پاییز هەرسێکیان شکست دەهێنن، لەیلا ناتوانێ میساق لە ڕۆیشتن پەشیمان بکاتەوە، ڕۆجا ڤیزای خوێندن وەرناگرێ و شەبانەیش دەبێتە شەڕی لەگەڵ ئەرسەلان و مێردی پێ ناکات.

سەرچاوە: هوشنگ گلشیری (هوشنگ): ١٣٨٨: باغ در باغ، جلد اول، انتشارات نیلوفر، چاپ سوم، تهران.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە