سەربردەی شانۆنامەكانی چێخۆف

18-11-2018
رەسووڵ سوڵتانی
نیشانەکردن چێخۆف
A+ A-

شانۆنامەی (بێباوكی)

نەسكی دەستنووسەكەی ئەم شانۆنامەیە، شانزە ساڵ پاش مەرگی چیخۆف و لە ساڵی 1920 دۆزرایەوە و بە ئەرشیڤی میریی یەكیەتیی سۆڤیەت ئەسپێردرا. ئەو نەسكە، یازدە دەفتەرە كە بە دەزوو لێك دووراون. یەكەمین لاپەڕەی دەفتەری یەكەم كە دەبێ ناوی شانۆنامەكە بێ و لاپەڕەی نۆیەمی هەر ئەو دەفتەرە تێیدا "دیمەنی چوارەمی پەردەی یەكەم"ـی بزر بووە. وەك لێچیكۆڤی ئەدەبناسی رووسی و سۆڤیەتی دەڵێ، لە لقی مۆسكۆی بانكی "رووسیا ئازۆف" سندووقێكی تایبەتی راگرتنی نامە و بەڵگەنامە و قەواڵەی بەهادار و خشڵ و گەواهێراتیان تەرخان كردووە بۆ مشتەرییەكانی بانكەكە. ماریا پاڤلۆڤنای خوشكی چێخۆفیش لەو بانكە سندووقێكی هەبووە و ئەو دەسنووسی "بێباوكی"ـیە لەوێدا دۆزرابووەوە. ساڵانێك پێش دۆزینەوەی ئەو نەسكە، لە میدیاكانی رووسیادا باسی شانۆنامەیەكی مەزن دەكرا كە چێخۆف بە گەنجێتی نووسیویەتی.

ساڵی 1907، براكەی چێخۆف بیرەوەرییەكانی خۆی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بە چەند شانۆنامەیەكی فەوتاو كرد: "لەو ساڵانەدا كە ئانتۆن پاڤلۆڤیچ پۆلی یەكەمی دواناوەندی بوو، درامایەكی گەورەی بە ناوی (بێباوكی) و تەنزێكی بەناوی (لەخۆوە نەبوو مریشكە زوو لە خەو هەستابوو) نووسی و هەردووكیانی لە تاگانرۆگەوە ناردە مۆسكۆ بۆ ئەوەی ئێمە بیانخوێنینەوە. من ماوەیەكی زۆر هەدووكیانم لای خۆم راگرت، بەڵام دواتر كە ئانتۆن پاڤلۆڤیچ هات بۆ مۆسكۆ بۆ زانكۆ، لێی وەرگرتمەوە و دڕاندنی...".

 هەر لەو بیرەوەرییانەدا باسی شانۆنامەیەكی گەورەی دیكەش دەكا، كە نەك لە تاگانرۆگ، بەڵكوو لە مۆسكۆ نووسراوە و ئەویش فەوتاوە: "ئانتۆن پاڤلۆڤیچ لە دووەم ساڵی مانەوەیدا لە مۆسكۆ، درامایەكی گەورەی دیكەی نووسی كە پڕ بوو لە ئەسپدز و شەڕە تفەنگ و ئەو ژنانەی كە خۆیان دەخستە بەر شەمەندەفەر... براكەم داوای لێ كردم نەسكێكیان لەبەر هەڵگرمەوە، بەدەم لێهەڵگرتنەوەكەوە وا هەژابووم خەریك بوو دڵم لە سینەم بێتەدەر... ئانتۆن پاڤلۆڤیچ كە ئەوكات قوتابیی ساڵی دووەمی كۆلێژی پزیشكی بوو، بە دەستی خۆی ئەم درامایەی بردە لای خاتوو یەرمۆلۆڤا، بەشكم پەسندی بكات و بە سوودی خۆی لەسەر سەكۆی شانۆ نمایشی بكات. نازانم یەرمۆلۆڤا چیی بە براكەم گوتبوو، ئەوەندە دەزانم چیی زەحمەتی بۆ لەبەرگرتنەوەكەی كێشابووم بە فیڕۆ چوو: شانۆنامەكە هاتەوە لای براكەم و دڕاندی و تووڕی هەڵدا. لەو درامایە تەنیا ناوی ڤینیتسكی ماوە، كە دواتر لە خاڵە ڤانیادا زیندوو بووەوە".

بەو جۆرە میخاییل پاڤلۆڤیچ دەڵێ چێخۆڤی گەنج دوو شانۆنامەی گەورەی نووسیوە و هەردووكیانی فەوتاندووە: بێباوكی و شانۆنامەیەكی دی كە میخاییل پاڤلۆڤیچ لەبەری گرتووەتەوە، بەڵام ناوەكەی لەبیر نەماوە. دواتر ساڵی 1923 كە شانۆنامە بڵاونەكراوەكەی چێخۆف بڵاوكرایەوە، میخاییل پاڤلۆڤیچ گوتی، ئەوە رێك ئەو شانۆنامەیەیە كە ئەو لەبەری گرتبووەوە.

ساڵی 1914 بە بۆنەی دەیەمین ساڵوەگەڕی مەرگی چێخۆف، باسی شانۆنامەیەك هاتە گۆڕێ كە ئی ساڵانی هەڕەتی لاویی نووسەر بووە و گەلێ بیرەوەری و وتار لەبارەی ناوەرۆكەكەیەوە بڵاوكرانەوە. ئەوكات یەكێك بە واژۆیەكی نەناسراو لە رۆژنامەی "هەواڵەكانی رووسیا"ـدا وتارێكی تێروتەسەلی بەناوی "شانۆنامە نەناسراوەكانی چێخۆڤ" نووسیبوو، گوتبووی ئانتۆ پاڤلۆڤیچ دەستنووسی ئەسڵیی شانۆنامەكانی نەدڕاندبوو، بەڵكو ئەو نەسكەی دڕاندووە كە یەرمۆلۆڤا بەدڵی نەبووە.

بالۆخاتی لە تەفسیرێكدا كە لەبارەی كۆبەرهەمەكانی چێخۆفەوە (1929) نووسی، پێیوابوو ئەو نەسكەی شانۆنامە دۆزراوەكە و "بێباوكی" كە میخاییل پاڤلۆڤیچ ئاماژەی پێ دەدا، لەوانەیە هەر یەك بن. ئەو ئاوا دەڵێ: "رێك لەو ساڵانەدا چێخۆڤ شانۆنامە مەزنەكەی خۆی كە بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی روانگە و باری كۆمەڵایەتیی نووسەرێكی تازەكار زۆر پێویستن، دەنووسی. ئەو شانۆنامەیە، رێك "بێباوكی"ـیە كە لە ساڵانی 1878 تا 1881ـدا نووسراوە و تا ساڵی 1923 بڵاونەكراوەتەوە."

باوەڕپێكراوترین شوێنپێی ئەم شانۆنامەیەی بەدەستهاتووە، نامەیەكە بۆ چێخۆڤ كە لە 14ی ئۆكتۆبەری 1878ـ دا براكەی دیكەی واتە ئالێكساندر پاڤلۆڤیچ لە مۆسكۆوە ناردوویەتی بۆ تاگانرۆك و تێیدا نووسراوە: "تۆ باسی (بێباوكی) دەكەی. من تا ئێستا بە ئانقەست بێدەنگیم لێ كردبوو. بە ئەزموونی خۆم دەزانم كە رۆڵەی نووسەرێك چەندە بەلایەوە ئازیز و خۆشەویستە. هەر بۆیە... لێت ناشارمەوە تەنیا دوو دیمەنی شانۆنامەكەی (بێباوكی) بەهرە و توانای تێدا بەدی دەكرێ، ئەگینا لەسەر یەك درۆیەكە نەبێتەوە. وای دانێ پاك و بێگەرد، دەڵێم پاك و بێگەرد، چونكە باوەڕم وایە ئەم بەرهەمە لە قووڵایی ئیمانێكی پاك و زوڵاڵەوە هەڵقوڵیوە... خۆشت ئەگەرچی تا رادەیەك بەبێ ئەوەی ئاگات لێبێ هەستت دەكرد كە دراماكەت درۆیەکی گەورەیە، كەچی ئەو هەمووە وزەیەت بۆ نووسینی بەكارهێنا و ئازارت چەشت كە ئیتر لەمەودوا هیچ شانۆنامەیەك نانووسی... هەڵبەت ئەگەر حەزت لێبێ، ئامادەم لە داهاتوودا قووڵتر باسی شانۆنامەكەت بۆ بكەم، بەڵام ئێستا تەنیا داوای لێبوردنت لێ دەكەم لەوەی قسەکانم وا تاڵ و رەق بوون. دەزانم قسەكانمت بە دڵ نین، بەڵام چار چییە، تۆ پرسیت و من وەڵامم دایتەوە".

لەو نامەیەوە بە روونی دەردەكەوێ كە چێخۆڤی گەنج شانۆنامەكەی لە تاگانرۆگەوە ناردووە و لەو نامەیەشدا كە هاوپێچی كردووە، نووسیویەتی "بە ئەشقەوە نووسیویە و زۆری خۆ پێوە ماندوو كردووە و ئازاری كێشاوە" و ئالێكساندر پاڤلۆڤیچیش لە وەڵامەكەی خۆیدا گومانی هەبووە لەوەی ئەو بتوانێ دیسان شتێكی وەك ئەو شانۆنامەیە بنووسێتەوە. لە نامەكەی ئالێكساندر پاڤلۆڤیچدا یەكەم پیتی وشەی "بێباوكی" بە پیتی گچكە نووسراوە نەك گەورە و لە نێو كەوانیش خراوە كە جوان دیارە ئاماژەیە بە واتای ناو یان ناوی شانۆنامەكە.

لێكۆڵینەوە لە بواری بەڵگە و راستییەكانی پێوەندیدار بە ژیاننامەی چێخۆڤ و هەروەها تاوتوێ و شیكاری دەستنووسە دۆزراوەكان، ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە ئەو دەقی (بێباوكی)یەی لە تاگانرۆگەوە نێردراوەتە مۆسكۆ و ئەو دەستنووسەی ساڵی 1920 لەو شانۆنامەیە دۆزرایەوە و لاپەڕەی یەكەمی تێدا نەبووە، هەر یەك بەرهەم بن. پێكگرتنی دەستنووسەكانی ساڵی 1877 و 1879ـی چێخۆڤ لەگەڵ دەستنووسی شانۆنامەكە، روونی دەكاتەوە كە هچ جیاوازییەك لە نێوان ئەو دوو دەستنووسەدا نییە، بەڵكو لە رووی رێزمان و زمان و هێماكانی دیكەوە هێندە لێك دەچن، ئەو بۆچوونە بەهێزتر دەكات كە چێخۆڤ ئەو شانۆنامەیەی لە تاگانرۆك تەواو كردووە. جگە لەوەش، لە شانۆنامەكەدا ئاماژە بە مەرگی "نێكراسۆڤ"ـی شاعیری رووس كراوە (پەردەی دووەم، دیمەنی هەشتەم) یان ساشای هاوسەری پلاتنۆڤ گۆرانیی "زاشر ماراش" دەڵێ كە ئێمە سوور دەزانین نێكراسۆڤ لە دیسەمبەری ساڵی 1877ـدا مردووە و زاشر ماراش رێك ساڵی 1877 وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی رووسی. دیارە ناكرێ ئەو دوو رێكەوتە، بكرێنە سەرچاوەی دەستنیشانكردنی مێژووی نووسرانی شانۆنامەكە، بەڵام لەبری ئەوە لە سەرانسەری "بێباوكی"ـدا تووشی رووداوێكی وا نابین كە پاش ساڵی 1878 رووی دابێ.

ئەستەمە چێخۆڤ توانیبێتی لە چوار ساڵدا دوو درامای تەواو دژبەیەكی نووسیبێ، كە یەكێكیان، واتە ئەو شانۆنامەیەی بەدەست ئێمە گەیشتووە، هێندەی دوو شانۆنامەی گەورە بێ، بەتایبەتی كە دەزانین ئەوكات ئەو خەریك بوو قۆناغی دواناوەندیی تەواو دەكرد و تاقیكردنەوەكانی سەری ساڵ كات و وزەیەكی زۆری لێ دەكوشت، لەلایەكی دیكەوە قەول وابوو چێخۆڤ بۆ خوێندن بچێتە كۆلێژی پزیشكی كە ئەوكات یەكێك بوو لە قورسترین كۆلێژەكان و لە هەموو ئەوانەش گرینگتر، هێڵی هزر و بیر و ناوەڕۆكی شانۆنامەكە و ئەو بناغەیەی شانۆنامەكەی لەسەر دامەزرێنراوە، تەواو لەگەڵ ناوی "بێباوكی"ـدا یەك دەگرێتەوە.

با سەرنج بدەینە روونكردنەوەی دانەر كە نووسیویەتی: "شوێنی رووداو... یەكێك لە پارێزگاكانی باشووری رووسیا". لە شانۆنامەكەدا دەبینین كە بابەتی دراماكە، پێوەندیی بە هەموو تاگانرۆگ و دەوروبەرییەوە هەیە و بەرهەمی ئەزموونی ژیانی چێخۆڤە وەك قوتابییەكی دواناوەندی. ئەو شوێن و كەشەی كەسایەتییەكانی شانۆنامەكەی تێدا دەژین، لەگەڵ تاگانرۆگی كۆتاییەكانی دەیەی حەوتەمی سەدەی نۆزدەیەمدا یەك دەگرێتەوە: پارێزگایەك لە باشووری رووسیا خاوەن كانگای بەردەخەڵووز، مڵكدارەكان و بازرگان و مەیخانەدارە مایەپووچەكان، دەسەڵاتی پارە، "جیهانی گەمژەكان" و...

لە شانۆنامەكەدا باسی مشتومڕی چڕی باوكان و منداڵانە: پلاتنۆف بە رق و تووڕەییەوە یادی باوكی دەكا، پێوەندیی گلاگلیفی گەنج لەگەڵ باوكە دەوڵەمەندەكەی، هەمووی بێشەرمی و چاوقایمییە، منداڵەكانی تریلتسكی پێیان شەرمە ئەوە باوكیانە، شێچربۆك لە كچەكانی خۆی بێزارە... دۆخی منداڵەكان ئاڵۆز و شێواوە چونكە باوكێكی وایان نییە شیاوی رێزگرتن بێ و دواجار ناوی "بێباوكی"ـی شانۆنامەكە تەواو لەگەڵ ناوەرۆكەكەیدا یەك دەگرێتەوە.

ساڵی 1924 میخاییل پاڤلۆڤیچ لە وتارێكدا لەبارەی (بێباوكی) ئاوای نووسیبوو: "تا ئەو جێیەی لەبیرم بێ، ئەم شانۆنامەیە لە رووی نموونەی مێلۆدرامە فەرەنسییەكانەوە ئامادە كراوە و دیالۆگەكانی زۆر درێژ بوون. ئەو كات كە من هێشتا منداڵ بووم، قەول وابوو دوو نەسكی لەبەر هەڵگرمەوە بۆ فەرمانگەی سانسۆر، جا دەمنووسییەوە و لەبەر رووداوە سەرسوڕهێنەرەكانی جاری وابوو هەناسەم دەبڕا."

(بێباوكی) لە بەشی هەرەزۆریدا، رەنگدانەوەی سروشت و بە واتایەكی دی ئەو كاریگەرییانەیە كە تاگانرۆگ لەسەر چیخۆڤی گەنجیان داناوە، بەڵام جوان پێوەی دیارە كە درامانووسێكی تازەكار چۆن هێشتا لە هونەری دەیەی حەوتەمی سەدەی رابردوو رزگار نەبووە. ئەوكات مەسەلەی "هێلانەی خاپووركراو" واتە هەوێنی شانۆنامەكە، بۆ ئەدەبیات و شانۆی رووسیا بابەتێكی نوێ نەبوو، هەر وەك دەبینین لێرەش یەكێك لە دەوڵەمەندەكان موڵكی بێوەژنەكەی ڤینیتسێڤ دەكڕێتەوە. لە بێباوكییەوە، گەلێ سەرەداو دەبردرێتەوە سەر مێلۆدراما و گاڵتەجاڕی و شانۆنامەی بەئەنقەست، بەڵام ئەم شانۆنامەیە لە زۆر بوارەوە سترۆڤسكی و لانیكەم دوو شانۆنامەی دارستان و گورگ و بەرخەكانی ئەومان بیر دەخاتەوە كە هەردووكیان لەو دەیەیەدا نووسراون.

پلاتنۆف كە بڕوای بە ئایدیای "باوكان" نییە، باوكی نوێیش نادۆزێتەوە و ئیتر تووشی خۆبەكەمگری و دۆڕاندنی متمانەبەخۆیی دەبێ. ئەو نە خۆی لەخۆی تێدەگا و نە خەڵكی دیكەش لێی تێدەگەن و لە شانۆنامەكەدا ئەلهەق ئەو بە باشترین روخسار و پێناسەی سەرلێشێواویی سەردەمی ئێمە دەزانن. (پەردەی یەكەم، دیمەنی سێیەم) و بە لەبزێكی ئاوێتەی تەوس و توانج جارێ لەگەڵ چاتسكی و جارێ لەگەڵ هاملێت بەراوردی دەكەن. ئەو لە یەكێك لە دەموساتەكانی خۆخواردنەوەدا دەپرسێ: "بەڵام كێ هەیە گاڵتە بە من بكا و كەی؟ (پەردەی دووەم، دیمەنی چوارەم)، بەڵام نووسەر لێرەدا پێناكەنێ، بەڵكو نیگایەكی مۆن و ساردوسڕی هەیە.

لە "بێباوكیدا" پاڵەوانی سەرەكی واتە مامۆستاكەی گوند، نەك هیچ وێكچوونێكی لەگەڵ پێشینانی ئەدەبیی خۆیدا نییە، بگرە پێوەندییەكەی لەگەڵ ژینگە و دەوروبەری خۆیشی تەواو شتێكی نوێیە. ئەو لە باقی كەسایەتییەكانی شانۆنامەكەی تێگەیشتووتر و زیرەكتر و گرینگترە، بەڵام شەرتیش نییە لە هەمووان باشتر بێ.

زایەڵەی (بێباوكی) هاندەر و واتاكانی، دواتر لە زۆر بەرهەمی چێخۆڤدا پاتە دەبێتەوە. كەسایەتیی سەیروسەمەرە و پڕوپووچ و بێئامانج و بێ باوەڕی پاڵەوانی سەرەكیی "بێباوكی" كە دواتر تێدا دەچێ، لە شانۆنامەكەی دواتری چێخۆڤ، واتە لە ئیڤانۆڤدا زیندوو دەبێتەوە.

زۆربەی وەرگێڕەكانی "بێباوكی" بەتایبەتی ئەورووپییەكان، شانۆنامەكەیان بە ناوی پاڵەوانە سەرەكییەكەیەوە كردووە و ناویان ناوە "پلاتۆنۆڤ". بەڵام ئاخۆ بەو ناولێنانە، ئەوان لە هانە و ویستی بنەڕەتیی نووسەر و تێمی سەرەكیی شانۆنامەكە دوورنەكەوتوونەوە؟

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە