پێی بڵێم؟

12-02-2019
رەسووڵ سوڵتانی
A+ A-

پرێسكەیەكی بەدەستەوە بوو. كە دابەزی، هێشتا لاقێكی نەگەیشتبووە سەر عەرزی، بەبێ ئەوەی چاو لەپێش دەمی خۆی بكا، نیگای دوور دوور فڕین. سێ سەعات بوو لەو ترۆمبێلەدا بووین. ئەو لە تاكەكورسییەكەی شانی چەپم دانیشتبوو. 

پرێسكەكەی لەسەر كۆشی دانابوو. جاروبار هەستم دەكرد وەنەوز دەدا و خەونووچكە دەیباتەوە. هەرچی سەیریم دەكرد، دایكمم بیر دەكەوتەوە. دایكم گوتی: كوڕم، بخوێنە. خوێندن باشترین شۆڕشە. من گاڵتەم بەو قسانەی دەهات. تیەح دایكم نازانێ ئەشق باشترین نا، جوانترین شۆڕشە. هەر جارێكی وای پێ دەگوتم، منیش لەبەرخۆمەوە ئەوەم دەگوتەوە. ئاگام لێ بوو بە ژنەكەی پێش خۆی گوت: چەندی ماوە؟ ئەویش گوتی، دوو سەعاتێكی دیكە دەگەنە ئەوێ. تازە سەری قسەی لەگەڵ ئەو ژنە دامەزراندبوو، كە ژنە دابەزی، ئەو پرێسكەی خەمەكانی گرێدایەوە و لە شووشەكەوە ڕوانییە دەرەوەی ترۆمبێلەكە. 

جاروبار لەبەر خۆیەوە ویرەویرێكی دەهات. من هەر ئەوەندەم گوێ لێبوو كە گوتی كوڕەكەم لەوێیە. هەشت ساڵە نەمدیتووە. ساڵێك هاتبوونەوە، شەو بوو. هێشتا ماچێكم نەكردبوو و تێر لە ئامێزم نەگرتبوو، تەقە دەستیپێكرد و بوو بە راكەڕاكە و تەقە. سەگ ساحەبی خۆی نەدەناسییەوە. ئیدی رۆیشتن. سبەینێ هەواڵیان هێنا گوتیان بریندار بووە بەڵام برینەكەی قورس نییە. پاش ئەو شەوە نەمدیتەوە. جارێكیان نامەیەكی ناردبوو. دڵنیا بوومەوە کە ماوە. ژنەكەی دی چارشێوە رەشەكەی لەسەر شانی خزیبووە خوارێ. خاڵێكی كەوگی لەسەر چەناگەی بوو. خاڵەكە كاڵ ببۆوە. وێدەچوو هەر گوێی لە قسە و بەسەرهاتەكەی ئەم نەبێ. لەبەر خۆیەوە لێوی دەبزووت و خۆی رادەژاند. دەتگوت لە دڵی خۆیدا شینێكی بێئامان دەگێرێ. زۆری نەبرد، گوتی دابەزین هەیە. دابەزی و ماڵاواییەكیشی نەكرد. كە ترۆمبێلەكە كەوتەوە رێ، ئەم هەر وا بەدوویدا ئاوڕی دابووەوە و لێی دەڕوانی. یەك دوو جاران چاوی گێڕا، وەك بڵێی ترووسكاییەكی لە چاوی مندا بەدی كردبێ، زەردەخەنەیەكی هاتە سەر لێوە چرچەكەی و گوتی: بابەكەم زۆرمان ماوە بگەینێ؟ گوتم زۆر نییە. پەلەی چیتە؟ دەچیتە كوێ و لای كێ؟

ئەوەی بۆ ژنەكەی دیكەی گێڕابووەوە سەرلەبەری بۆ منیش گێڕایەوە. ئاهێکی قووڵ قووڵی هەڵكێشا و گوتی هاوتەمەنی تۆ بوو. حەزم لێ بوو ژنی بۆ بێنم. هەر ئەوەم مابوو. لەو گەورەترم لە تۆپبارانێكدا كوژرا. كوڕ نەبوو، فریشتەیەك بوو. بابی خۆی شەرمی لێ دەكرد. ئێوارەیەكی پاییزێ بوو. كتوپڕ گرمەگرم گوندەكەمانی شڵەژاند. خەڵك خۆیان خزاندە ژێرزەمینەكانەوە. من زانیم خالیدی كوڕم ئێستا لە هەر جێیەك بێ خۆی پێ ناگیرێ و بە هەڵەداوان خۆی دەگەیەنێتەوە ماڵێ. منداڵەكانم لەجێیەكی قایم دانا و سەرێكم كێشا دەرێ. گرمەگرمی تۆپبارانەكە جار بە جار خەستتر دەبوو. ئۆقرەم لەبەر نەمابوو. ئەی دایكت كوێر بێ. یاخوا رۆڵە نەمێنم. من نازانم بۆ ماوم؟ هەر بۆ سۆدرەی دنیایە ماوم و هیچی دی. دابەزینی كەسێكی دی هەودای قسەكانی پساندین. ئێوارەیەكی ئاوا بوو كە منیش لەوێ دابەزیم و تۆزاوی و ماندوو و شەكەت خۆم گەیاندە یەكەم بنكە و خۆمم ناساند. نازانم دایكم دوای من چیی كرد و چەندە گریا و لە خۆی دا؟ نازانم، ئەو ساڵەی هات، گوتی حەفتەیەك لە سوێیانت نەخۆشكەوتم و دەمم لە نان و ئاو نەدا. تۆ بڵێی ئێمە لە ئاهی ئەو دایكانە رزگار بین؟ چووزانم، دایكە ئیدی. ئەی چ بكەین؟ مرۆڤ دەبێ چ بكا؟ نازانم. سەیرێكی چرچولۆچەكانی دەموچاویم كرد، لەپسێك قژە سپییەكەی بە لاجانگیدا هاتبووەخوارێ و بەسەرو سەر لوولپێچ ببۆوە. گوتی: دایكەكەی كوێر بێ، نازانم بۆ ماوم؟ بۆ نامرم؟ من دوای ئەو بۆچی دەژیم. لە پێش چاوی خۆم لە خوێن گەوزی. تۆپباران بوو. باب ئاگای لە كوڕی خۆی نەمابوو، چاوم لێی بوو، سەرم لە دەرگای ژوورەكە هێنابووە دەرێ و چاوەڕێی بووم، گەیشتەوە بەر دەرگای حەوشە هەر گەیشتێ و گوتی: بچۆوە ژوورێ. هەر ئەوەندەم لێ بیست. قسەكەی تەواو لە دەمی نەهاتە دەرێ، گرمەیەك هات و لە تۆز و دووكەڵدا لێم ون بوو. 

هۆشم نەما. بە لەخۆدان و هاوار هاوار خۆم گەیاندێ. رۆژی رەش بوو. گیان لە جێیەكی سەختدایە و نایەتە دەرێ. دایكت كوێر بێ رۆڵە. ئەوە بیست ساڵی بەسەردا تێپەڕی، ئەو دیمەنە هەر لەپێش چاومە و ئەو گرمە و تۆز و دووكەڵە پێش چاوم بەرنادەن. 

لەگەڵ ئەو قسانەدا فرمێسك بە چاوییەوە گیر نەدەبوو. دەیباراند و بێدەنگ لە ناخەوە دەكوڵی و پرێسكەی دڵی توێ توێ دەكردەوە. دایكیشم هەموو جارێ دەیگوت، ئامینی رەحمان مەجید سۆمای چاوی چووە. مووقرایی چاوی داهاتووە ئەوەندەی چاوەڕێی قادری كوڕی بێ. ئەویش جیرانمان بوو. قادریان ئێوارەیەك برد و هەر نەهاتەوە. لە پێش چاوی دایكی بە قۆنداغە تفەنگ سەروگوێلاكیان شەڵاڵی خوێن كرد. پار گوتیان كوڕە عەجەمێك باسی كردووە و گوتوویەتی لە زیندانی ورمێ یەكێكم بەو ناونیشانە لەگەڵ بووە. دادەئامین و برازاكانی هەستان چوون، حەفتەیەك لەوێ مانەوە، هیچ جواب نەبوو. بە هەناسەساردی هاتەوە. ئەو هەمووە دایكە هەناسەساردە چ لێ بكەین خوایە؟ 

پرێسكەكەی لەسەر ئەو رانەی هەڵگرت و خستییە سەر رانەكەی دیكەی و چاوێكی لە دەرەوەی ماشێنەكە كرد و ئاوڕی داوە. وەك بۆی گرینگ نەبێ گوێی لێ دەگرم یان نا. هەودای بەسەرهاتەكەی گرتەوە دەست. مێردەكەی لە رەشبگیرێكدا قۆڵبەست كرابوو، دەیگوت ئێستاش كە ئێستایە سۆراغیمان نەزانی و هەر چاوەڕوانیم. من ئەو منداڵانەم بە جلشۆریی ماڵان بەخێو كرد. كچەكانم باشە دامەزراون و ماڵ و حاڵی خۆیان هەیە. ئەی كوێر بم خالیدم ئاوا جوانەمەرگ بوو. دایكت نەمێنێ رۆڵە. بۆ نامرم! نازانم بۆ نامرم. هەر ئەوەم ماوە. لوقمانم ماوە، ئەویش سەد جار لە مردن گەڕاوەتەوە. دایكەكەت بمرێ. 

هەشت ساڵە نەمدیتووە. بە لكی دەسماڵەكەی سەری لووتی و گۆشەی چاوەكانی سڕییەوە و گوتی: لوقمان لە تەمەنی تۆدایە.
 چەكی هەڵگرت. كە خالیدم ئاوا تێداچوو، لوقمان شێت بوو. شەو و رۆژ دەهات و دەچوو. شیعری دەنووسی. دروشمی دەنووسی. ئێوارەیەك هاتەوە تفەنگێكی لە توورەكەیەكەوە پێچابوو. لەبەری پاڕامەوە خۆ لەو شتانە نەدا. گوتی: دە وەڵا ئەمشەو بەسەر بنكەی پاسداراندا دەدەین. یەخەی خۆمم دادڕی. گوتم رۆڵە یەكێ كاری وا بكا چۆن دەیدركێنێ؟ هەموو نینۆكت دەردێنن. كوڕە بۆخاتری خوا واز بێنە. رۆڵە رەفیقەكانت بە داوەوەت دەكەن. كێ چووەتە كڵیشەتەوە؟ بۆ وا دەكەی؟ بە خوا رۆڵە بەسەری تۆ من زۆرم گوت و ئەو كەمی بیست. هەر ئەوەندەی گوت: ئەگەر دەتەوێ نەگیرێم و نینۆكم دەرنەكێشن و گۆشتم لێ نەكەنەوە و بە دووی ماشێندا رامنەكێشن هیچ مەڵێ. ئەگەر بەزەییت پێمدا دێ و جەرگت بۆم دەسووتێ، دەنگێ مەكە با كارەكانمان بكەین. گوتم باشە رۆڵە بێدەنگ دەبم، بەڵام ئاخر ئەوەی ئێوە دەیكوژن ئەویش دایكێكی لێقەوماوی وەك منی هەیە. گوتی چاوی دەرەهات، با دایكی ئەو وەك تۆ چۆن بە من دەڵێی ئەویش بەوی گوتبایە ئەوانەی تۆ چەكت دەستداوەتێ بچیتە كوشتنیان دایك و خوشكیان هەیە، ژن و منداڵیان هەیە. گیانلەبەرن و ئازاریان پێ دەگا. خۆ من نەچوومەتە سەر ماڵیان. 

ئەدی كوڕم، دەتگوت مەلایە، خۆ دەروەستی نەدەهاتم. كە وەسەری دەكرد خۆ لێی نەدەبڕییەوە. قسەزانێك بوو دەتگوت مەلایە مەلا. ئەوەتا كوڕ دەنێرییە خوێندنێ، ئاوای لێدێ. ناینێری، گێل و نەزان دەبێ وەك خۆم. چووزانم رۆڵە، بەخوای سەدیقی سۆفی كەریمی جیرانم شەش كوڕی هەیە، ئەوە سەریان ناوەتە كار و كاسبیی خۆیان. چارەڕەشیی منیش، نە مێردم ما و نە كوڕم... خوایە شوكرانەبژێرم.

ئەو شتانەی دەگێڕاوە و هۆن هۆن فرمێسكی لەچاوی دەهاتە خوارێ. توند پرێسكەكەی بە سینگییەوە نووساند و لە پەنجەرەكەوە سەیری دەرەوەی كرد. دایكم گوتی، سمایل، سواڵت بۆ دەكەم و نانكەری و جلشۆری و كارەكەریی ماڵان دەكەم بخوێنە. شیری ئەو مەمكانەمت لێ حەڵاڵ ناكەم و گەردنت ئازا ناكەم نەخوێنی. منیش ئەو قسانەم بەگوێدا نەچوون. خوێندنی چی و شتی چی؟ تۆ سەیر كە بەسەرهاتەكانمان چەندە لێكدەچن؟ ژیانمان دەڵێی لەبەر یەك گیراوەتەوە. باشە بۆ؟ دەردەدڵی خۆت بۆ هەر كەس دەكەی، رێك ئازارەكانی تۆی لەدڵدایە. دیسان ئاوڕی لەلای من داوە و گوتی: دەستێك جلوبەرگی كوردیی جوانم لای وەستا هێمن بۆ بە دوورین داوە. رەنگەكەشی خاكییە. زۆری حەز لەو رەنگەیە. بۆخۆشیان هەر ئەو رەنگە لەبەر دەكەن. رەنگی خاكی. منیش چەندەم حەز لەو رەنگە بوو. ئێستاش ئەوەتا لەبەرمدایە و هەر حەزم لێیەتی. بەڵام ئەودەم كە لەبەرم دەكرد و دەسرەی سەرچۆپیم بادەدا و شاباشێكم دەدایە گۆرانیبێژەكە و لە بنەوەش بە سیلەی چاو سەیرێكی كچۆڵانم دەكرد، دەتگوت من پادشای سەر ئەو زەوییەم. دەستی لە باخەڵی نا و وێنەیەكی دەرهێنا و گوتی: ئا ئەوە لوقمانی كوڕمە. كە سەیرم كرد، بەندی جەرگ و دڵم پسا. ئەی خۆ ئەوە هەژیرە. كە ئەو دەیگوت لوقمان، من بیرم لە مردنی خۆم دەكردەوە، خەیاڵم بەلای هەژیردا نەدەچوو. من دوو ساڵ بوو ناسیبووم. یەكەم جار لە خولێكی راهێنان و دەورەیەكی وانەی سیاسیدا دیتم. كوڕێكی تیشكەڵەی باڵابەرزی سمێڵ خورمایی، چاوشین. كە قسەی دەكرد پێیەوە دیار بوو زۆری كتێب خوێندووەتەوە. هەڵبەت لە حاڵەتی ئاساییدا تووشی بوایەی هەستت دەكرد هیچ خوێندەواریی نییە. قەت نەمدی خۆی بە شتێكەوە رابنێ. سەروبنی قسەی ئەوە بوو: "ئاسۆ روونە، بەڵام بە فتیلە"... ئینجا پێدەكەنی. گوتم ئەتۆ بۆچی گاڵتە بەو شتانە دەكەی؟ رۆژێكیان كە ئیدی دەمێك بوو لەگەڵم تێكەڵ ببوو و منیش پێی خەنی ببووم، گوتی: من بێباوەڕ نیم. باوەڕم لەرزۆك نەبووە و وەك یەكەم رۆژ كە هاتم چۆن بووم ئێستاش وام، بەڵام جاری وایە ئەو سەگبابە ـ ناوی یەكێكی هێنا ـ دەچێتە پشت مایك و قسەی زل زل و كتێبی دەكا لە هەموو شتێك بێزار دەبم. سوێندم خواردووە لە ماڵی هەڤاڵ ... 

بیبینم وەبەر شەقانی دەدەم. گوتم كارت بەوانە نەبێ. خۆت ئامادە بكە ئەم بەهارە دەچینە دەرەوەی وڵات. گوتی نایەم. زۆرمان نەماوە و دەڕۆینەوە. سەیر بوو هەموو بەیانیان پێیوابوو ئەمڕۆ دوا رۆژی پێشمەرگایەتییەتی و ئیدی دەگەڕێتەوە زێدەكەی خۆی.

چاوم لەسەر وێنەكەی هەڵگرت و حەزم لێ نەبوو دایكی هەست بكا دەیناسم و ئەو فرمێسكە ببینێ كە نەمتوانیبوو پێشی بگرم و پێش چاومی لێڵ كردبوو. دەبوو ئێستا چ بە دایكی بڵێم. بڵێم ئەو هەمووە رێگەیەت بەو هەمووە ئاوات و تاسەو حەز و حەژمەتەوە بڕیوە، بەداخەوە بەسەر هەواری خاڵیدا دەكەوی؟ چیم پێ گوتبا؟ چۆنی پێ بڵێم؟ بیڵێم؟ ئا دەیڵێم. شەش مانگ دەبێ دیار نییە. بێسەروشوێنە. لە پێشدا وا بڵاوبووەوە كە گۆیا رایكردووە و چۆتەوە ئەودیو و خۆی رادەست كردووەتەوە.

 دوایی گوتیان ئێوارەیەك دەستی داوەتە دوو بیرە و گوتوویەتی دەچم لەو دەم چۆمە دەیخۆمەوە. بێتاقەتم حەز ناكەم كەسم لەگەڵ بێ. شوێن نەما لێی نەگەڕێن. تەنانەت خەستەخانە و بەندیخانەكانیش گەڕان، گوتیان نەكا چووبێتە نێو شار و شتێكی لێ قەومابێ و گیرابێ. بەڵام ئاخر گیرابایە بە یەكێكدا هەواڵێكی هەر دەناردە دەرەوە. نەخێر. دەی ئەو هەمووە ئەگەر و مەگەرە چۆن بۆ ئەو پیرەژنە روون بكەمەوە؟ چیی پێ بڵێم؟ پێی بڵێم لە فێرگەوە كە ناسیم، وەبەردڵم كەوت؟ بڵێم زۆرم خۆشدەویست و سێ چوار جاریش پێكەوە چووینە داوێنی شاخەكەی بەرانبەر فێرگە بۆ تەقەكردن؟ پێی بڵێم ئەوجارەش كە هاتینەوە گوندەكەتان منی لەگەڵ بووم؟ ئەی باشە ئەگەر ئەوانەم گوت، چۆن پێی بڵێم ئێستا دیار نییە و كەس بە سۆراغی نازانێ؟ 

هەر وا لە دەرەوەم دەڕوانی و نەمدەوێرا لا بكەمەوە و لەو ماوەیەدا هەستم كرد هەر وا چاوەڕێیە گوێی لێ بگرم و ئەویش باسی خەمەكانی خۆیم بۆ بكا. نەمزانی چۆن و بە كوێدا گەیشتینە ئەو شوێنەی ئەو دەبوو دابەزێ. منیش هەر دادەبەزیم. بەڵام هەرچی كردم تینی ئەژنۆم نەبوو لەگەڵی بڕۆم. دیتم، پشتی كووڕ كردووەتەوە و سەری هەڵێناوە و پرێسكەكەی توند بەدەستەوەیە و بەرەو ئەوێ دەڕوا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە