فەرهاد چۆمانی رۆمانی "نائارامی" دەكاتە كوردی

07-08-2017
سیروان عەباس
نیشانەکردن فەرهاد چۆمانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

نووسەر و وەرگێڕ فەرهاد چۆمانی رۆمانی "نائارامی"ی نووسەر و گۆرانیبێژی تورك "زولفو لیڤانەلی" وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی.

چۆمانی لەبارەی ئەو رۆمانەوە بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "رۆمانەكە یەكێكە لە دەقە ناوازە و جوانەكان كە تاوەكو ئێستا لەبارەی كۆمەڵكوژی و ئەو كارەساتەی بەسەر كوردی ئێزدیدا هاتووە، نووسرابێ".

چۆمانی هەروەها گوتی: "رۆمانەكە باس لەو نائارامییە دەكات كە توندوتیژیی ئاینی و پێكڕا هەڵنەكردنی ئیتنیك و نەتەوەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و لە هەموو جیهان بەگشتی دروستی كردووە. شوێنی رووداوەكان شاری مێردینە. گێڕەرەوەی رووداوەكان رۆژنامەنووسێكی توركە كە بە ئەسڵ خەڵكی مێردینە، دوای ئەوەی دەبیستێت هاوڕێیەكی سەردەمی منداڵی لە مێردین دەكوژرێ، لە ئەمریكاوە دەگەڕێتەوە مێردین بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ رووداوەكە بكات".

هەروەها گوتیشی: "دەگەڕێتەوە بەر دونیای سیحراوی و پڕ تەلیسمی ئاینی ئێزدی دەكەوێت و سەوداسەری ئەو چیرۆكانە دەبێت كە چۆن سێ كچی ئێزدی لە گوندەكانی دەوروبەری شنگال دەكەونە دەست داعش، چۆن دەستدرێژییان دەكرێتەسەر و چەند جار دەستاودەستیان پێدەكرێت، دواتر چۆن ئازاد دەبن و دەگەیێندرێنە كامپێكی نزیك مێردین... رووداوەكان بە تەلسیمێكی زۆر تایبەتی هونەری رۆمان و گێڕانەوە چنراون و دڵنیام خوێنەران چێژی زۆری لێ دەبینن."

لەبارەی نووسەری رۆمانەكە، فەرهاد چۆمانی گوتی: "من بەر لەوەی دەست بە وەرگێڕانی بكەم، پەیوەندیم بە لیڤانەلییەوە كرد، ئەو لە پەیامێكدا بۆی نووسیم كە چەند دڵخۆش دەبێت بە وەرگێڕانی رۆمانی نائارامی بۆ كوردی". ئەمە یەكەم رۆمانی لیڤانەلییە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی كوردی (شێوەزاری سۆرانی) و لە ساڵی 2017دا نووسیویەتی.

چۆمانی دەڵێت: "لیڤانەلی وێڕای ئەو هەموو بەرهەمەی هەیەتی، بەداخەوە تاوەكو ئێستا لای ئێمەی كورد نەناسراوە."

لیڤانەلی تەمەنی 71 ساڵە و لە شاری كۆنیا لەدایكبووە. خاوەنی 22 رۆمان و زیاتر لە 28 ئەلبوومی گۆرانییە، هاوكات دەرهێنەری فیلمی سینەماییشە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە