ئا: ئەدەب و كولتوور
چیرۆكێكی تارمایی لەژێر ناونیشانی "پڕ تارمایی"ی نووسەر هێربێت جۆرج وێڵز، نووسەری ناوداری بەریتانیا، لە ئەرشیفێكی تایبەتیدا دۆزرایەوە. چەند كەسێكی شارەزا و توێژەر لەبارەی ژیاننامەی وێڵز رایانگەیاند بەهیچ شێوەیەك زانیارییان لەبارەی ئەو چیرۆكەوە نەبووە. ئەو چیرۆكە پڕ ترس و تۆقێنەرەی وێڵز لە گۆڤارەكاندا بڵاوكرایەوە.
چیرۆكەکە لەكاتێكدا دۆزرایەوە كە ئەندرۆ گۆلی، سەرنووسەری گۆڤاری "ستراند"، زانیی كە كتێبخانەی زانكۆی ئیلینۆی ئەمریكی ئەرشیفێكی تایبەتی نووسەر وێڵز-ی هەیە، بۆیە خۆی و وێنەگرێك بەخێرایی، دوای وەرگرتنی مۆڵەتی تایبەتی، وێنەی سەرجەم لاپەڕەكانی نێو ئەرشیفەكەیان گرت، بۆئەوەی شتێكی نوێ لەبارەیەوە بدۆزنەوە و كارێكی تایبەتی بۆ بكەن.
گۆلی بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاند، لەسەرەتاوە وای بۆ دەچووم شاكاری زۆر ناوازە دەدۆزینەوە، بەتایبەتی ئەو كارانەی ئیمزای تایبەتی خۆی لەسەرە و دوای هەوڵدان و وێنەگرتنی هەزاران لاپەڕە و ماندووبوونێكی یەكجار زۆر، ئەم چیرۆكە قەشەنگەمان دەستكەوت.
گۆلی چیرۆكەکەی بە كۆكراوەی لاپەڕە پەرت و پەرش و بڵاوەكانی ئەو نووسەرە بەناوبانگە وەسفكرد و رایگەیاند چیرۆكێكی كلاسیكی و بەدەر لە هەموو شتێكی ئاسایی لە تواناكانی سروشتدا رەنگدانەوەی بۆ كراوە، باسی دوو كەسایەتی دەكات كە لە دوو قوتابخانەی هزریی جیاواز لە رووداوە ئەدەبییەكاندا كە رووبەرووی جیهان دەبنەوە، دەخوێنن. هەروەها گوتی چیرۆكەکە زۆر نزیكە لە نێوەڕۆكی چیرۆكی "ژوورە سوورەكە"، بەڵام بە ستایلێكی تایبەت كاری بۆ كراوە.
شارەزایان پێیانوایە چیرۆكەکە لە نێوەڕاستەكانی سەدەی نۆزدەهەمدا نووسراوە، كاتێك نووسەر لە تەمەنی 30 ساڵیدا بووە. واتە چیرۆكەكە لە سەروبەندی بڵاوكردنەوەی چیرۆكی "ژوورە سوورەكە" زۆر نزیكە و ناونیشانەكەشی "پڕ تارمایی" باسی شەوە ترسناكەكانی گەنجێكی رارا دەكات كە هەوڵدەدات بیسەلمێنێت، كۆشكە پڕ لە تارماییەكە نییە و تەنیا ترسێكە و مرۆڤ بۆخۆی داتاشیوە.
وێڵز بە چیرۆكی خەیاڵیی زانستی ناوبانگی دەركردووە. وەك "ئامێری زەمەن" و "جەنگی گەردوون"، بەڵام ئەو چیرۆكە پڕ تارمایی و ترسناكەی كە نووسیبووی شاكارێكی زۆر گرنگ بوو.
وێڵز بەپێی زانیارییەكان ئەم چیرۆكەی لە سەرەتای 1895 نوسیووە، لەو سەردەمەی كە خەڵكی زۆر لە تارماییەك دەترسان و لە هەموو كۆمەڵگەدا بڵاوبووەوە. كەس بەتەنیا بوێری ئەوەی نەدەكرد شەوانە لە شوێنە تاریكەكاندا بخولێتەوە.
بە بەراورد لەگەڵ چیرۆكەكانی دیكە، باریندەر "شارەزای یەكەم لە كاروبارەكانی وێڵز" لەمبارەیەوە دەڵێت: بۆچی وێڵز ئەم چیرۆكەی نەفرۆشت و ئەگەر فرۆشتبێتی بۆچی بڵاونەكراوەتەوە؟ هاوكات شیربۆرن "شارەزای دووەم لە كاروبارەكانی وێڵز" پێیوایە ئەو چیرۆكە تاكە چیرۆكی وێڵزە كە بەو شێواز و ستایلە نووسرابێ، كارێكی زۆر ناوازەیە و تایبەتمەندیی بەخۆیەوە هەیە، زۆر بەوردی و هۆشیاری و داناییەوە نووسراوە.
گولی سەرنووسەری گۆڤاری "ستراند" ئاشكرایكرد کە هۆكاری بڵاوكردنەوەی چیرۆكەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە نەریتی خوێندنەوەی چیرۆك و گێڕانەوەی لە شەوە تاریك و درێژەكانی زستان درێژەی پێ بدرێت و بمێنێتەوە. هەروەها بۆ ئەو كەسانەی تا درەنگانی شەو بەدەم یاریكردنی شەترەنجەوە كاتیان بەسەردەبەن، ئەمەش دەبێتە مایەی گەنگەشەكردنیان بۆ چیرۆكی "بنمیچی پڕ تارمایی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ