خەڵاتی 2017ـی مەڵبەندی ماملێ دەدرێتە مەزهەری خالقی

01-05-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ماملێ مەزهەری خالقی
A+ A-


خەڵاتی مەڵبەندی رۆشنبیری و هونەریی ماملێ بۆ ئەمساڵ دەبەخشرێتە مەزهەری خالقی و رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکەش لە کۆتایی مانگی ئایار لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت.


مەڵبەندی رۆشنبیری و هونەریی محەممەد ماملێ رایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد خەڵاتی 2017ی  ماملێ پێشکەش بە هونەرمەندی ناوداری کورد مەزهەری خالقی دەکرێت. 

مەڵبەندی رۆشنبیری و هونەریی ماملێ ئەوەشی روون کردەوە کە بۆ ئەمساڵ لەبەر چەند هۆکارێک نەیانتوانی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی ماملێ لەکاتی خۆیدا بەڕێوەببەن.

بڕیارە رۆژی 21ی ئایار لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ستۆکهۆڵم و بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەند و نووسەران مەڵبەندی ماملێ خەڵاتەکە  ببەخشێتە هونەرمەند مەزهەری خالقی.
 پێشتریش هەریەک لە هونەرمەندان عەزیز شارۆخی، قالە مەڕە و عەباس کەمەندی خەڵاتی ماملێیان وەرگرتووە. 

مەزهەری خالقی، ساڵی 1938 لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایییەوە دەستی بە کاری ھونەری کردووە و لەلای رۆستەم موقەدەس فێری سۆلفێچ و مەقامی فارسی بووە. ساڵی 1957 بۆ ماوەیەک لە شاری سەقز مامۆستای ناوەندی بووە. 

ساڵی 1958 شاری سنەی بەجێھێشتووە و لە زانکۆی تاران وەرگیراوە و لە ھەمان زانکۆدا بەکالۆریۆسی لە فیزیک و دواتریش ماستەری لە بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی بەدەستھێناوە. 

ساڵی 1983 هاتووەتە باشووری کوردستان و لە ناوەندی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ناوچەی سەرگەڵو- بەرگەڵو کاری کردووە. دواتر چووەتە بەریتانیا.

مەزھەر خالقی ساڵی 2002  گەڕایەوە باشووری کوردستان و ناوەندی ئادانی لە شاری سلێمانی کردەوە کە دواتر بوو بە ئینستتیوتی کەلەپووری کورد.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە