هەر گۆڕانکارییەک کە لە ژیاندا روودەدات و مرۆڤایەتی لە قۆناخێکەوە دەبات بەرەو قۆناخێکی دیکە، بێگومان پێویستی بە کات و تێگەیشتن هەیە، دواتر پەیڕەوکردن و جێبەجێکردن و بەکارهێنان.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بوارەکانی تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیاڵ میدیایان وەک دەرفەت بەکارهێناوە بۆ خۆیان و گرێیان داوەتەوە بە چەندین بواری دیکەی گرنگی ژیانەوە، وەک بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و کارگێڕی و تەنانەت بوارەکانی سەرچاوە مرۆڤایەتییەکانیش و وەک پێویستییەکی ژیانیشی مامەڵەی پێوە دەکەن.
لە سەردەمی کۆرۆناشدا، بواری ئینتەرنێت بە هەموو رەهەندەکانییەوە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی جیاواز لە هەموو بوارەکانی دیکە، ئەو وڵات و کۆمپانیا و دامەزراوانەشی کە خۆیانیان دۆزیبووەوە لە تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵ میدیا و گرێیاندابوو لەگەڵ سیستەم و بەرهەمەکانیاندا، توانییان گەشەی زیاتر بکەن و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن، بوارەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و سیمینار و کۆبوونەوە و خول و وانەکانیش چونە قۆناخێکی نوێوە و توانییان کاریگەرییەکانیان زیاتر بکەن و بە فراوانتر پەیامەکانیان بڵاوبکەنەوە.
پێشتر گەر لە سنوورێکی دیاریکراودا جموجۆڵیان کردبێت، لە سەردەمی کۆرۆنادا فراوانبوون و سنوورەکانیان بڕی و تەشەنەیانکرد، بۆیە چەندین ناوەند و بنکەی توێژینەوە و ناوەندی رۆشنبیری و کولتووری، لە سەردەمی کۆرۆنا و کەرەنتیندا زیاتر ناسران و زۆرتر بەرهەمەکانیان بڵاوبووەوە، ئەمەش لە رێگەی دروست بەکارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییەی بەردەستیان.
کەرتی بەرهەمهێنای هونەریش بە تایبەت کۆمپانیاکانی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی سینەمایی، داهاتی زیاتریان پەیداکرد بە بەراورد بە هۆڵەکانی سینەما، کە نێتفلێکس پشکی شێری بەرکەوت لە کاتی کەرەنتیندا لەسەر ئاستی جیهان.
لە بواری فرۆشی پێداویستیی رۆژانەی خەڵکیشدا، کۆمپانیاکانی وەک ئامازۆن و عەلی بابا رێژەی پێوانەییان تۆمارکرد.
بەشێک لە دامەزراوەکانی کەرتی گشتیش لە وڵاتاندا خزمەتگوزارییەکانیان لە مامەڵەی کلاسیکییەوە گواستەوە بۆ مامەڵەی ئەلیکترۆنی و تائێستاش بەردەوامن لەسەری، چونکە تێچووی بۆ کەمکردنەوە و خێراییشی پێبەخشین بۆ خۆیان و هاووڵاتییانیشیان.
لەسەر ئاستی تاکیش کۆمەڵێک (پەبڵیک فیگەر)، کەسایەتیی ناسراو، پەیدابوون کە بە نێوەڕۆکی جۆراوجۆرەوە توانییان پلاتفۆڕمەکانی دیجیتاڵ میدیا و سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنن و کۆنتڕۆڵی بکەن و بیکەن بە سەرچاوەی ناسین و دەستکەوتی دارایی بۆ خۆیان، کە بەشێکیان وازیان لە کاری ئاسایی خۆیان هێنا، بە ئێستاشەوە لە جیهانی دیجیتاڵ و سۆشیاڵ میدیادا کاردەکەن.
ئێمە لە کوێی ئەم گۆڕانکارییانەداین
ئێمە لە بواری تەکنەلۆژیدا نەمانتوانیوە هەنگاوی بەرچاو بنێین، هەندێک سێکتەری گشتی و کەرتی تایبەت نەبێت، ئەوانی دیکە لەسەر هەمان رێچکە کلاسیکی و باو و کۆنەکە بەردەوامن، لە بواری دیجیتاڵ میدیاشدا لە رووی زانیاری و بەکارهێنانەوە هەژارین و هێشتا نەمانتوانیوە ئاشنابین بە سەرجەم پلاتفۆڕمەکان و وەک پێویست بەکاریان بهێنین بە ئاراستەی سوودلێوەرگرتن، بەڵام لە بواری سۆشیاڵ میدیادا، بە خێراییەکی زۆر و بە نەزانییەکی ترسناکەوە پەلامارماندا و هەریەک لای خۆیەوە بۆ مەبەستی کەسی خۆی پەنای بۆ برد، بێ ئەوەی بیبەستینەوە بە پیشە و کار و ئامانجەکانمانەوە، واتە لە رووکەشدا پڕاوپڕبووین، بەڵام لە نێوەڕۆکدا بەتاڵ!
گەر نموونەیەک وەربگرین کە دەرفەتێکی یەکجار زۆرمان هەبوو بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە قۆناخی گەورە ببڕین، بواری رۆشنبیری و کولتووری بوو، بە ئێستاشەوە نەمانتوانیوە لە گرێی کەسی بەکارهێنانەوە خۆمان دەرباز بکەین بۆ دەرفەتی کرانەوە بەڕووی گشتیدا، تائێستاش لە سەرجەم ناوەند و دامەزراوەکانی حکومەت و حیزب و کەرتی تایبەتەوە، لە هەموو بوارەکاندا هێشتا پشتمان بە دیدار و کۆبوونەوە و کۆنفرانس و دیبەیت خول و ئەو جۆرە چالاکییانە بەستووە کە لە باشترین دۆخدا لە 100 کەس تێپەڕناکات، لە کاتێکدا پۆستێکی ئاسایی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیادا 10 ئەوەندە خەڵک دەیبینێت! ئەمەش وادەکات ئەو بۆنەیە قەتیس ببێت لە رووی بڵاوکردنەوەی زانیاری و داتا و فراوانی و بەشدارییەوە، هەر هەمان بۆنە گەر رێکبخرێت بە شێوەیەکی سیستەماتیک و پێشتر رێگەخۆشکردنی بۆ کرابێت لە رووی بەشداری و فراوانییەوە لە سۆشیال میدیادا، زۆر بە سانایی دەتوانین 10 بۆ 100 بەرامبەری رێژەی ئاماژەبۆکراو خەڵکی لە دەور کۆبکەینەوە، بەڵام ئەمە تێگەیشتن و پێگەیشتنی دەوێت لە لایەن خەڵک و بەکارهێنەرانەوە.
بوارە بێکەڵک و بێسوودەکان گەر وەک نموونەیەکی دیکە وەربگرین کە لە رێگەی لایڤی پلاتفۆڕمەکان و گرتەی تۆمارکراوی پلاتفۆڕمەکانەوە هەندێک کەس بڵاویدەکەنەوە، دەگەین بەو ئامانجەی کە بابەتە بێ نێوەرۆکەکان 100 هێندە و زیاتری بابەتە کلاسیکییەکان بینەر و بەشداربووی هەیە و کاریگەریش بەجێدەهێڵێت لەناو کۆمەڵگەدا، جا ئەرێنی بێت یان نەرێنی.
بۆیە پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کە سۆشیال میدیا و پاشان دیجیتاڵ میدیا وەگەڕبخرێت لە پێناو بابەت و پرس و رووداوە بایەخدارەکاندا و جوگرافیای زەوینی بگوازینەوە بۆ جوگرافیای ئاسمانی و لەو رێگەیەوە چالاکییەکان پەرەی پێبدرێت، کە هەم فراوانی زیاترە هەم کاریگەریی بەرچاوترە هەم مانەوەشی درێژترە و هەم تێچووشی کەمترە.
زەمینە و کەرەستە و پێداویستییەکان لەبەردەستدان، تەنها پلانمان پێویستە بۆ وەگەڕخستنیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ