ژن بە ژنی ستراتیژی

29-11-2016
گۆران محەممەد
نیشانەکردن كوردستان سیاسەت
A+ A-

نزیكەی چل ساڵێكە حیزبی كوردی لەڕێی بەیاننامەوە قسە لەگەڵ یەكتریدا دەكەن، لە ئێزگەوە هەڕەشە دەكەن و لە تیڤییەوە لە بنی هەمانەی یەكتری دەدەن. ئاخر نزیكەی هەموو دانیشتن و كۆبوونەوەكانیان بەیەكەوە، درۆ و دەلەسە و رییان.

لەو سەردەمەی لە شاخ بوون و تەنیا (تۆڕ)ی لۆكسیان هەبوو، فیشەك و ئارپیجییان بەیەكەوە ناوە، ئێستاش كە هەر یەكەیان خاوەنی جەڵەبێك زماندرێژ و جنێوبازی (تۆڕ)ی كۆمەڵایەتین، ڕۆژانە لە سووككردنی یەكتریدا داهێنان دەكەن و لە رەشكردنی لاپەڕەكانی یەكتریدا كێبڕكێیانە.

نزیكەی چل ساڵێكە حیزبی كوردی لەڕێی بەیاننامەوە، بە یەكتری دەڵێن هیوادارین ئەم قسانە كرداری بەدوادا بێت، ئاخر نزیكەی چل ساڵە حیزبی كوردی گفتی دەست لەناودەستكردنی یەكتری دەدەن و بە كردەوە شینە پاشقول لە یەكتری دەگرن، ئاخر تا ئێستا لە نێوانی ئەم زلحیزب و ئەو شینە حیزبدا، ململانێ و ملشكاندن هەر یەك واتایان هەبووە و هەر ملهوڕ و مڵۆزمیش لەپێش بوون.

ئەوەی لە نێوانی دوو حیزبی كوردیدا پێیدەڵێن رێككەوتن، پتر لە ژن بە ژن دەچێ، ئاخر چونكە هەر لە بنەڕەتدا بە نابەدڵی دەكرێ و هیچ نییەت سافییەكی لە پشتەوە نییە، چونكە ژن بە ژنەكە بۆ كۆتایی هێنانە بە شەڕ و ئاژاوەیەك، یان لە پای تۆڵەسەندنەوەیەك، بۆیە بیست ساڵیشی بەسەردا تێپەڕێ، چۆن ژن بە ژن بە سووكە زللەیەك، بە نەرمە جنێودانێك هەڵدەوەشێ و دوو ماڵ وێران دەبێ، هەر ئاواش رێككەوتنی نێوان دوو حیزبی كوردی، بۆی هەیە لەسەر تانكەرە نەوتێ هەپروون بە هەپروون ببێ. ئەوە بۆیە هیچ رۆڵ نابینێ ژن بە ژنی نێوان حیزبی كوردی هەر بۆ موتعەیە، یانیش ستراتیژی.

ئەگەر لە هەموو مێژوودا سیاسەت بۆ سپیكردنەوەی چارەی رەش بووبێ، لە كوردستاندا سیاسەت پیاوی ماقووڵیشی سیاچارە كردووە، پیاو هەر خەریكی سیاچەمانە بێ خاسترە، ئەگینا سیاسەت هەناوی خەڵكیشی كردووەتە سیازوخاڵ (1)، خۆیان لە مەعبێنی خۆیاندا هەر فیسكەی سمێڵیانە، ڕەشاویشیان بۆ خەڵكە، هەر شوێنێ حیزبی كوردیی سیاماڵی (2) سیاسەتی لێ هەڵدابێت، حەتمەن سیاگۆش (3) بازاڕی گەرم بووە نەك سیاوچەمانەواچ (4) هەی سیانكە (5) وەسەر سیاسەتكاری كورد.

(1) سیازوخاڵ: شتێ كە تەواو ڕەش هەڵگەڕا بێ
(2) سیاماڵ: ڕەشماڵ، دەوار
(3) سیاگۆش: گۆڕهەڵكەن
(4) سیاوچەمانەواچ: مەقامبێژ بە هەورامی
(5) سیانكە: قوڕ و لیتاو

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە