(١)
«شەقام» به ته‌نیا هه‌ر شوێن نییە، شەقام واتا و مانای ڕاستەقینەی ژیانە. تەنیا شوێنێکە کە دەکرێ متمانەی پێ بکەی. ئەوەی لە شەقام فێری دەبی لە هیچ شوێنێکی دیکه فێری نابی. هیچ زانکۆیەک، هیچ ده‌سه‌ڵات و حکوومەتێک، هیچ مزگەوت و کڵێسەیەک وەک شەقام ڕاستگۆ نین. شه‌قام لە زەمەنیش ناچێ، چون هەموو کات و ساتەکانی لە هەموو قۆناغێکی تەمەندا هی تۆن، شەقام ئاوێنەی باڵانوێنی ڕووحی تاکەکانە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا. ته‌نانه‌ت ئه‌و كات كه بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ردا ده‌كێشێ، لێوڕێژه له وانه، بۆ فێربوون! لە شەقامدا خۆتی بەبێ دەمامک، وەک هەزاران و سەدان هەزار کەسی دی، دێی و دەچی بەبێ جیاوازی لەگەڵ دیتران. شەقام دەریایە بۆ مەلەوانی ئازا و بەجەرگ.
(له ده‌فته‌ری بیرەوهرییهكانم)
(٢)
ڕه‌نگه سووكهئاوڕێك بۆ مانگرتنه‌كان و جووڵه مه‌ده‌نییه‌كانی ڕابردووی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بتوانێ بۆ شرۆڤه‌ی مانگرتنه حیماسییهكهی 21ی خه‌رمانان یارمه‌تیده‌ر بێ.
شه‌قام له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، زۆر جاران هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دایمه له‌سه‌ر خه‌ت بووه، ته‌نانه‌ت به‌نیسبه‌ت پارچه‌كانی تریشه‌وه.. شه‌قامه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له قاڵبی خه‌باتی مه‌ده‌نیدا به‌رده‌وام داكۆكییان له باشوور و باكوور و ڕۆژئاوا كردووه، له بۆنه جۆربه‌جۆره‌كانی ئه‌م پارچانه‌دا.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه له قاڵبی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا له ناوخۆی ڕۆژهه‌ڵات، به بۆنه‌ی تایبه‌تی، دووكان و بازاڕ داده‌خا و مانگرتنی سه‌راسه‌ری سازده‌كا. له ژێر زه‌خت و زه‌بروزه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆی كۆماری ئیسلامی‌دا، بۆ تیرۆری شه‌هید دوكتور قاسملوو، له سێداره‌دانی شه‌هید فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، شه‌هیدكردنی شوانه‌ی سه‌ید قادر، ئیعدامی 59 لاوی شاری مه‌هاباد و... بوێرانه ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێ و مان ده‌گرێ و تێچووی قورسیشی بۆ ده‌دا.
كۆی ئه‌م نموونانه گوزاره له‌وه ده‌كه‌ن، شه‌قام له ڕۆژهه‌ڵات چه‌مكێكی جیاوازه. بوونه‌وه‌رێكی زیندوو كه هه‌ندێ جار به قه‌ره‌باڵغی و هه‌ندێ جار به بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی كش و مات ده‌كا و پلان و پیلانه‌كانی پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه! شه‌قام ته‌نیا شوێنێكه كه كۆماری ئیسلامی زراوی لێی چووه!
له‌ڕاستیشدا ئه‌وه له‌سه‌ر شه‌قامه كه ناسیۆنالیزمی كوردی، خه‌ریكی ته‌قه‌ڵ و دروومانی خۆیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ «پێكه‌وه‌لكاوی ناسیۆنالیزمی» وه‌ك دوامه‌به‌ست، به ئاكام بگه‌یه‌نێ.
مه‌به‌ستم له پێكه‌وه‌لكاوی ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر سه‌یری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكه‌ی له ڕوانگه‌یه‌كی خه‌سارناسانه‌وه، ده‌بینین به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ گرفتێك به‌ناوی «كه‌لێن» بهرەوڕوو بووه كه دایمه له‌مپه‌ر بووه له‌سه‌ر ڕێی پێكه‌وه‌لكاویی ناسیۆنالیزمی.
ئه‌م كه‌لێنانه بریتین له: كەلێنە چینایەتییەكان، كەلێنە حیزبییەكان، كەلێنە ئایینی و مەزهەبییەكان، كەلێنە جێندەرییەكان، كەلێنە جیلییەكان و… كۆی ئەم كەلێنانە دواجار لەسەر ڕەفتاری سیاسی كۆمەڵگا شوێندانەر دەبن و كەلێنە سیاسییەكان بەرفراوانتر دەكەن. به‌ڵام وێده‌چێ هه‌م حزووری خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و هه‌م چۆڵكردنی شه‌قامه‌كان، خه‌ریكه كه‌لێنه جۆربه‌جۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات داپۆشێ و، له‌ڕاستیدا ئه‌و پێكهوهلكاوییه ناسیۆنالیزمییه‌ی باسم لێوه كرد، زۆر به ڕاشكاوی له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستادا هه‌ستی پێده‌كرێ، هه‌م به ڕه‌هه‌نده نێوخۆییهكهیدا، هه‌م له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیکه‌ی کوردستانیش.
سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌نده نێوخۆییه‌كه، ڕه‌نگه باس له دوایین نموونه‌كان بتوانێ به‌رچاوڕوونییه‌كی زیاترمان بداتێ:
یه‌كه‌م: هه‌ره‌وه‌زی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كاره‌ساتی بومه‌له‌رزه‌ی كرماشان و خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌م هه‌ره‌وه‌زه و لێكدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م دال و نیشانه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن كه باكووری ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری كوردی سوننه‌مه‌زه‌ب و كوردی شیعه‌مه‌زه‌ب و یارسان لێك گرێ دراون، ئیراده‌ی گه‌ل له سه‌رووی خواستی ده‌سه‌ڵاتی حاكم به شێوه‌یه‌كی دژكرده‌وه‌یی، هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ تاك و كۆمه‌ڵی كوردهواری. به واتایه‌كی دی، ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی كه‌لوپه‌لی پێویستیان بۆ ناوچه بومهلهرزهلێدراوهكان ده‌گواسته‌وه، له‌گه‌ڵ بڕینی تاك به تاكی سنووری نێوان شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ڕاستیدا ته‌قه‌ڵ و دروومانی لێكترازانی مێژوویی شار و ناوچه‌كان بوو. ئه‌مه واته به ده‌روونی كردنه‌وه‌ی چه‌مكی نه‌ته‌وه‌خوازی له نێوخۆدا.
دووه‌م: نه‌هاتنه‌ده‌ری خه‌ڵك له ماڵه‌كانیان له ڕۆژی 21ی خه‌رمانان جۆرێ له هاوپه‌یوه‌ندیی نێوان سێكوچكهکەی خه‌باتی سازكرد، هاشتاگی #من_له‌ماڵ_نایه‌مه‌ده‌ر له سۆشیال میدیا هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی ته‌نی و له ماوه‌ی سێ چوار ڕۆژدا زه‌ینی ناوخۆی به‌ته‌واوی ئاماده كرد بۆ دژكرده‌وه‌یه‌كی به‌ربڵاو! چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی ناوخۆ، بانگه‌وازی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له ژێر چه‌تری ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران و سه‌رئه‌نجام خواستی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و چالاكانی سیاسی له ده‌ره‌وه، به یه‌ك گوتار به‌ره‌نگاری مووشه‌كه‌كانی كۆماری ئیسلامی بوونه‌وه. ئه‌وان به هاشتاگ چوونه شه‌ڕی مووشه‌ك! لێره‌شدا واته له دنیای مه‌جازیدا، پێكه‌وه‌لكاویی ناسیۆنالیزمی به‌ڕوونی خۆی ده‌رده‌خا.
دژكردهوهكه ئه‌وه‌نده خێرا و به‌ربڵاو بوو كه كۆماری ئیسلامیی تووشی شۆك كرد. ئه‌گینا به‌پێی ئه‌و ناسیاوییه‌ی له كۆماری ئیسلامی هه‌یه، ئه‌م هێرشه تیرۆریستییه درێژه‌ی ده‌بوو به ئاقاری مه‌ترسیدارتردا. هه‌رچه‌ند حاشا له‌وه ناكرێ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر قه‌ڵای دێموكرات، كاره‌ساتێكی زیانبار بوو بۆ بزووتنه‌وه‌ی كوردی ڕۆژهه‌ڵات و كۆستێكی گه‌وره بوو، به‌ڵام بێ هیچ شك و گومانێك مانگرتنی سه‌رانسه‌ری له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و نه‌هاتنه‌ده‌ری خه‌ڵك له ماڵه‌كانیان، ساڕێژی برینی شه‌هیدبوونی پۆلێك كادر و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكرات و ئێعدامی سێ گه‌نجی جیابیری سه‌ر جه‌سته‌ی نیشتمانی كرده‌وه. بۆیه ڕۆژی 21ی خەرمانان ده‌بێ بكرێ بە ڕۆژی خۆڕاگری و بەرخۆدانی نەتەوەیی!
له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیکه‌شدا، لاموایه زۆر له‌وه ئاشكراتره كه بمانه‌وێ باسی هه‌ست و دژكرده‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات به نیسبه‌ت به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكه‌ین. له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا هاتنی ده‌یان هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی شاره جۆربه‌جۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن كه ناسیۆنالیزمی كوردی له ڕۆژهه‌ڵات به‌ته‌واوی په‌لوپۆی هاویشتۆته پارچه‌كانی دی و ڕهگئاژۆی كردووه و خه‌ریكی ته‌قه‌ڵ و دروومانی سنووره‌كانه له‌باری زه‌ینی و سۆزدارییه‌وه. ڕۆژێك بۆ په‌سەندی فیدرالیزم له عێراق یان پشتگیری له شنگال یان به بۆنه‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له باشوور دێته سەر شه‌قام، ڕۆژێك به بیانووی كۆبانی بۆ ڕۆژاوا، ڕۆژێك به بیانووی ده‌سبه‌سه‌ركردنی سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكوور و… بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ش تێچووی بۆ داوه به گیان و ماڵ و ژیان.
(٣)
ئه‌م ڕۆژانه لێكدالێكدا ئه‌م پرسیاره له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان قوت ده‌بێته‌وه: بۆچی هێرش كرایە سه‌ر قه‌ڵای حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌م ساته‌وه‌خته‌دا؟
دیاره زۆر هۆكار ده‌سنیشان كراوه بۆ هێرشی كۆماری ئیسلامی وه‌ك:
- كۆماری ئیسلامی ئێران له‌م كاته‌دا وه‌ك ستراتیژی شاراوه و ئاشكرای خۆی، ده‌یه‌وێ به خوڵقاندنی قه‌یران، خۆی له قه‌یران ڕزگار بكا.
- په‌یامێك بۆ ئه‌مریكا، په‌یامێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم و په‌یامێك بۆ هاوپه‌یمانان كه ده‌كرێ وه‌ك هه‌ڕه‌شه دێكۆدهی كه‌ین!
- له دوای شكانی ئۆتۆریته‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران به سووتاندنی كۆنسوڵخانەکەی لە به‌سره، له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕا بۆ قه‌ره‌بووی سومعه‌ی تێكشكاوی.
- داڕمانی دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له ناوخۆی ئێران.
- گوشاره دهرەكییهكان، به‌تایبه‌تی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا
- به‌ئامانجكردنی لایه‌نێكی تایبه‌ت بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت.
و... زۆر هۆكاری تر. به‌ڵام هۆكاره‌كان هه‌رچییه‌ك بن، بێ چه‌ند ئاكامێكی گرینگی لێكهوهتهوه:
- دووپاتبوونه‌وه و جه‌خت له‌سه‌ر نه‌بوونی شه‌رعییه‌تی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (ده‌توانین زیاتر وه‌ك جۆری په‌یوه‌ندی وڵاتێكی داگیركراو و وڵاتێكی داگیركه‌ر لێی بڕوانین!)
- یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی خه‌ڵكی ناوخۆ.
- به ته‌عبیری هه‌ندێ كه‌س ئه‌مه به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی "نا" بوو به كۆماری ئیسلامی كه چل ساڵ له‌وه‌پێشیش خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی خه‌ڵكی ئێران به كۆماری ئیسلامی‌یان گوت: نا!
- ڕه‌واییدان به خه‌باتی چه‌كداری (ده‌سه‌ڵاتێك كه شه‌ڕت پێده‌فرۆشێ، ده‌سه‌ڵاتێك كه قهڵاچۆت ده‌كا... ده‌بێ و ده‌كرێ به چه‌ك به‌ره‌نگاری ببییه‌وه.)
- وه‌ك چۆن ئه‌م مانگرتنه له ساڵانی ڕابردوودا و به‌تایبه‌تی ئه‌مساڵ وه‌ك نه‌ریتێكی شۆڕشگێڕی لێهات، ده‌بێ چه‌كی "من له‌ماڵ نایه‌مه‌ده‌ر" به‌ده‌ستی خه‌ڵكه‌وه بێ و به‌رده‌وام له‌سه‌رپێ بێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكه‌ر و ئازادیکوژ!
- سۆشیال‌میدیا به‌ستێن و بواری ده‌نگهه‌ڵبڕینی ئۆنلاینی بۆ خه‌ڵك ڕه‌خساند تا به هاشتاگێك ڕووبه‌ڕووی مووشه‌كه ڕووسییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ببنه‌وه.
ئه‌گه‌رچی جه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد جارێكی تر بریندار بوو، به‌ڵام بێگومان ئه‌وه خه‌ڵكی كوردستان بوون كه زامه‌كانیان ساڕ‌ێژ كرده‌وه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ