دوو ئیدارەیی یان دابڕینی ئیقلیمی سلێمانی

27-02-2019
هۆگر ئیبراهیم حەكیم
نیشانەکردن سلێمانی کوردستان ئێران
A+ A-

هەرێمی کوردستان لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و پاشانیش رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر، کۆمەڵێک گۆڕانکاری ریشەیی تێیدا روویداوە، بەشێک لەو گۆڕانکاریانە پەیوەستن بە چۆنیەتی رێکخستنی سیاسی ناوخۆی هەرێم، لەپاڵ ئەوەشدا پێگەی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئەوەی لێرەدا کاریگەریەکەی بەسەر سیاسەتی گشتی و کۆی پرسەکانی حوکمڕانی هەرێمەوە دیارە، ئەو گۆڕانە ریشەییەیە کە لە ستراکچەری رێکخستنی سیاسی ناوخۆیی هەرێم روویداوە، بەشێوەیەک نە حکومەتی هەرێم هەمان ئەو فۆرمەی هەیە کە پێش ریفراندۆم هەیبوو، نە پەیوەندییە سیاسیەکانی نێوان پارتەکان هەمان سروشتی پێش شازدەی ئۆکتۆبەری هەیە. ئەم گۆڕانە ریشەییە زۆر بە روونی لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا رەنگدانەوەی هەبووە، ئاستی متمانە و چۆنیەتی رێککەوتنی نێوانیانی بەرەو ئەستەم بردووە، بەهۆی لەدەستدانی ئەو متمانەیەی لە پاش رێککەوتنی ستراتیژی دروست ببوو. 

بەدرێژایی مێژووی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان کە پارتی و یەکێتی دوو کۆڵەکەی سەرەکی ئەو حوکمڕانیەن، هەمیشە بابەتی دوو ئیدارەیی پرسێکی زیندووی نێوان ئەو دوو پارتە بووە، لە هەندێک باردا وەک فشار لەسەریەک بەکاریان هێناوە، لە هەندێک کاتیشدا وەک بەهانەیەک بەکاریان هێناوە بۆ رێککەوتنی جێنتڵمانانەی نێوانیان. 

واقعی دوو زۆنیی هەرێمی کوردستانیش فاکتەری سەرەکیە لەوەی بابەتی دوو ئیدارەیی لە بچووکترین قەیرانی سیاسی و ئابووریدا ببێتە یەکێک لە رێگەچارەکانی خۆدوورخستنەوە لە شەڕی ناوخۆیی. ئێستاش دوای شازدەی ئۆکتۆبەر ئەو واقیعە زۆرترین کاریگەری دروست کردووە لەسەر پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، بەشێوەیەک کە هەموو پرسە سیاسییەکانی نێوانیان بەستووەتەوە بەبابەتی دوو ئیدارەییەوە. لە نوێترین وێستگەشدا هەڕەشەی بەرپرسانی یەکێتی بۆ دەستبردن بۆ دووئیدارەیی دەبینین وەک کاردانەوەی نەبەستنەوەی بابەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بە بابەتەکانی کەرکووک و بەغداوە لە پێکهێنانی حکومەتدا. بەڵام لێرەدا پێویستە پرسیارێکی جەوهەری بکەین، ئایا واقیعی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی گونجاوە بۆ ئەو دوو ئیدارەییە؟ 

ئەوەی ناتوانرێ بشاردرێتەوە نزیکیی هێزە باڵادەستەکانی زۆنی سلێمانیە لە ئێران، بەشێوەیەک کە لە ئاراستە سیاسیەکانیاندا ناتوانن خۆیان لە هەژموونی ئێرانییەکان بدزنەوە، ئەم دۆستایەتیە لەچەند ئاستێکدا رەنگدانەوەی هەبووە، بەتایبەت لە پێگەی یەکێتی لەسەر ئاستی عێراق. لە پاداشتی جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێرانی بۆ عێراق، یەکێتی و هەندێ پارتی دیکەی زۆنی سەوز لە چەندین وێستگەی پرۆسەی سیاسیدا خەڵاتی سیاسی کراون و لە هەڵبژاردنەکاندا یارمەتی دراون، هەروەها لە ململانێ سیاسیەکانیشدا پشتگیرییان کراوە. ئەمە دۆخێکی دروست کردووە کە ئەم ناوچەیە بەتەواوی بکەوێتە ژێر هەژموونی ئێران و رەنگڕێژی ئێرانییەکان بۆ سیاسەتی پارتە سیاسییە حوکمڕانەکانی ئەم زۆنە بەڕووی دیار بێت. 

ئەوەی بەربەستە لەبەردەم ئەوەی سلێمانی و زۆنی سەوز بە تەواوی نەبنە باخچەی پشتەوەی ئێران، بوونیەتی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان کە پێگەیەکی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی هەستیاری پەیدا کردووە، بەتایبەتی لەدوای شەڕی دژی داعشەوە. پێگە جیۆپۆلیتیکیەکەی هەرێمی کوردستان رێگە نادا بەشێوەیەکی ڕەها بکەوێتە ژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ئێران، یان هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە. 

کەواتە هەر سیاسەتێک لەسەر بنەمای دوو ئیدارەیی داڕێژرابێت، بە دابڕانی ئیقلیمی سلێمانی کۆتایی دێت، بەشێوەیەک ئەو زۆنە بە تەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتێکی ئیقلیمی کە چەندین گەمارۆی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی لەسەرە، هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سیاسەتە فراوانخوازی و پاوانخوازییەکەی ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی دەزانن، بۆیە بوون بە بەشێک لە ناوچەی هەژموونی ئەو دەوڵەتە، واتە بوون بە بەشێک لە ناوچەیەکی ئیقلیمیی دابڕاو لە بەها و پرەنسیپە باوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەم سۆنگەیەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی فەرمی لەگەڵ هەولێر دەکەن وەک ناوەندێکی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوەی لێرەدا جێگەی ئومێدە، بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی پاڵپشتی لە ئاراستەی دوو ئیدارەیی ناکەن. 

لەلایەکی دیکەوە هێزی باڵای حوکمڕان لە بەغداش پاڵپشتی لە ئاراستەی دوو ئیدارەیی ناکات، لە کاتێکدا یەکێتی بەغدا بە قووڵایی ستراتیژی خۆی دەزانێت و سیاسەتەکانی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە داڕشتووە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەرپرسیارێتی ئەخلاقی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوەدایە کە ئەو واقیعی هاوکێشە هەرێمیە نەکاتە بنەمایەک بۆ پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی سیاسیانەی یەکێتی و پێگە جوگرافیەکەی لەبەرچاو بگرێت، دەبێ پارتی مامەڵەیەکی حەکیمانەتر بکات بە ئاراستەی یەکخستنی جیۆپۆلیتیکیانەی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە هاوکێشە هەرێمایەتیەکاندا زیاتر پارێزراو بێت.

لێرەدا دەبێت بزانین ئایا دروستە کە پاکێجی هەولێر و کەرکووک بەیەکەوە ببەسترێتەوە؟ بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر سەیری بکەین، رەنگە بڵێین ئاساییە ئەو دوو پاکێجە تێکەڵ بکرێن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپە دیموکراسیەکان لەلایەک و هاوکێشە هەرێمیەکانی پرسی کەرکووک لەلایەکی تر، تێدەگەین کە ئەم تێکەڵکردنە دروست نییە. 

کەرکووک لەسەرەتای دروستبوونی عێراقەوە تا ئێستا، ئەوەندەی بابەتێکی ئیقلیمی بووە ئەوەندە پرسێکی ناوخۆیی عێراق نەبووە، تورکیا و ئێران لەلایەک، دونیای سوننی و شیعی لەلایەک، هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان لەلایەکی دیکەوە بەشێکن لە پاکێجی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەرکووک، بۆیە گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە کەرکووک کاتێکی زیاتری دەوێت و رێککەوتنێکی گەورەتری دەوێت. 

بەڵام ئەم کاتەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە پێویستە لە قازانجی پرۆسەی دیموکراسی نێوخۆیی هەرێم نییە، بۆیە بەستنەوەی هەردوو پرس بەیەکتر، هاوتایە لەگەڵ پەکخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان کە بە لەدەستدانی رەوایەتی دامەزراوە گشتیەکان کۆتایی دێت. کەواتە بەستنەوەی پاکێجی هەولێر و کەرکووک بەیەکەوە جگە لەوەی زیان بە پرۆسەی دیموکراسی دەگەیێنێت، لە هەمان کاتدا بە دابڕینی سلێمانی لەڕووی ئیقلیمییەوە کۆتایی دێت.

*ماستەر لە زانستە سیاسییەكان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە