مەلا ئاشتی

26-12-2016
گۆران محەممەد
نیشانەکردن ئاشتی هەورامی عەلی حەمە ساڵح
A+ A-

وەك چۆن ئێستا حەفتە تێناپەڕێ ئەگەر چەند هەواڵێك لە بارەی نەوتی كوردستانەوە نەبیستین، جارانیش لەسەردەمی منداڵیی ئێمەدا هەفتە نەدەڕۆیشت ئەگەر چەند هەواڵێكمان لە بارەی كاربۆف و كاسپارۆفەوە نەبیستایە، جا بۆ ئەوانەی نایانناسن، كاربۆف و كاسپارۆف دوو یاریزانی زۆر بلیمەتی شەترەنج بوون، فەقە زۆریش دژی یەكدی بوون.

بەزمی نێوان رێزدار ئاشتی هەورامی و هێژا عەلی حەمە ساڵح رێك لە بەزمی نێوان كاربۆف و كاسپارۆف دەچێ. ئاخر هەردووكیان ئەهلی یەك كارن و كەسابەتیان لەسەر یەك بابەتە، فەقە بەردەوامیش دژی یەكن. خەڵك چەند لە گەمەی نێوان كاربۆف و كاسپارۆف حاڵی دەبوون، هەر ئەوەندەش لە شەڕە ژمارەی نێوان بەڕێزان ئاشتی و عەلی. خاڵی هاوبەشی هەردووكیان، مەعلانی و كارزانیی هەردووكیانە لە هونەری هەر لە خۆوە ژمارە لێدان. ئاخر ئەوان لەبەر رۆشنایی پرەنسیپی كێ بە كێیە، هەر رۆژە و كۆمەڵێ ملیار و ملیۆن ریز دەكەن، تۆ لەوە گەڕێ كەس لێیان حاڵی نابێ باسی چی دەكەن، سوێندت ناكەوێ ئەگەر بڵێی بە چل و چوار هەزار پێغەمبەر خۆشیان نازانن مەسەلە چییە.

بە قسەی كاك ئاشتی بێ، كوردستان تا زۆرتر نەوت بفرۆشێت، زیاتر بەرەو سۆماڵیا دەچێ. تا نەوتیش گرانتر بێ، ماڵیشمان وێرانتر دەبێ. هەندێ مەلاش لەم جۆرە پێوەنانەیان هەیە، یەكیان باسی پردی سیرات دەكا، دەڵێ لە تاڵی موو باریكترە و لە دەمی گوێزان تیژترە، جا قوربان ئەم سەین و بەینەی بۆ چییە، بڵێ چاویشتان دەربێت ناپەڕنەوە و تەواو. قوربانی تۆزی رێگەت بم كاك ئاشتی گیان، كە ئێمە ئەگەر رۆژی ملیۆنێ بەرمیل بە سەت دۆلار بفرۆشین و بەشمان هەر لاتی و قات و قڕی بێت، ئیتر چی لە مەوزووع دەگۆڕێ ئەگەر كۆنفرانسی نەوت و غاز لە لەندەن بوو، یان لە هەورامان، هەی ئەز حەیران؟

پێوەنانی كاك عەلیش عەیب نەبێ تامێكی دیكەی هەیە و لە هەوایەكی دیكەوەیە، ئەو لەوانەیە تاكە كەس بێ لە دونیادا كە توانای ئەوەی هەبێ تەنیا لە یەك پەرەگرافی سێ دێڕیدا، سێ ملیار رەقەمی جیاواز ریز بكات و چاویش نەتروكێنێ و لە ئاخیریشدا بڵێ ئەمەیە مەسەلەكە، بێبەڵا بی ئەو دەتوانێ خێراتر لەوەی تۆ سەری بۆ دەلەقێنی باسی ملیار و ملیۆن بكات.

بەڵام ئەشهەدوو پێوەنانی خاس ها وەلای كاك ئاشتییەوە، ئاخر نزیكەی دە ساڵی ویست تا لەوە تێبگەین هەر كاتێ وتی ساڵی داهاتوو كارەبا دەبێتە بیست و چوار سەعات، مانای وایە دەبێ بیست و چوار سەعات خەونی پێوە ببینین. ئەو دەمەی دەشڵێ دوو ساڵی دی خۆمان دەژیێنین، مانای وایە لە برسا دەمرین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە