یادی 26 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید بەرز راگیرا، یادكردنەوەی ئەمساڵ بۆ هەڵەبجەییەكان جیاواز بوو. لە ئەمڕۆوە، واتە لە نێو مەرگەوە ژیان و ئاوەدانی لەدایك بوو، هەڵەبجە بوو بە پارێزگا كە رەنگە ئەوە كەمترین شت بووبێت بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان كرابێ.
بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە و لە لێدوانی سیاسییەكان و سایتە ئەلیكترۆنییەكانەوە مرۆڤ هەست بە ململانێیەكی توندی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەكات لەسەر ئەوەی بیرۆكەی كێ بووەو كێ بڕیاری داوە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا.
حكومەتی عێراق تا ئێستا قەرەبووی خەڵكی هەڵەبجەی نەكردووەتەوە، هۆكارەكەشی یەكنەبوونی گوتاری كوردییە لە كوردستان و لە بەغدا.
كێشەی كورد هەمیشە لەسەر ئەوە نییە چی بكەین كە بۆمان باش بێت، كێشەی ئێمە هەمیشە لەسەر ئەوەیە بیرۆكەی كێ بوو و كێ كردی، ئەوەش نیشانەی نەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی و پەرتوبڵاویی هێزە سیاسییەكانە لە بیركردنەوە و كاركردن بۆ دواڕۆژی كوردستان.
دوای 23 ساڵ نەك هەرخۆیان بەڵكو خەڵكیشیان دابەشكرد بەسەر حیزب و شاردا. هەڵەبجە بوو بەپارێزگا دەبێ بەرنامەی داهاتووی حكومەتی داهاتوو ئەوە بێت چۆن بایەخ بە هەڵەبجە بدات و بیكاتە شوێنێك هاوشێوەی هیرۆشیما بۆ ئەوەی ساڵانە خەڵكی جیهان بێن سەردانی بكەن و لە ئازاری نەتەوەیەك تێبگەن كە بە بۆنی سێو مردن. هەروەك چۆن جوولەكەكان لە زۆربەی شارەكانی ئەڵمانیا مۆنۆمێنتیان بۆ قوربانیانی هۆلۆكۆست داناوە بۆ ئەوەی جیهان هەمیشە كارەساتی مەرگی جوولەكەكانی لەبیر بێت.
دوای بڕینی مووچەی هاووڵاتیان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، بەپێی راپرسییەكی سایتی (رووداو) 98%ی خەڵكی كوردستان خەون بە سەربەخۆیی كوردستان و دەوڵەتی كوردییەوە دەبینن و هەندێك كەس دیزاینی پارەو پاسەپۆرتی كوردییان ئامادە كردووە، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە كێ ئەم بڕیارە دەدات و كێ رایدەگەیەنێ.
من دڵنیام لە داهاتوودا شەڕەكە گەرمتر دەبێت، لەبەرئەوەی سیاسییەكان هەمیشە بیر لە زیادكردنی خاڵی پۆزەتیف بۆ خۆیان دەكەنەوە و بیر لە بەرژەوەندی گشتی ناكەنەوە، كێ بڕیاری سەربەخۆیی كوردستان دەدات و كێ دەبێتە یەكەم سەرۆكی كوردستان، من پێموایە ئەمە تەنها خەیاڵە كە ئێمە لەم كەشوهەوا سیاسییەی ئەمڕۆدا بیر لە دروستكردن و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بكەینەوە، لەبەرئەوەی كورد خۆی دژی دەوەستێتەوە بەر لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە. بەتایبەتی لەم كاتەدا بەهۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و رازینەبوونی هەندێك لایەن بەو بەشەی كە خەڵك پێیداون نەك خودا و مەسەلەی نەوت و كۆمەڵێك كێشەی دیكە كە هەموویان بۆ خەڵكی كوردستان و نەتەوەی كورد چارەنووسسازن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ