قۆناغی تازە لەبەردەم تاقیكردنەوەی مایكرۆ حكومەتدا

18-07-2019
هۆگر ئیبراهیم حەكیم
نیشانەکردن حکومەت
A+ A-


زۆر جار مایكرۆستەیت یان مایكرۆحكومەت بۆ مەبەستی حوكمڕانیی لۆكاڵی لەسەر ئەرزی واقیع بەكاردەهێنرێ، بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە بیزانین، ئەوەیە ئایا مایكرۆحكومەت چییە و چۆن زەمینەسازی بۆ دەكرێت؟


 مایكرۆ حكومەت بەو جۆرە حكومەتانە دەگوترێ كە لەسەر دووپایە دامەزراون، پایەیەكیان پەیوەستە بە بوونی بەرزترین ئاستی لامەركەزی، بەشێوەیەك كە مانایەكی تەواو بدات بە چەمكی حوكمڕانیی لۆكاڵی لەڕووی كارگێڕی و سیاسییەوە. پایەكەی تری پەیوەندیدارە بە تەركیزی حكومەت لەسەر پرسە زۆر وردەكانی پەیوەست بە ژیان و گوزەران و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كۆمەڵگە. 

بەڵام ئایا قۆناغی نوێ بە سەرپەرشتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە هەردوو ژوورەكەیەوە (سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران) دەتوانن بەئاراستەی بەمایكرۆكردنی حكومەتدا بڕۆن؟

ئەزموونی حوكمی لۆكاڵی لەسەر ئاستی عێراق رابردوویەكی پڕكێشە و ژێرخانێكی زۆر وێرانی هەیە، هەر ئەمەشە وایكردووە تاكی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە تێگەیشتنێكی قووڵی نەبێت بۆ حوكمڕانیی لۆكاڵی، بۆیە دەبینین لەسەر ئاستی هەموو جۆرە رێكخستنێكی سیاسی و كارگێڕی نەتوانراوە بەشێوەیەكی تەندروست بەرجەستەی ئەم جۆرە لە حوكمڕانی بكرێت. 

لە هەرێمی كوردستان، لە رابردوودا، بەچەند شێوەیەك دەستیان بردووە بۆ بابەتی لامەركەزی كارگێڕی و حوكمی لۆكاڵی، بەڵام هەرجارە و بەشێوەیەك پاشەكشە كراوە لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی لامەركەزی كە هەمیشە حوكمی مەركەزی بەهێزتر كردووە. 

سەرەڕای هەموو ئەو تێبینییانەی لەسەر یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەبوو كە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرا ناتوانرێ بكرێتە بناغەیەكی باش بۆ بنیاتنانی پایەكانی حوكمی لۆكاڵی، لەگەڵ ئەوەشدا خولی نوێی پەرلەمان لەپێناوی رێككەوتنی حزبی و راگرتنی هاوكێشەكان ئەم یاسایەی بەشێوەیەك هەموار كردەوە، ئەو تروسكاییەشی نەمێنێ كە دەكرا بكرێتە دەستپێكێك بۆ حوكمی لۆكاڵی كە چارەسەرێكی گونجاوە بۆ نەگونجانی ناوچە لۆكاڵییەكان لەگەڵ یەك. 

دەتوانین بڵێین كابینەی نوێ كابینەیەكی مەركەزیتر دەبێت لەوەی پێشووی، بەهۆی ئەو زەمینەیەی یاسا نوێیەكە بۆی دروست كردووە. دەستەی جێبەجێكار لە كارگێڕیە لۆكاڵییەكان زیاتر بە حكومەت و وەزارەتەكانەوە دەبەسترێنەوە و ئاراستەكردنێكی مەركەزی بۆ ناوچە لۆكاڵییەكان دەبێت. حوكمی لۆكاڵی لەم قۆناغەدا لەبەردەم دوو ئاستەنگدا ئایندەیەكی ناڕوونی دەبێت، ئاستەنگی یەكەم پەیوەستە بە خواستی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ نوێكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كە ئەم ئەنجوومەنە نوێیە بەپێی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، جگە لەوەی راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە وەزارەتی شارەوانی، لە هەمان كاتدا نیوەی زیاتری ئەندامەكانی لەڕێگەی دامەزراندنەوە دەبن لەبری هەڵبژاردن، ئەمەش لادانێكی ئاشكرایە لە پرەنسیپە دیموكراسییەكانی لامەركەزیی كارگێڕی. 

ئاستەنگی دووەمیش پەیوەستە بە لاوازكردن و بێگیانكردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەرامبەر دەستەی جێبەجێكاری كارگێڕییە خۆجێییەكان كە بەپێی هەمواری تازەی یاساكە پارێزگار دەكرێ لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجوومەن بێت، ئەمەش هەمواركردنی یاسایە بەپێی خواست و رێككەوتنی حزبی و جێگۆڕكێی باڵەكانی ناو حزب. ناكرێ یاسا و پرەنسیپە سەرەكییەكانی حوكمڕانی بخرێنە خزمەت راگرتنی هاوسەنگیی نێوخۆیی حیزبەكان، بەتایبەت ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بوو بە دیموكراسی لە بواری پراكتیكیدا.

كەواتە گریمانەی زۆرە كە كابینەی تازە كابینەیەكی مەركەزی دەبێت بەرامبەر كۆمەڵێك یەكەی لۆكاڵیی لاواز كە وەك پەراوێزێكی حكومەت دەردەكەون لەبری ئەوەی خاوەنی كەسایەتی خۆیان بن. لێرەوە بە پرسیارێك دەچینە سەر پایەی دووەمی مایكرۆحكومەت: ئایا كابینەی نوێ دەتوانێ بپەرژێتە سەر بابەتە زۆر وردەكانی حوكمڕانی و گوزەرانی هاووڵاتیان؟ بێگومان هەموو ئەو حكومەتانەی لەدوای قوناغی قەیران دادەمەزرێن، حكومەتێكن زیاتر بەدوای چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانەوەن. لەبری ئەوەی ژێرخانێكی دروست بۆ مایكرۆحكومەت بنیات بنێن، خەریكی چارەسەركردن و راستكردنەوەی باری لاری ئەو دۆخەن كە قەیران دروستی كردووە، بۆیە ناتوانرێ هیوایەكی زۆری لەسەر دروست بكرێ. 

لەگەڵ ئەوەشدا كابینەی تازە لەم چوارچێوەیەدا دوو فاكتەری بەهێزی لەپشتە كە بتوانێ بیكاتە بنەما بۆ پەرژانە سەر پرسە زۆر وردەكانی بابەتی حوكمڕانی. فاكتەری یەكەم پەیوەستە بە زیندووبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك دامەزراوەیەكی ستراتیژی بە بەرگێكی تازەوە، بوونی ئەم دامەزراوەیە دەتوانێ هاوكار بێت بۆ كابینەی تازە كە لە دابەشكردنی رۆڵ لەنێوانیان پرسە نیشتمانی و ستراتیژییەكان بەڕێوەببات بۆ ئەوەی كابینە وزارییەكە بەتەواوی خەریكی پرسی بەڕێوەبردنی دیموكراتیانەی كۆمەڵگە بێت و پرۆفیشناڵانە دەست بۆ ئەو پرسانە ببات كە هاووڵاتیان لەو پەنجەرەیەوە سەیری بابەتی حكومەت دەكەن. 

كەواتە ئەگەر پرسە ستراتیژییەكانی وەكو پرسی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە ببێتە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوا ئەركی دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئاسانتر دەبێت بۆ پرسە كارگێڕی و داراییەكان و بەرەوپێشبردنی ئیرادەی چاكسازی، ئەمە جگە لەوەی لەڕێگەی ئەم دابەشكردنی رۆڵەوە ئەگەری پێكدادان لەنێو دەسەڵاتی جێبەجێكردن كەمتر دەبێتەوە. فاكتەری دووەمی پاڵپشت بۆ سەرخستنی بیرۆكەی مایكرۆحكومەت لە كابینەی تازەدا، چارەسەركردنی هەندێك لە قەیرانەكان بوو لە كۆتاییەكانی تەمەنی كابینەی پێشوو، وەكو چارەسەركردنی كێشەی مووچە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، ئەمە دەرفەتێك بۆ كابینەی تازە دەڕەخسێنێ كە ئەولەویەتی كارەكانی تەرخان بكات بۆ ئەو چاكسازییەی خەڵك و حكومەت داوای دەكەن. بێگومان چاكسازی ئەگەر لە خوارەوە نەبێت، لە سەرەوە تەنیا رووكەشێكە و برینەكە قووڵتر دەكاتەوە. 

دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە قۆناغی تازەدا بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لەگەڵ حكومەت ئاشت بكاتەوە، پێویستە پەیڕەوی پرەنسیپی مایكرۆحكومەت بكات بە هەردوو دیوەكەیدا. ئەم قۆناغە مەحكومە بەوەی زەمینەیەكی لەبارتر بۆ حوكمی خۆجێیی دروست بكات. تاكە دەرفەت بۆ ئەمەش داڕشتنەوەی مۆدێرنانەی دەستوورە كە لەبەرنامەی حیزبی براوەشدا هەبووە، لەپاڵ ئەمەشدا دابەزینی حكومەتە بۆ پرسە زۆر وردەكانی پەیوەست بە ژیان و گوزەران و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە. لە دەرەوەی ئەو هاوكێشەیە، لاوازیی كابینەكە بەئاراستەی زیانگەیاندن بە پرۆسەی حوكمڕانی گەورەترین ئەگەر دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شێخ فاتیح

بۆ ئەوەی شەش بە چوار نەبین دەبێ سەرژمێری بکەین

عێراق دەڵێت: کوردستان تۆ 12.67 لەسەدی بۆیە 24 تریلیۆن دەنێرم، بەڵام گوێز بە ژماردن مایەکەی دیارە، ئەگەر سەرژمێری بکرابایە، کوردستان 15٪ دەبوو و شایەنی 30 تریلیۆن دینار دەبوو، کەواتە هەر لەجێوە و لە رێوە 6 تریلیۆن دینار چاوی تۆ خۆش.