شەونامەنووس

12-12-2016
گۆران محەممەد
نیشانەکردن سروە عەبدولواحید گۆڕان پارتی
A+ A-

قسەكانی خاتوو سروە عەبدولواحید، خوشكی سەرمایەداری گەورەی گەلەكەمان هێژا شاسوار عەبدولواحید، ئەو هەرایەی نەدەویست. ئاخر بە گوێرەی عورفی سیاسیی كوردستان، نوێنەری گەل، بۆی هەیە بە ئارەزووی خۆی كڵاو بنێتە سەر سەری گەل، ئەی ئەوە نییە ئەو حكوومەتی كوردستانەی خاتوو سروە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات سزای بدات و بە گوێرەی توانا گوێی ڕابكێشێت، زلبازرگانەكەی برای هەر لۆ فشە چل ملیۆن دۆلارێكی قەرز لێ وەرگرتووە؟ جا قەرزەكەش تا ئێستا بە گوێرەی یاسای بانكی نێودەوڵەتییە و پێی دەگوترێت قەرزی بێنە و نیمە بیدەمەوە.

شاسواری شابازرگان، شاقەرز لە حكوومەتی كوردستان وەردەگرێت، شاخوشكەكەشی داوا لە عەبادی دەكا شاسزای كوردستان بدات و ئەگەر بوار هەبوو، لە دونیا و قیامەتدا شاپشاپێنیشی پێبكات، قوربان ئەمە لە فەرهەنگی سیاسەتی شەونامەدا پێیدەگوترێت شادووڕوو.

كە خاتوو سروەی بەڕێز، بێڕێزیی بە كەسوكاری شەهیدان كرد، پارتییەكان لە هەولێر خۆپیشاندانیان لە دژ كرد، فراكسیۆنی پارتی شاكەیسی لە دادگە تۆمار كرد، بەوەدا هەر پارتییەكان و هەولێر ئەمەیان بە خەمی خۆیان زانیوە، پێدەچێ ئەگەرێك بێت لە دووان، یان ئەوەتا خاتوو سروە تەنیا باسی شەهیدەكانی پارتی كردووە و لە ڤیدیۆكەدا مۆنتاژ كراوە و نەماندیوە، یانیش ئەوەتا یەكێتی تا ئێستا شەهیدی نەداوە بۆیە كاردانەوەكانیان لە یەك دوو لێدوانی تاكەكەسیی تێنەپەڕی، ئاخر خاتوو سروە باش دەزانێت تا ئێوارە سووكایەتی بە شەهیدان و كەسوكاریان بكات، یەك دانە گۆڕانخواز لەكەدار نابێ.

پارتی كە بە شاڕكابەری گۆڕان دەژمێردرێت، ئەگەر شتێ لە سیاسەت بزانن، هەقە سوپاسنامەیەك ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان بەگشتی و خاتوو سروە بە تایبەتی بكەن، ئاخر ئەوان بە خۆڕایی دەنگەكانی خۆیان بۆ پارتی هەڵدەوەرێنن، لە جیاتی ئەوەی پارتی بە پارە هەوڵیان بۆ بدات.

نزیكەی هەموو گۆبەندەكانی ئەم دوو ساڵەی دوایی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەوە بەرپا كراوە كە پێشتر رۆژنامەنووس بوون. دوای خوێندنەوەی فەرهەنگی شەونامە دەستیان دایە كەسابەتی پەرلەمانتێری، پێدەچێ ڕۆژنامەنووسییان نەدەكرد بۆ گەیاندنی ڕاستییەكان بەخەڵك، شەونامەنووسییان دەكرد بۆ بوون بە پەرلەمانتار.

خۆ ئەگەر هاتوو ڕۆژێك لە ڕۆژان بووینەوە خاوەنی پەرلەمانێكی كارا، هەقی خۆیەتی یەكەمین یاسا دایبڕێژێت، قەدەغەكردنی بەپەرلەمانتاربوونی ڕۆژنامەنووسان بێت، ئاخر ئەو كاتە هەم ژمارە و جۆری گۆبەندەكان كەم دەبنەوە، هەم زمانی هەندێ زماندرێژ كورت دەبێتەوە، ئەوانەی بە هیوای گەیشتن بە كورسیی پەرلەمانتێری، ئێستاكێ لەم و لەو تیڤییەوە، وەك واشە پەلاماری ئەم و ئەو دەدەن و زەخیرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەخەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە