جنێونامەی ستراتیژی

10-11-2016
گۆران محەممەد
A+ A-

حیزبی كوردی، رێككەوتن ناكەن تا پلان و بەرنامەی هاوبەش دابڕێژن، رێككەوتنیش ناكەن تا پلاتفۆرمێكی فراوانتری كاركردن بەرهەم بهێنن. نزیكەی هەموو رێككەوتنەكانی نێوانی حیزبە كوردییەكان، بۆ شەڕنەكردن بووە، ئاخر حیزبی كوردی، ئەگەر یەك لیست نەبن شیر و تیر لە یەك دەسوون. ئەگەر یەك بەرە نەبن، تۆپ و خەندەقیان لە نێواندا دەبێ، جا ئیتر تۆپ و خەندەقی راستەقینەی وەك ئەوەی لە نێوانی یەكێتی و پارتیدا هەبوون، یانیش تۆپ و خەندەقی زارەكی وەك ئەوەی لە نێوانی گۆڕان و یەكێتیدا هەیە.

گۆڕان لە بەرامبەر پارتی كە سەرۆكی هەرێمی هەیە توندهەڵوێستە، كەچی لەگەڵ یەكێتی كە جێگری سەرۆكی هەرێمی هەیە هاوهەڵوێستە! گۆڕان سەرۆكایەتی هەرێم بە ترۆزی تێگەیشتووە، ئەگەر سەرە تاڵەكەیت لێكردەوە، ئەوەی دیكەی شیرینە. لای گۆڕان سەرەكە قووت ناچێ، دەنا ئەوەی دی ڕەحمەتە.

رێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی تا وشكبوونەوەی مەرەكەبی رێككەوتنەكەش بڕی نەكرد، نە پارێزگارێكی پێ گۆڕدرا، نە پەرلەمانیشی پێ ڕزگار كرا، خۆ هەر نەشیانتوانی حوكمەتدارییەكەش بە یەك ئاڕاستە بكەن، نیوەیان لە حكومەتدان و نیوەشیان لە دەرەوە.

رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان گۆڕان و یەكێتی، تەنانەت نەیتوانی رێگا لە فیرقەی ئاڵتوونیی لەشكری راگەیاندنی گردەكەش بگرێ تا مەلا بەختیار تۆپباران نەكەن، ئاخر ئەوەی فیرقەی ئاڵتوونیی سوپای عێراق بە داعشی دەكات، فیرقە ئاڵتوونییەكەی گردەكەش هەر ئەوەندەی بە مەلا بەختیار كرد. ئاخر ئەوان داهێنانیان لە تاكتیكی سەربازیدا كرد، ئەمانیش لە داڕشتنی جنێونامەدا. هەڵوێستی گردەكە لە رێككەوتننامەی ستراتیژییەوە سەرچاوەی گرتووە یان لە جنێونامەی ستراتیژی؟ ئاخر مەلا بەختیار بە سووكە ڕەخنەیەك، بە نەرمە گلەییەكی نوكتەئامێزەوە درایە بەر رێژنەی جنێوی ڕەسەن و پاراوی كوردی، ئەی ئەگەر بەیاننامەیەكی دەربكردایە چی بەسەر دەهات؟

تۆزێك كۆمیدییە خۆت بە گۆڕانخوازێكی دژی پاوانخوازیی بزانیت، كەچی وەڵامی رەخنەی سیاسەتكارێك بە هەڕەشە و جنێو بدەیتەوە، پێناچێ ڕێگەگرتن لە ڕەخنەگرتن لە كن گۆڕان بچێتە خانەی پاوانخوازییەوە. ئاخر تۆ كاتێك رێگە نەدەی بەرامبەرەكەت، كە هاوزەمان ڕێككەوتنی ستراتیژیت لەگەڵدا هەیە سووكە ڕەخنەیەك بگرێت، ئەی سبەی ئەگەر دەسەڵاتت هەبوو چی دەكەی؟ ئەگەر دەمت بۆ كارگێڕی میم سینی یەكێك لە گەورەترین و پڕچەكترین حیزبی كوردی ئاوا ئاگرین بێت، ئاخۆ سبەی ئەگەر تۆ لە دەسەڵات بوویت و حەڤدەی شوباتێكت لەبەرامبەر كرا چی بە ڕەش و ڕووت دەكەی؟

لە هەولێر تا ڕەخنە لە گۆڕان بگریت، پیاوی چاكیت و ئەگەریش نەرمە هاوسۆزییەك بنوێنی تابووری پێنجەمیت. لە سلێمانیش تا ئەو شوێنەی پارتی بە جاشی توركیا بزانی چاك و مەردی، ئەگەر نا قەل كوڕی قەلی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە